حکومەتی دەستی دوو!
دڵشاد ئەنوەر
15 كاتژمێر لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
کاتێک پرسیاری قەیرانی دارایی و بێ موچەیی ئاراستەی بەرپرسانی هەرێم دەکرێت، وەڵامەکەیان ئەوەیە "حەقی مامۆستا و فەرمانبەر لای بەغدایە".
ئەم وەڵامە بۆ دوورخستنەوەی بەرپرسیارێتی و خۆ دزینەوە لە وەڵامی گونجاو دەدرێتەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەمە سوکایەتییەکی گەورەیە بە خودی خۆیان و حکومەتەکەیان، بەو پێیەی ئەم وەڵامە ئاماژەیە یاخود داننانە بەوەی من ڕۆڵم کۆتایی هاتووە و گرنگیم نەماوە.
تۆ موچەت پێ نەدرێ، داواکاری خەڵکت پێ جێبەجێ نەکرێ، جادە و ڕێگەوبان و ئاوی ماڵانت پێ دابین نەکرێ، ئیتر بەکام یاسا پێناسەی حکومەتداری دەتگرێتەوە!؟
کاتێک نەخۆشییەک ڕوو دەکاتە وڵات، دەوڵەمەند و خێرخواز نەخۆشخانە و دەرمانت بۆ دابین بکەن. سەرباری ملیۆنەها دۆنم زەوی، پاڵپشتی بەروبوومی ناوخۆیت پێ نەکرێ و بەروبومی کشتوکاڵی لەدەرەوە هاوردە بکرێ. سەرباری دەیان زانکۆ و پەیمانگا دەیان توێژینەوەی گرنگت نەبێ، وەزارەتی داراییەکەت قاسەیەکی خاڵی بێ و چاوی لەدەستی عێراق بێ، پیشەسازییەکەت توانای یەک رۆژ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی نەبێ، هێزی چەکدارت بەهۆی دوو بەرەکی و بارگاوی بوونی بە ئەجێندای حزب، لەیەک رۆژدا نیوەی خاکەکەت لەدەست بدات. یاساو دادگاکەت نەتوانێت چوار دزی گەورە پەت بکات، هەرکات حەوسەڵەت نەما دەرگای پەرلەمانەکەت دابخەی، ئیتر بە کام یاساو ڕێسا تۆ حکومەتی؟!
زۆرجار وەڵامی ناڕەزایەتی خەڵک دەدرێتەوە بەوەی خۆیان پێیانخۆش بووە نەوت ڕادەستی عێراق بکرێ و ئێستا عێراق موچە نادات.
یەکەم؛ هەرێم بە خواستی خۆی لە ئابوری بەناو سەربەخۆ دانەماڵراوە، تا ئەو وەڵامە بێ بەهایە بکرێتە پاساو، بەڵکو بەشەقی یاسای نێو دەوڵەتی ئەو مەسەلەی لەگەڵ یەکلایی کراوەتەوە.
دووەم؛ خەڵک کاتی خۆی پێیخۆشبوو ئابوری لە بن دەستی هەرێم دەربهێنرێ، هۆکارەکەی نیو موچە و روبعە موچە و پاشەکەوت و دۆزینەوەی جۆرەها تایتڵی ئابوری بێ مانا بوو، خۆ گەر موچە بە رێک و پێکی و لەکاتی خۆیدا بدرایە خواستی خەڵک بە جۆرێکی تر دەبوو.
گەر وڵات توشی قەیران بێت، ئاساییە ژیانی هەمووان وەک یەک خراپ بێت، بەڵام کاتێک بەرپرس و نەوە و حاشیە فیرعەونانە بژین و خەڵکیش بژێوی نەبێ، ئەمە قەیران نیە، بەڵکو چەوساندنەوەیە.
کارەسات ئەوەیە، بێ مۆراڵی ئەوەیە، خەڵک بۆ داوای موچە بێتە سەرجادە و مان بگرێ، بێیت تۆمەتباری بکەیت و جۆرەها ناوناتۆرە بخەیتە شوێنی.
کاتێک دەتوانرێ خەڵک تۆمەتبار بکرێ، هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێ، ژیانێکی شایستەی بۆ فەراهەم بکرێ، بەڵام گرفت دروستکەر بێت. نەک تۆ برسی بکەی، دەنگیشی هەڵبڕی بە قسەی پڕوپوچ و بێ ماناو دوور لەهەموو ئەتەکێتێکی سیاسی و حوکمداری وەڵامی بدەیتەوە.
کاتێک پرسیاری خێمەی مانگرتووان لە بەرپرسانی هەرێم دەکرێت، هەندێک مامۆستا تۆمەتبار دەکەن بە باوەشکردن و دەست لە ملکردنی بەرپرسانی حەشد، ڕەنگە ئەم کارەی مامۆستایان هەڵە بووبێ، چونکە ئەوانیش هیچیان لەمانەی هەرێم جیاواز نین، بەڵام ئەی خۆ بەرپرسانی هەرێم خۆشیان باوەشی نەرم و گەرمدەکەن بە ملی هەمان ئەو بەرپرسانەی حەشددا!
ئەی مەگەر لەبەغدا هەر لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی حەشددا پێکهێنەری حکومەت نین؟
ئەی مەگەر لە هەندێک کاسبی و تیجارەتیشدا شەریک نین؟