ئەنفالی کورد درۆیە و رووینەداوە

یەک هەفتە لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
مەگەر هەموو شتێک بە هەق و حیساب نییە؟ من پێتان دەڵێم شتێک نییە بەناوی ئەنفال و جینۆسایدی کورد.
ئێستا ئەگەر ئەکادیمییەک، رۆشنبیرێک یان سیاسییەکی بیانی داوام لێ بکات بۆی بسەلمێنم کە ئەنفال روویداوە، من ناتوانم بیسەلمێنم.
ئەوە ئەرز و ئەوەش گەز، کامە رۆشنبیر، توێژەر یان ئەکادیمی کورد دەتوانێت بسەلمێنێت کە هاوشێوەی جینۆسایدەکانی تری سەردەم جینۆسایدی ئەنفالیش روویداوە؟
هۆلۆکۆست وەک نموونە
نەک هەر جووەکان و ئەکادیمی و رۆشنبیرەکانیان، تەنانەت هەر هەرزەکارێکی ئوسترالی، فەرەنسی، یابانی، کۆریایی، ئەمریکی، کەنەدی، مەکسیکی یان بەرازیلی کەم تا زۆر ئاشنایە بە هۆلۆکۆست و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانێت ئاماژە بەچەندان سەرچاوەی جۆراوجۆر بدات بۆ سەلماندنی ئەو جینۆسایدە.
چەند نموونەیەک:
یەکەم: ئەنفال لە کتێبخانە گشتییەکانی جیهاندا
لانی کەم ٢٠ هەزار کتێب لەسەر هۆلۆکۆست نوسراوە. واتە بۆ هەر ٢٥٠ قوربانییەکی هۆلۆکۆست کتێبێک هەیە. بەشی زۆری ئەو کتێبانە بە زمانە زیندووەکانی دونیا، لە کتێبخانە گشتییەکان، کتێبخانەی خوێندنگە و زانکۆکان، وە بە ڤێرژنی پی-دی-ئێف لەبەردست خەڵکی جیهان دان.
ئەی کورد بۆئەنفال چیی هەیە؟
هەر بەقەد ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست، کتێبی تایبەت بە ئەنفال بە زمانی ئینگلیزی نوسراون.
نموونەی دووەم: ئەنفال و توێژینەوەی ئەکادیمی
ژمارەی توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر هۆلۆکۆست بە زیاتر لە ٤٠ هەزار توێژینەوە مەزەندە دەکرێت، واتە بۆ هەر ١٢٥ قوربانییەک توێژینەوەیەک زیاتر.
ئەی ئەنفال..؟
توێژینەوەی ئەکادیمی تایبەت بە ئەنفال بە زمانی ئینگلیزی لە پەنجەکانی هەردوو دەست تێناپەڕێت، لەناویاندا توێژنەوەیەکی هاوبەشی بەندە و هاوڕێیەکی بەڕێز هەیە.
نموونەی سێیەم: دراما و فلیمی سینەمایی لەسەر ئەنفال
هۆلۆکۆست زیاتر لە ٤٥٠ فلیمی سینەمایی لەسەر بەرهەم هاتووە لەگەڵ دەیان و سەدان دراما و زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی .ئەم فیلم و درامایانە بە ملیاران کەسییان لە سەرتاپای جیهان بە وردەکاری و رەهەندە جیاجیاکانی هۆلۆکۆست ئاشنا کردووە.
بۆ نموونە، زنجیرە درامای “هۆلۆکۆست”ی کەناڵی ئێن_بی_سی ئەمریکی کە لە ١٩٧٨دا بەرهەم هاتووە، بە تەنها لەناوخۆی ئەمریکا زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن کەس بینیویانە.
ئەی فیلم و درامای جیهانی لەسەر ئەنفال؟
من هیچ نازانم و خێرەومەندێک پێم بڵێت ئایا هیچ بەرهەمێکی سیەنەمایی یان درامامان هەیە لەسە رئەنفال؟
چوارەم: ئەنفال لەبەرنامەی خوێندنی وڵاتاندا؟
هۆلۆکۆست، بەشێکە لە بەرنامەی خوێندن لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، لەوانەش سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.
خوێندنی هۆلۆکۆست لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و ٢٩ ویلایەتی ئەمریکی و لە ویلایەتی نیوساوس وێڵسی ئوسترالی ئیجبارییە. لە وڵاتگەلی وەک هیندستان و یابان و وڵاتەکانی ئەمریکای لاتین، هۆلۆکۆست لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا دەخوێنرێت.
ئەی ئەنفال...؟
ئەوەندی بەندە بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە هیچ وڵاتێکی ئەم دونیایە نەخراوەتە بەرنامەی خوێندن. تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش زۆر کاڵ و کرچ و شەرمنانە دەخوێنرێت.
نموونەی پێنجەم: ئەنفال لە ئاگایی دونیادا
هۆلۆکۆست بۆتە بەشێک لە ئاگایی گشتی دانیشتوانی سەر ئەم هەسارەیە. تەنها ٢١٪ی دانیشتوانی ئەم هەسارەیە یان دەڵێن بێ ئاگایین لە هۆلۆکۆست یان دەڵێن هۆلۆکۆست راست نییە.
زۆرینەی ئەو ٢١٪ی بێئاگان یان ئینکاری هۆلۆکۆست دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستن و پاڵنەری دینی و نەتەوەیی و کێشەی عاڕەب-ئیسڕائیل، لەپشت ئەم بێ ئاگایی یان ئینکار کردنە دایە.
ئەی ئەنفال؟
نەک لەسەر ئاستی دونیا، لەسەر ئاستی باشوریش هێشتا ئەنفال نەبۆتە بەشێک لە ئاگایی گشتی. بەواتایەکی تر، زۆرینەی خەڵک لە رەهەندە جۆراوجۆرەکانی وەک قۆناغ و جوگرافیا و زەمەنی ئەنفال، رەهەندە سیاسی و ئابووری و کەلتوری و مێژوویی و تەندروستی و ژینگەیی و بۆ ماوەیی و ناسنامەیی و هتدی ئەنفال ئاشنا نین. لەم روەوە، تەحەددا دەکەم کە نەک هەر خەڵکی سادەی باشور، تەنانەت نوخبەی کوردیش رەنگە لە تاقیکردنەوە لەسەر ئەنفال دەرنەچن..
نموونەی شەشەم: ئامادەیی ئەنفال لە یاداوەری رۆژانەدا
لەسەر ئاستی دونیادا، هۆلۆکۆست رۆژانە ئامادەیی هەیە. هەموو رۆژێک، لە گۆشە جۆراوجۆرەکانی دونیا، هۆلۆکۆست لە پۆلەکانی خوێندن، لەسەر شاسەی سینەماکان، لە یوتیوب و تەلەفزیۆنەکان، وە لە دوو توێی کتێب و ژۆرنال و لە مۆزەخانەکان هۆلۆکۆست ئامادەیی هەیە و رۆژی هۆلۆکۆستە.
ئەی ئەنفال..؟
تەنها لە لەتێکی ئەم باشورەدا، بەشەرمنانەوە رۆژێکیان بۆ نماییشی هەندێک بەرپرسی گەندەڵکار و نانیشتیمانی بەناوی ئەنفال تەرخان کردووە و ناویان ناوە رۆژی ئەنفال و وەلسەلام.
بە کورتی لە ئاگایی گشتی کوردا شتێک نییە بەناوی ئەنفال
تا ئەو رۆژەی کورد خۆی باوەڕ دێنێت کە ئەنفال کراوە و هاوشێوەی جووەکان ئەنفالیش دەبێتە بەشێکی سەرەکی ناسنامەی تاک بەتاکی کورد، باشترە ئەو رۆژە بسڕینەوە کە شەرمنانە لە رۆژژمێرەکەماندا وەک رۆژی ئەنفال دیاری کراوە.
