پزیشکیان: لە دانوستاندا لە پرەنسیپەکانمان پاشەکشە ناکەین

12 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆک کۆمارى ئێران ڕایدەگەیەنێت دانوستانەکان بە ئاگادارى و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ڕێبەری باڵاى ئێران ئەنجام دەدرێن، ڕێنماییەکانیشی دەبێتە چرای ڕێنماییکارمان لەسەر ئەم ڕێگایە، ئێمە ژیان و بژێوی میللەتمان بە دانوستانەوە نەبەستووەتەوە و نایکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیران لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانى وڵاتەکەى ئاماژەی بەوەکرد هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەرپرسانی حکومەت و ئەندامانی پەرلەماندا ناکەین.

هەروەها لەبارەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا جەختی کردەوە  لە دانوستاندا بە هیچ شێوەیەک لە پرەنسیپەکانمان پاشەکشە ناکەین و لە هەمان کاتدا گرژیمان ناوێت.

سەبارەت بە قەیرانی ناهاوسەنگی بەتایبەت لە کەرتی وزە، سەرۆک کۆمار هەروەها وتی: چارەسەرکردنی ئەم ناهاوسەنگیانە پێویستی بە کات و حیکمەتی بەکۆمەڵ و کاری پسپۆڕانە هەیە. تا ئێستا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ شارەزایانی پشتیوان و ڕەخنەگرانە ئەنجام دراون و بۆچوونەکانیان لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەتدا لەم بارەیەوە لەبەرچاو گیراوە.

لێدوانی سەرۆک کۆمار لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوانی ئێران و ئەمریکا بە سەرپەرشتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو.
 
دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانیش، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر بێت."
 
عێراقچی گوتیشی، "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستاندنەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە."
 
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار