باوکی ژینا ئەمینی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دۆسیەیەکى لەسەر کراوەتەوە
2 هەفتە لەمەوپێش
باوکی ژینا ئەمینی ڕایگەیاند لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و بە تاوانەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و " بڵاوکردنەوەی درۆ" تۆمەتبار کراوە.
ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ،24ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، لەلایەن دادگاوە بانگ کراوە و دوای تۆمەتبارکردنی بە تاوانەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "بڵاوکردنەوەی درۆ" لە دوو دادگای تاوانەکان ودادگای ئێران دوو دۆسیەی جیاوازیان لە دژی تۆمار کردووە.
ئەمینی نووسیوێتی کە تۆمارکردنی دۆسیەکان لەدژی ناوبراو دوای ئەوە بووە کە لە ئینستاگرامەکەیەوە پۆستێکی دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بڵاو کردووەتەوە.
دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، دوو ژنە کوردی چالاکوان، مانگگرتن و ناڕەزایەتییەکی بەرفەراوانی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەش دروستکردووە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کوردیش بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتنی دژی سزای لەسێدارەدان لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون.
پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە لە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواجاریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.
ئەمجەد ئەمینی لە بەشێکی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای گیانلەدەستدانی ژینای کچەکەیان، ژیانی خۆی و خێزانەکەی بووە بە مردنێکی بەکاوەخۆ و دەشڵێت تاکو ئیستا دۆسیەی کچەکەی لەگەڵ پێشکەشکردنی دەیان داواکاری، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵ خەڵکی سەقز بوو لە مانگی نۆی ساڵی 2022 لە تاران بە بیانووی ڕچاونەکردنی "حیجابی نەشیاو" دەستبەسەر کرا و لەکاتی دەستبەسەربوونیدا گیانی لەدەستدا.
گیانلەدەستدانی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەفراوانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرانسەری ئێران لێکەوتەوە کە بوو بە هۆی لەسێدارەدانی دەیان کەس و دەستبەسەرکردنی هەزران کەس.