ڕۆژی یادی جینۆساید و هۆشیاریی نەتەوەیی

7 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرمان شەهید حسێن
هەرچەندە کات گۆڕاوە و کوردستان بوەتە گۆڕەپان و بازاڕێکی گەورەی رەهاو ئازاد، بۆ هەندێک کۆمپانیا و رێکخراوی نێودەوڵەتی، بیری سیاسی نوێ، پارتی سیاسی نوێ دروست بوون و پێگەیشتوون و خۆیان لەژێر ناوی جۆراوجۆری روپۆشکراو بە دیموکراسی و گەشەی مرۆیی نمایش دەکەن، کە ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە، چەمکی هاووڵاتی بوون کە داهێنانێکی مۆدێرنێتەو جیهانگیرییە جێگای بۆ پارتە سیاسییەکان چۆڵ کردووە، واتا گرنگ نییە تۆ کوردیت یان نا، گرنگ ئەوەیە سەر بەچ ئاراستەیەکی سیاسی و سەر بە ئەجێندای چ پارتێکی سیاسیت، ئەم سیستمی ئیشکردنە گەیشتوەتە ئاستێک، کە چووەتە ناو هەموو دامەزراوە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و تەنانەت زانستییەکانیشەوە، بەوەشەوە نەوەستاوە خزاوەتە ناو هەموو خێزانێکی ئەم هەرێمەوە.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ درزتێبوون و شەقارشەقاربوونی هۆشیاری نەتەوەیی، چونکە درزتێبوون و ناکامڵی هۆشیاری نەتەوەیی ئەوەمان پێدەڵێت کە وڵاتی تازە پێگەیشتوو یا هەرێمی وەک ئێمە ئەگەر هۆشیارییەکی تەندروست و دامەزراو و رەسەنمان نەبێت، بۆ گشت، ئەوا دەگەینە خاڵێک کە نەتەوە بگەڕێتەوە بۆ گروپ و دەستەو سیستمەکەشمان بگەڕێتەوە بۆخێڵ، بە داخەوە ئەم بەرەودوا رۆیشتنە زیانێکی یەکجار گەورەی بە گەشەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی کورد گەیاندووە.
ناوەندە نێودەوڵەتییەکان
دەکرێت قوربانی دەرهاویشتەی پۆزەتیڤی لێبکەوێتەوە، ئەمەش کاتێک دەبێت کە قوربانی لە دوای روداوەکە هێمن دەبێتەوە و ئینجا هەوڵی هەستانەوە و خۆسازدانەوە دەدات، بێگومان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کورد مافی ئەوەی هەیە، وەک نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو شکۆی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە لە خۆڕا نابێت و پێویستی بە خەبات و تێکۆشانی زۆری نێودەوڵەتی هەیە بۆئەوەی لە دەرگای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بدات و پەیامی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو بە گوێی دنیادا بدات.
کورد خۆی گەلێکی جینۆساید کراوە بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بە ئەندازەیەکی کەم ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم زاراوەیە پەیداکرد و تائێستاش وەک پێویست لە گرنگی و کاریگەریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لۆبی نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی جینۆسایدی گەلەکەی تێنەگەیشتووە، ئەمەش وایکردووە وەک گەلێکی جینۆسایدکراو، ناتوانێت و نەیتوانیوە کۆژانەکانی بگەیەنێتە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، یان زۆربەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و گەلانی جیهان بێ ئاگان لەو تاوانکارییانەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دراون، چونکە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەرژەوەندیی زلهێزە جیهانییەکان و خەمساردی کورد خۆی وایکردووە، تائێستا جینۆسایدی کوردان نەناسێنراوە و جیهانی نەخرۆشاندووە.
لەسەر ئاستی عێراق
لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، بە تایبەت ئێستاکە دۆسییەکانی (ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانییەکان، کوردانی فەیلی، ئێزدییەکان) یەکلایی کراونەتەوە و بە یاسا لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق ساغ بوونەتەوە، دەبوایە حکومەتی ئێستای عیراق کە واریسی حکومەتەکانی پێش خۆیەتی بە ئەرکی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی خۆی پابەندبوایە و بە فەرمی داوای لێبوردنی لە تەواوی گەلی کورد و کوردستان بکردایە، لەبەر ئەوە گەلی کورد پێویستی بەهۆشیاری و کاری دەستەجەمعی نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی عیراق ناچار بکات ئەم هەڵوێستە بکات، دوور لە دروشمبازی و بازرگانی سیاسی، دەبێت ئەم بابەتە بکرێتە گوتارێکی نیشتمانی چەسپا و بۆ ئەوەی ئامادەیی یاسایی و ماددیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و نەتەوەیی بۆ فەراهەم بکرێت و بکرێتە بابەتێک بۆ بوونیادنانی دەوڵەت و دووربخرێتەوە، لە ململانێی هەرزان بەهای سیاسی و کاتی هەڵبژاردن و بچوککردنەوەی بۆ ئاستی دەستە و گروپ و کەس.
لەسەر ئاستی کوردستان
بەداخەوە هێشتا هەندێ لە هێزە سیاسییەکانی کورد بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، کێبەڕکێی ململانێیان ناتەندروستە و ئامادەن لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی خۆیاندا سوکایەتی بەهەموو وزەی هاووڵاتیان بکەن و ببنە هۆکار بۆ بێنرخکردنی بەها نەتەوەییەکانی تاوانی کۆمەڵکوژی گەلەکەیان، هەر ئەمەش وایکردووە دوای ئەم تاوانانەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدراون، جگە لە یادکردنەوەیەکی رۆتین و بێ گیان و بەهەدەردانی سامانی گشتی، خاوەن کەمترین خەیاڵ و پڕۆژە بن بۆ بوونیادنانەوە، لە کاتێکدا گەلی کورد پێویستی بە پەیامی سیاسیی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گشتگیر هەیە، کە گوزارشت بن لە هەستی باڵای نەتەوە و دەرخەری هەستی رۆشننیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆڤانە و رێزگرتنی بە کردەوەش بێت، لە ژیانی زیندووان و قوربانییەکانی جینۆساید، گرنگە قۆناغی خۆخواردنەوە و شین و زاری و خۆ رەشپۆشکردن تێپەڕێنین و لە ئاست قوربانییەکانیش بە دابینکردنی ماف و پێداویستییە ماددی و مرۆییەکانیان برینەکان ساڕێژ بکرێن، گومانیشم لەوە نییە لە کەش و بارێکی لەم جۆرەی وڵاتدا مەسەلەی جینۆسایدی گەلی کورد حاڵی باشتر نابێت لە بوارەکانی تری ژیان، بەڵام ئەو گەلانەی جینۆساید کراون لە گەلی کورد هۆشیارانەتر و ژیرانەتر توانیویانە کار لەسەر مەسەلەی جینۆسایدی خۆیان بکەن، وەبەرهێنانیان لەبەرزڕاگرتنی شکۆی قوربانییەکانیان کردووە و بەرەی ناوخۆیی خۆیان بەهێز کردووە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و تەواوی ململانێ و ناکۆکی سیاسی و حزبییان وەلاناوەو بەردەوام ئەو بابەتە لەسەرجەم جموجوڵ وچالاکییەکانی ژیان و ژیارییان پارێزراوە، بەشکۆ و بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
دوو وشەی کلیلی
بە گشتی ئەو رۆژانەی دیاریکراون بۆ یادی جینۆساید، رۆژانێکی خەمناک و ناخۆش و پڕ تراژیدیان، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم یادانەدا بخرێتە بەرباس دوو خاڵە:
یەکەم: وەک ئەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان ناوی لێناوە، ئەو رۆژانە رۆژی تێڕامانن لە جینۆساید، واتا تەنها رۆژی گریان و رەشپۆشی و شین و زاری نین، بەڵکو ئەوەی گرنگە و خزمەت بە دۆزی جینۆساید دەکات، رامان و بیرکردنەوەی زیاترە بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەنجامدان و خەمڵاندنی زیان و لێکەوتە سیاسی و ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی جینۆسایدکردنەکە، نابێت یادکردنەوە تەنها بۆ گریان بێت و لە چوارچێوەی شیوەن بە غەیری گەلی کورد بڵێین کوژراوین و جینۆسایدکراین، بەڵکو یاد بکرێتەوە بۆئەوەی بزانین چی رووی داوە؟ بۆچی روویدا؟ بزانین و بپرسین ئێستای ئێمە لە کوێی ئەو رابردووەدایە؟ بپرسین؟، ئێستا و رابردوومان چ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە ماوە؟
دووەم: وەک ئەوەی لە ناونیشانی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان هاتووە، کرداری رێلێگرتن پێش کرداری سزادان دەکەوێت، واتا ئەرکی دەوڵەتان ئەوەیە، سیاسەتیان وابێت، کە دینامیکییەتی کارلێکردنەکانی نێو کۆمەڵگا نەگاتە جینۆساید.
لە ساڵی 1984 وە، چەندان دەوڵەت لەو ئەرکەیاندا شکستیان هێناوە و هۆکاری جینۆسایدەکانیش بە گشتی دینامیکیەتی پەیوەندیی دەسەڵاتە، بەتایبەت پەیوەندیی بەناسنامەوە، وەک لە پێناسەکەیدا دەبینرێت: (جینۆساید، بەئامانجگرتنی کۆمەڵێکە، لەسەر بنچینەی ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی، زمان و ئێتنیک، بەمەبەستی لە ناوبردنی هەموو یان بەشێک لە کۆمەڵەکە).
هەر وڵاتێک سەیر بکەین، چەندان کۆمەڵی ئاینی و نەتەوەیی و زمانی تێدا دەژین و ئێستا زیاتر لە هەموو کات، گەلان پێویستیان بە مشتومڕە دەربارەی خۆڕێکخستنەوە و خۆبوونیادنانەوە و بە خۆداچوونەوە و چاکسازی سیاسی و یاسایی، ئەمە چ جای پێناسەکردنەوەی دادپەروەری و سیستەمی حوکمڕانی بۆئەوەی بە باشترین شێوە رێ لە روودانی جینۆساید بگرن.
