شاخەوان عەبدولا بۆ وەزیری دارایی: مووچەی هەرێم خەرج بکەن

5 كاتژمێر لەمەوپێش
شاخەوان عەبدوڵلا داوا لە وەزیری دارایی عێراق دەکات لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن، چونکە سەرجەم داواکاریەکان جێبەجێکراوە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە: وەزارەتەکەتان هێشتا بەربەستی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی زانیاریی پێویستیان پێ نەدراوە دەربارەی هەژماری بانکیی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێم کە مووچەکانیان تەوتین کراوە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە "بەپێی یاسا زانیاریی تایبەت بە هەژماری بانکیی فەرمانبەران تایبەتە بە بانکەکان ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەژمارەکە و بەکارنەهێنانی لە بابەتی وەک سپیکردنەوەی پارە، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی عێراقیش زانیاریی خاوەن هەژمار تەنیا بەیاسا یان بڕیاری دادگا لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی هاوبەشی پێ دەکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی متمانەی بانکییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بەو یاسایە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، (هەژماری من)ـی بۆ فەرمانبەران ڕاگەیاندووە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا داوای لە وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری و دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی ڕاسپێرێت لە زووتری کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن و هیچ بیانوو و بەربەستێک لە بەردەم خەرجکردنیندا دروست نەهێڵنەوە.
