کرێملین: شاندەکەمان دەچێتە ئەستەنبوڵ و چاوەڕێی ئۆکرانیا دەکەن

6 كاتژمێر لەمەوپێش



دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین دووپاتی کردەوە کە شاندی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەستەنبوڵی تورکیا دەبن و لەوێ چاوەڕێی لایەنی ئۆکراینی دەکەن.

هاوکات یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، پێکهاتەی شاندی ڕوسیا بۆ دانوستانەکانی ئەستەنبوڵ سەبارەت بە ئۆکرانیا بە پشتبەستن بەو پرسانەی کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت دیاری دەکرێت.

ئوشاکۆڤ ڕوونیکردەوە کە "شاندەکە باس لە پرسە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە پرسە تەکنیکییەکان دەکات و بەو پێیە پێکهاتەی شاندەکەمان دیاری دەکرێت".

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئۆکراینی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سەرکردایەتی ئۆکرانیا هەنگاوەکانی داهاتووی خۆی سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاشتی لە تورکیە یەکلایی دەکاتەوە، کاتێک بەشداریکردنی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕوون دەبێتەوە.

ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە دەڵێت: هەموو شتێک پەیوەستە بەوەی کە ئایا پوتین لە هاتنی بۆ ئیستەنبوڵ دەترسێت یان نا، بە پشتبەستن بە وەڵامەکەی، سەرکردایەتی ئۆکرانیا بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو دەدات".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا تەحەدای هاوتا ڕووسیەکەی کرد کە بە شێوەیەکی شەخسی بەشداری لەو دانوستانانە بکات کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوە بچێت. 

ئەگەر پوتین ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەشداریکردن، ئەوە دەبێتە یەکەمین دیداری نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵاتی شەڕکەر لە دوای کانوونی دووەمی ٢٠١٩ەوە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی  لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیێڤ ئۆکراینا رایگەیاند: دەبێت دانوستانی ڕاستەوخۆی ئاگربەست لەگەڵ پوتین بکرێت، چونکە تەنها ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی، ڤلادیمێر پوتین، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا دڵنیایی دەدات لەوەی کە ناکۆکییەکە تەنها لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت.

هاوکات ناوبراو پێشبینی کرد کە ئەگەر دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ ئەنجام نەدرێت، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا سزای توند بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن، وتیشى: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا ئامادەبوونی خۆی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

پێشتر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ڕایگەیاندبوو "پێشنیاز دەکەم بەبێ هیچ دواکەوتنێک رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایار لە ئیستەنبووڵ دەست پێبکەین. لە تورکیا چاوەڕێی ئۆکرانیا دەبین."

لە ئاداری 2022ـەوە مۆسکۆ و کیێڤ هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆیان نەکردووە. ئەوکاتیش هەر لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مانگێک بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێپەڕیبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار