ترەمپ: نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی

8 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو-ئەمریکا لە ریاز رایگەیاند، "رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی".
لەکاتى بەشداریکردن لە لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا وتارێکى پێشکەشکرد، سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترامپ ڕایگەیاند، دەمەوێت لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێک بکەم، بەڵام دەبێت واز لە پشتیوانیکردنی تیرۆر بهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
هەروەها ترەمپ لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتی: دەبێت ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ شەڕی بەوەكالە لە ناوچەكە راگرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەمریکا گورزێکی قورسی لە حوسییەکان داوە بەهۆی ئەوەی کەشتییەکانیان لە دەریای سووردا کردووەتە ئامانج.
سەرۆکی ئەمریکا لەو لووتکەیەدا، باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، لەبارەى هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریاش وتی، بۆ ئەوە قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان و رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد: کار دەکەین بۆ هەڵگرتنی تەواوی سزاکان لەسەر سووریا.
ترەمپ، حیزبوڵڵای لوبنانی بە "تیرۆریست" ناوبرد و گوتی، "دەرفەتێكی زێڕین بۆ لوبنانییەکان هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاشتی بژین".
لەبارەی حووسییەکانیش گوتی، ئەوان رازی بوون هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بووەستێنێنن، بۆیە ئیدارەکەی بڕیاری داوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاش بۆ سەریان بووەستێت.
