دەستوورێک بە دژ، نەک بۆ کورد نووسراوە

شێرکۆ کرمانج
6 ڕۆژ لەمەوپێش
شێرکۆ کرمانج
چەند سەعاتێک پێش ئێستا لیژنەیەک کە سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع، ڕای سپاردبوون، دەستوورێکی کاتیی بۆ وڵاتەکە بنووسنەوە، ڕەشنووسێکیان خستە پێش شەرع و ئەویش پەسەندی کرد. ئەم دە (١٠) سەرنجە خێرایە زادەی خوێندنەوەیەکی خێرای بەشی یەکەمی دەستوورەکەیە کە لە چوار بەش و ٤٣ بەند پێکهاتووە:
یەکەم، ڕاستە ئەم دەستوورە کاتییە و بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەرە (فەترەی ئینتیقالییە) بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو دەقانەی لەم دەستوورە هاتوون دەبن بە بنەما بۆ دەستوورە هەمیشەییەکە.
دووەم، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە عێراق لە ١٩٥٨ و تا ٢٠٠٥، واتە بۆ ماوەی ٥٣ ساڵ، بە دەستووری کاتیی بەڕێوەچووە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە ئەم دەستوورەش هەروا بە کاتیی بمێنێتەوە. لەبەرئەوە ناکرێت و نابێت وەک دەستوورێکی کاتیی تەماشا بکرێت.
سێیەم، ناساندنی دەوڵەتی سووریا لە ماددەی یەکەم وەک "کۆماری عەرەبیی سووری"، نیشانە و ئاماژەیەکە کە عەقڵییەت و تێگەیشتن و دیدگای دەستەبژێری نوێی سووریا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەتایبەت لە پەیوەند بە پرسی نەک هەر لە خۆنەگرتنی کورد، بەڵکوو داننەنان بە کورد.
چوارەم، جەخت کردنەوە لە یەکپارچەیی جوگرافیای سیاسی سووریا، هەر لە ماددەی یەکەم، پەیامێکە بۆ کورد، کە دەڵێت گوێ بگرن ئەم سووریایە یەک پارچەیە و بەشێک لە نیشتیمان و وڵاتی ئێوە لە خۆناگرێت و بیر لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەکەن، چونکە وەک دواتر جەختی لەسەر کراوەتەوە، کەس ناتوانێت "لە هیچ بەشێکی خۆش بێت".
پێنجەم، لە ماددەی دووەم، بنەماکانی دەوڵەتێکی داعشیی دادەمەزرێنێت بەوەی کە دەڵێت "دینی سەرۆککۆمار ئیسلامە". ئەمەش هەموو ئەو بانگەشانە لە گۆڕ دەنێت کە دواتر هەر لەم دەستوورە بۆی دەکرێت لەسەر هاووڵاتییبوون (المواطنة). چەمکێک کە نەک هەر جۆلانی و دەستوورنووسەکانی بۆ دژایەتیکردنی کورد و گرووپە دینیی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا ماوەیەکە پێداگری لەسەر دەکەن، بەڵكوو دەستەبژێریی سێکولاری سووریش بەردەوام دەیڵێن و دەێڵێنەوە، وەک ئەوەی کە ئەوە بەس کوردە باوەڕی بە "مواتەنە" نییە. لێستنەوەی مافی بەسەرۆکبوون لە درووز و کرستییانەکان، بۆ نموونە، ناهەقییەکی زەقە و بنەماکانی هاووڵاتیبوون نەک هەر بنکۆڵ دەکات بەڵکوو دەیکاتە گاڵتەجاڕیی.
شەشەم، هەر لە ماددەی دووەمدا، دەستوورەکە فقهی ئیسلامیی کردووە بە، نەک هەر بنەمایەکی سەرەکی یاسادانان بەڵکوو کردوویەتی بە "بنەما سەرەکییەکە" (المصدر الرئیسي). ئەمەش تەواو دژایەتی دەکات لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی.
حەوتەم، دەستوورەکە بانگەشەی ئازادی باوەڕ دەکات و دەڵێت پارێزراوە بەڵام دەڵێت دەوڵەت "ڕێز لە دینە ئاسمانییەکان دەگرێت"، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا سێ دین لەو وڵاتە ڕێزلێگیراوە، ئیسلام و کرستیان و جوو. لەڕاستیدا ئەمە دەکرێت دواجار بکرێت بە بنەمایەک بۆ دژایەتیکردنی دینە نائاسمانییەکان و بێدینەکان.
هەشتەم، تاکە زمان کە وەک زمانی فەرمی ناسێنراوە زمانی عەرەبییە. ئەمەش نەک هەر داننەنانە بە زمانی کوردی بەڵکوو ڕەتکردنەوەی کوردە وەک نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی. ئەگەر زمانی کوردی بە فەرمی نەناسرێت ئەوە کوردی نەک هەر نابێتە زمانی کار و بازاڕ و زانست و ئەدەب و فەلسەفە بەڵکوو نابێتە زمانی خوێندن و نووسینیش. بەواتایەکی دیکە، ئەمە جۆرێکە لە یاساغکردنی زمانی کوردی، کە ڕێک دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەت و پراکتیزە کە سەد ساڵە لە سووریا پەیڕەو دەکرێت، هاوکات، ئەمە تێنەپەڕاندنی سووریای بەعس و دەمارگیریی و نکوڵیکردنە.
نۆیەم، کورد لە دەستوورەکە وەک نەتەوە یان گەل دانی پێدا نەنراوە تەنیا وەک "عرق" نەبێت، ئەوە ئەگەر "عرق" لە عەرەبییدا بە مانای ئیتن بێت، خۆ ئەگەر "عرق" بە مانای ڕەگەز بێت ئەوە مانای ئەوەیە کە کورد لەم دەستوورە نوێیەدا لە هیچ شوێنێک دانی پێ نەنراوە.
دەیەم، ئەم دەستوورە دوو ڕۆژ دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع نووسراوە. ئەمەش تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە شەرع، باشترە بڵێین جۆلانی، یەک زەڕە ڕێز لە واژۆکەی خۆی ناگرێت، ناکرێت و نابێت کورد متمانەی پێ بکات.
ئەوەی ئێمە لەسەرمانە گەیاندنی پەیامێکە، هیوادارین بگات.
