ترەمپ و شەرع کۆبوونەوە و ئەردۆغانیش لەڕێى تەلەفۆنەوە بەشداربووە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا کۆبوونەتەوەو باس لەچەند پرسێکى جیاوازکراوە.
کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕیازى پایتەختى سعودیە بووە، بەپێى هەواڵى میدیاکانى تورکیاش ڕەجەبە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاش لە رێی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەی شەرع و ترەمپی کردووە، هەروەها محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەشی تێدابووە.
لە دواى کۆبونەوەکەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسان کردو ڕایگەیاند لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوومەوە و بڕیارمدا هەموو سزاکانى سەر سوریا هەڵبگرم.
دۆناڵد ترەمپ لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو-ئەمریکا لە ریاز رایگەیاند، "دوای ڕاوێژ لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان فەرمانم دا سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیرێن".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا کە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەرفەتێکی گەورەیان پێدەبەخشێت و ئاماژەی بەوەدا کە هەموو سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە واشنتۆن هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا ئاسایی بکاتەوە.
لەلایەکى دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەمریکا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بە سووریا داوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پۆستێکی لەگەڵ کلیپێکی ڤیدیۆیی وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە ڕیاز بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەمریکا دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەداتە گەلی سوریا و سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت.
شازادەی جێنشینی سعودیەش ڕایگەیاند ئێمە لە پێناو سەقامگیری ناوچەکەدا حەز دەکەین بەردەوام بین لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا.
ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە فەرمانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەدات، ئەمەش دوای داوایەکی شازادەی جێنشینی سعودیە و محەمەد بن سەلمان، سەرۆکوەزیرانی سعودیە. هەروەها ڕایگەیاند کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دواتر لە تورکیا چاوی بە هاوتا سورییەکەی دەکەوێت.
