نادادی و تێکشکان: چۆن سیستەمە سیاسیە داپڵۆسێنەرەکان مرۆڤی تێکشکاو بەرهەم دەهێنن؟

ئازاد شکور
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئازاد شکور
لەم وتارەدا هەوڵدەدەین سەرنجی خۆمان بخەینه سەر دیاردەیەک کە ڕۆژانە لە دەوروبەرماندا ڕوودەدات و دەیبیستین، ئەویش بینینی مرۆڤگەلێکە، کە لەنێو فەرمانگە یان دامەزراوە و شێوێنە گشتییەکاندا، دوور له بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، زۆر ئاکارییانە بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە ئەرکی خۆیان ئەنجام دەدەن. بەڵام بەهۆی ئەو ژینگە پڕ لە گەندەڵییەی دروستبووە، ڕووبەڕووی لەمپەر و سانسۆرێکی گەورە دەبنەوە و نەک هەر کردەکانیان بە ناجۆر و نادیدە لێیدەڕوانرێت؛ بەڵکو هەوڵدەدەن بیانکەنە بەشێک لەو ژینگە گەندەڵییەی لە ئارادایە.
یەکێک لەو ڕێگانەی دەخرێتە بەردەمی مرۆڤە ئاکارگەراکان، پێشنیاری سامان و کۆمەڵێک ئیمتیازاتە، بەبیانووی خۆشکردنی ژیانیان و ئەوە دەچرپێنن بە گوێیاندا گوایە گەر سیستەمێک نغرۆی گەندەڵی بووبێت، ئەوا هەرگیز تاکەکەس ناتوانێت تەحەدای چاکسازی و چارەسەرکردنی بکات؛ بە بیانووی ئەوەی کە سیستەمی سیاسی و دەسەڵات خۆی بزوێنەری ئەو کەشە ناجۆرەیە، بۆیە بەرهەڵستی هیچ بایەخێکی نییە و دەبێت لەگەڵ واقیعەکە مامەڵە بکەین و لەگەڵیدا خۆمان بگونجێنین. ئیدی لەپاش ئەم ئاخاوتنە موگناتیسییە، زۆرجار بەشێک لە مرۆڤە بەهەڵوێستەکانیش دەبنە بەشێک لەو پڕۆسە گەندەڵییەی کۆی دامەزراوەکانی گرتووەتەوە. ئیدی ئەوانیش ماڵئاوایی لە پرەنسیپ و بەها جوانەکان دەکەن و خۆیان تەسلیمی واقیعەکە دەکەن.
قسەکردن لەسەر ئەم دیاردە باوە، قسەکردنە لەسەر بەشێک یان لایەنێک لە لایەنەکانی پرسی گەندەڵی کە ئەویش تێکشکاندنی تاکەکانە لە هەمبەر پارە و دەسەڵاتدا. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەم پرسە پرسێکی ئێجگار زیندووە و قسەکردن لەبارەیەوە دەچێتە چوارچێوەی هەڵوێست وەرگرتنەوە، گەرچی هەڵوێستێکی زۆر بچووکیش بێت، هاوکات لە ڕوانگەی هیومانیستی و مرۆدۆستیەوە، پێشوازیکردنە لە بانگەوازە ویژدانیەکەی نێو ناخمان، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ بۆ ئەوەی لەبەرانبەر ڕێسا گەردونییەکاندا سەربڵند بێت؛ بێشک دەبێت بەرپرسیارێتی و کۆمەڵێک ئەرکی ئاکارییانە جێبەجێ بکات و لەژێر هیچ هەلومەرجێکدا دەستبەرداریان نەبێت. چونکە لە ڕۆژگاری هەنوکەدا کاتێک بەرژەوەندی مادی و بەها مادییەکان دەبنە پێوەری باڵا لە کۆمەڵگادا و پارە دەبێتە پێوەر و شوناس و ناسنامە بە مرۆڤەکان دەدات، چیتر لە نێو کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیەدا، هیچ گرنگی و بەهایەک بۆ هونەر و ڕۆشنبیری و جوانی و لێبوردەیی و خۆشەویستی نامێنێتەوە، چونکە مرۆڤبوون دەبەسترێتەوە بە ڕادەی هەبوونی ماتریاڵەوە و خاوەندارێتی پێوەری مرۆڤبوون دیاری دەکات. بۆیە کاتێک کەسێک بیەوێ بە پاکی و بێگەردی ژیانی خۆی بەرێتەسەر، زۆرجار پەیوەستبوونی بە پرەنسیپ و بنەما ئاکاریەکانەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دووچاری ئازار و دەردەسەری بکەن، ئیدی لەناو ماڵبات و خێزانەکەی یان لە نێو شوێنکارەکەی و ژینگەی گشتییدا بێت. لە ڕووی ژیانکردنیشەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانی بەرەو کولەمەرگی زیاتر دەڕوات، چونکە دەبینێت هەموو ئەوانەی دەوربەری کە پێگە و کەسایەتی و بڕوانامەشیان لەو نزمترە، بەهۆی ئەوەی خۆیان تەسلیمی پڕۆسە باوەکەی گەندەڵی کردووە، خۆشتر و ئاسوودەتر دەژین.
ئەوەی لێرەدا جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەوەیە: کە ئایا هۆکاری پشت ئەم تێکشکان و فانی بوون و نا ئومێدییە چیە و لە چیەوە سەرچاوە دەگرێ؟ بێشک لەوەڵامدا دەتوانین پەنجە بۆ سیستەمی سیاسی درێژبکەین، چونکە هەر وڵاتێک سیستماتیک و دامەزراو نەبێت و ڕێز لە دامەزراوەکانی نەگرێت، ئەوا بۆ ئەوەی گەشە بە مانەوەی خۆی بدات و دەسەڵات و کورسی و خێزان و دەوروبەرەکەی بپارێزێت، هەوڵدەدات بەها و ڕەگەزە باڵاکانی نێو جڤاگەکەی لەناو ببات، لەنێویاندا کۆمەڵێک کەرەستەی سێبەر و ساختە، وەک ئۆرجیناڵ و ڕەسەن وێنا دەکات و لە ڕێگەی مەکینەیەکی گەورەی میدیاییەوە، دەیانکاتە چەق و ناوەڕۆک و مانایان پێدەبەخشێت، لە دەرئەنجامیشدا سەرلەبەری سیستەمی کۆمەڵایەتییش بەرەو پەرتبوون و هەڵوەشاندنەوە دەبات. بۆ نموونە ڕۆتینات و بەرتیل وەرگرتن زۆر زەق دەکرێتەوە، بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ دەکرێت، هیچ کەس لەبەرانبەر بەرتیل خۆری و خراپ بەکارهێنانی پێگەکەی لێپرسینەوەی لەبارەوە ناکرێت، بەڵکو زۆرجار لەبری لێپرسینەوە، بەرپرسیارێتی گەورەتر وەردەگرن و لە جێگەی زۆر هەستیار دادەنرێن. بۆیە کاتێک ئەم وێنەیە دەبێتە حەقیقەتێکی چەسپاو، جۆرێک لەپاشا گەردانی و خۆویستی جێگە بە بنەما ئاکارییەکان لەق دەکات و مرۆڤێکی ئاکارگەرا گەر بشخوازێت یاساییانە کردەکانی ئەنجامبدات، ناتوانێت بەردەوام بێت. ڕەنگە لێرەدا بە ئاماژەکردن بە دۆخی مامۆستایان، وێنەکەمان باشتر بۆ ڕوون ببێتەوە؛ مامۆستایان کە ئایکۆن و داینەمۆی کۆمەڵگان و ئەرکیان بونیادنان و ئاواکردن و دۆزینەوەی بەهرەو و ئاشناکردنی خوێندکارانە بە پرسی سەروەری و ئاڵا و بەرگریکردن لە نیشتیمان، دەسەڵات بەهۆی گەندەڵی و بڕینی قوت و خواردنی مافەکانیانەوە، کەرتی پەروەردە پەکدەخات و ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان لێوەردەگرێتەوە کە بریتییە لە بەرهەمهێنانی تاکێکی هۆشیار و خاوەن کەرامەت.
ئەم شێوازی ئیشکردنە کە بە هەموو مانایەک سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتداران لێی بەرپرسیارن و خاڵی دەستپێکردنی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە دەستپێدەکات، هێواش هێواش دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆمەڵاتیش و دواجار دەسگرتن بەسەر گەورەترین هێزی ناوەکی تاکدا کە شکۆدارییەکەیەتی.
