ئێران: ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکە پرسێک نییە لەدانوستانەکاندا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران، ڕایدەگەیەنێت ئامانجی ئێران لە دانوستانەکاندا پاراستنی دەستکەوتەکان و کۆتایی هێنانە بەو گەمارۆیانەى کە بە ناڕەوا بەسەر نەتەوەی ئێراندا سەپێنراون.
ئەمڕۆ سێشەممە ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانى دایەوە، لەبەشێکیدا وتى: چوونە ناو دانوستانەکانی ئێران تەنها لە ئێستادا نییە، بەڵکو هەمیشە جدییە و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەنجام. ئێمە دانوستان وەک ئامرازێک بۆ شانازیکردن و کات بەفیڕۆدان بەکارناهێنین.
لە وەڵامی پرسیارى پەیامنێری ئیرنا سەبارەت بە چوونە ناو وردەکارییەکانی دانوستانەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: ئێمە هێشتا لەم ماوەی دانوستانەدا نەچووینە ناو وردەکارییەکان.
ئیسماعیل بەقائی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بنەڕەتدا پرسێک نییە لە دانوستانەکاندا، وتی: بە دڵنیاییەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێمە بە جددی بەردەوام دەبێت.
جەختیشی لەوە کردەوە: گرنگە ئەزموونی پێشوو لەبەرچاو بگرین و بزانین لە کوێدا پێویستە ڕێوشوێن بگرینەبەر یان بەڵێن لە لایەنەکانی دیکە وەربگرین، بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو.
دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت."
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
