ناتانیاهۆ: بەدوای وڵاتاندا دەگەڕێین بۆ گواستنەوەى خەڵکی غەززە
.png)
12 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو وڵاتانە دەکات کە ڕەنگە ئامادەبن فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە وەربگرن.
ڕۆژی سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکیدا بۆ کۆمەڵێک سەربازی بریندار کە لە ئۆفیسەکەی کۆبوونەتەوە، وتی "ئێمە ئیدارەیەکمان دامەزراندووە کە ڕێگە بە ڕۆشتنیان (دانیشتووانی غەززە) دەدات، بەڵام پێویستمان بە وڵاتانێکە کە ئامادەبن قبوڵیان بکەن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە ئەوەیە کە ئێستا کار لەسەر دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە مەزەندەی کردووە "زیاتر لەسەدا ٥٠یان دەڕۆن" ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە سوپا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا "بە هەموو توانایەوە" دەچێتە ناو کەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سیناریۆیەک نابینێت کە هێزەکانی ئیسرائیل شەڕەکە بوەستێنن" لەسەر کەرتی وێرانکراوی فەلەستین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ڕۆژانی داهاتوودا بە هەموو هێزمانەوە دەچینە ناو غەززە بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکە. تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بە واتای شکستپێهێنان و لەناوبردنی حەماسە. ئاماژەی بەوەشکرد: هیچ دۆخێک نییە کە شەڕەکە ڕابگرین. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "ڕەنگە ئاگربەستێکی کاتی ڕووبدات".
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، حەماس ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئازادکردنی بارمتەی ئیسرائیلی-ئەمریکی عیدان ئەلێکساندەر "بەرهەمی" پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بووە، نەک دەرئەنجامی فشارە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا وتی: گەڕانەوەی ئەلێکساندەر لە ئەنجامی پەیوەندیی جیددی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و هەوڵی ناوبژیوانەکانە و دەرئەنجامی دەستدرێژیی زایۆنیستەکان یان وەهمی فشاری سەربازی نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ کردووە.
