ئاشتی هەمیشە باشترە لە شەڕ

د. ئیدریس عەبدول کاکە

23 كاتژمێر لەمەوپێش



د. ئیدریس عەبدول کاکە

لە سیاسەتدا کارەکتەرەکان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیەکانەوە دیمەنەکان ئەبینن.

رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان ( مەزڵوم عەبدی) و ( ئەحمەد شەرع) بەگشتی جێگای دڵخۆشیە چونکە هەموومان ئەزانین گەلی سوریا بە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانەوە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە نەهامەتین چ لەسەردەمی بنەماڵەی ئەسەد و چ لە دوایی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیەوە و تاکو ئەمڕۆش هاوڵاتیانی سوریا لە ژیانێکی نائارام و دۆخێکی دارایی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، ئەوە سەرەڕای دەربەدەربوونی ملیۆنان هاوڵاتی ئەو وڵاتە و بڵاوبونەوەیان بە هەموو جیهاندا.

ئەگەر لە لایەنی ئابوریەوە تەماشا بکەین سوریا لە ڕووی ژێرخان و سەرخانی ئابووریەوە بەتەواوەتی داڕووخاوە و نەختینەی سوری نزمترین ئاستەکانی تۆمار کردووە.

 

گەلی کورد لە ڕۆژئاوا سەرەڕای ئەو راستیانەی کە باسمان کرد وەکو هاوڵاتی سوری رووبەڕووی هەمان دۆخ بوونەتەوە، جگە لەوەش تاکو ئەمرۆ وەکو مرۆڤی نمرە دوو تەماشاکراون لە سوریا و خاوەن ناسنامەش نەبوون، کەواتە جگە لە مافە سیاسییەکان لە مافە مەدەنیەکانیش بێبەشبوون بە هۆی کورد بوونەوە.

لەپاش رووداوەکانی ٢٠١٢ کورد لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا توانی  بوونی خۆی بسەلمێنێت و ناوچەکانی تا رادەیەکی زۆر ئازاد بکات و لە کاتی هێرشەکانی داعشدا بە قوربانیەکی زۆر خاک و خەڵکی خۆیان پاراست و کۆبانی بوو بە سومبولی ئازایەتی کورد و رەوایەتی دۆزەکەی.

ئەمڕۆش دۆخی سوریا پاش نەمانی رژێمی ئەسەد جیاوازترە لەقۆناغەکانی پێشتر، چونکە ئەو هێزەی ئەمرۆ حوکمرانی سوریا ئەکات جیاوازی قوڵی لەگەڵ (هەسەدە) دا هەیە کە نوێنەرایەتی کورد دەکات لەسەر گۆرەپانی ململانێکان، چ بەهۆی جیاوازی ئایدۆلۆجی و چ بەهۆی نەخشەی پەیوەندییە سیاسی و سەربازیەکانی هەردولاوە، بەڵام ئەوەی خاڵی پۆزەتیفە لەم نێوەندەدا، بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بە تایبەتی ئەمریکی و فەرەنسییەکان بە قورساییەکی گەورە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا باشتر لە هەمووان ئەزانن بوونیان لەسەر کورسی دەسەڵاتی سوریا هەر بەسودفە نەبووە، جگە لەوەش بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری وڵات بە تەواوی سەرباز و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتووەوە چاوی لە هێمنی و ئارامی سنورەکانێتی، ئەگەرنا ئەوەی بەسەر حەماس و حزب اللەیدا هێنا لە غەزەو لوبنان، خراپتر بەسەر ئەحمەد شەرع و هێزەکەیدا ئەهێنێت.

پاشان ڕووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی دەشتی سوریا و عەلەوییەکان وانەیەکی تری بە ئەحمەد شەرعدا، هەرچەندە بەزەبری هێز هەڵچوونەکان سەرکوت کراون، بەڵام کردەوە دڕندانەکانیان کە هەموو جیهان بینی بەسە بۆ دەست تێوەردانیان ئەگەر بیانەوێت.

لەلایەکی ترەوە دروزەکان لە پارێزگای سوەیدا ئامادەسازی تەواویان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە چوارچێوەی فیدراڵی یان لامەرکەزی کارگێریدا، جا لە رێگای مانگرتن و خۆپیشاندانەوە بێت تا دەگات بە شۆرشی چەکداری.

ئەم هۆکارانە پاڵیان بەئەحمەد شەرعەوە نا، کە پەنا بۆرێککەوتن لەگەڵ ( مەزڵوم عەبدی) بەرێت بە هاندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەم بابەتەش زەمینەی ئاشتی تورکیاش رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەیە لەسەر هاوکێشەکە.

 

بەگشتی ئەتوانین بڵێین رێککەوتنە نوسراوەکە کە پێکهاتووە لە (٨) خاڵ کارێکی باش و گرنگە بەتایبەتی خاڵی ( ١ ،٢ )، ئەوەی لە خاڵی (٢) دا هاتووە سەربارەت بە دانپێدانانی فەرمی کە کورد پێکهاتەیەکی رەسەنی سوریایە و ئەبێت مافە دەستورییەکانی پارێزراو بێت، بەڵام ئەم بابەتە لاستیکییە و قسە زۆر هەڵئەگرێت بۆیە ئەبێت دەسەڵاتی ئێستای سوریا نیازپاکی خۆی لە ئێستاوە پیشان بدات و لیژنەی نوسینەوەی دەستور هەمووار بکات و بەلای کەمەوە نوێنەرێکی رۆژئاوای بۆ زیاد بکرێت، پاشان لە وردەکاریەکاندا دەرئەکەوێت تاچەند ئامادەن مافەکانی کورد وەکو کیانێکی سیاسی و ئیداری و سەربازی بچەسپێنن. هەروەها خاڵی (٣)ی رێککەوتنەکە زۆرگرنگە بۆ کورد کە ناوچەکانی پارێزراوبن لە هێرشی گروپەچەکدارەکانی نزیک لە تورکیا. هەروەها خاڵی (٧) پابەندبوونە بە دوورکەوتنەوە لە جیاکاری و ناکۆکی تائیفی و ئاینی و نەتەوەیی؛ کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی سوریایە و هۆکاری ماڵوێرانیەکانی ئەو وڵاتەیە تاکو ئەمڕۆش. هیوادارین ئەم رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و چیتر ئەو دیمەنانە نەبینین لە سوریا کە ساڵانێکە ناخی هەموو مرۆڤێکی بەویژدان ئەهەژێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار