داواکاریەکانى ترەمپ لەشەرع یەکێکیان ڕێککەوتنە لەگەڵ ئیسرائیل

4 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، دۆناڵد ترەمپ چەند داواکارییەکى هەبووە کەسوربا جێبەجێیان بکات، کۆشکی سپی دەڵێت، شەرع و حکومەتەکەى دەرفەتێکی زۆر گەورەیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی "کارێکی گەورە بۆ گەلی سووریا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، لە ریازى پایتەختى سعودیە، دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئامادە بووەو، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە ئۆنلاین بەشداریی کردووە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، ترەمپ پێنج داوای لە شەرع کردووە، بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى کۆشکى سپى ئەردۆغان ستایشی ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر سووریا و بەڵێنی دا لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە کار بکات بۆ هاندانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سووریا.
هاوکات جێنشینی شازادەی سعودیەش ستایشی بڕیاری ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان و بە ئازایەتی ناوی برد.
ترەمپ سوپاسی ئەردۆغان و شازادەی جێنشینی سعودیەی کرد بۆ هاوڕێیەتییان و بە سەرۆک شەرعی گوت، دەرفەتێکی گەورەی هەیە بۆ ئەنجامدانی کارێکی مێژوویی لە وڵاتەکەی. ترەمپ هانی سەرۆک شەرعی دا کارێکی باش بۆ گەلی سووریا بکات و هانی دا یەکەم:
- واژۆ لەسەر رێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل بکات
- داوا لە هەموو تیرۆریستە بیانییەکان بکات سووریا جێ بهێڵن
- تیرۆریستە فەلەستینییەکان دەربکات
- یارمەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدات بۆ رێگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش
- بەرپرسیارێتیی شوێنی هێشتنەوەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە ئەستۆ بگرێ
ئەحمەد شەرع سوپاسی ترەمپ، شازادەی جێنشینی سعودیە و ئەردۆغانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە رێکخستنی کۆبوونەوەکە و دانی نا بە دەرفەتە گرنگەکە کە بەهۆی جێهێشتنی ئێرانییەکان بۆ سووریا دروست بووە.
هەروەها دانی نا بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی چەکی کیمیایی.
شەرع پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوە. سەرۆک شەرع هیوای خواست بەوەی سووریا ببێتە بەستەرێکی گرنگ بۆ ئاسانکردنی بازرگانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا و کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بانگهێشت کرد بۆ وەبەرهێنان لە نەوت و گازی سووریا. شەڕی رووسیا-ئۆکرانیا و شەڕی غەززەش تاوتوێ کرا.
