میری قەتەر و ترەمپ واژۆی چەند ڕێککەوتنێکیان کرد
.png)
3 مانگ لەمەوپێش
ئەمیری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەرەتای سەردانەکەی بۆ پایتەختی قەتەر، کە قۆناغی دووەمی گەشتەکەی بۆ کەنداو، لە دەوحە پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد.
ئەو دوو سەرکردەیە دانیشتنێکی ڕاوێژکاریی دوو کاتژمێری بە دەرگای داخراو ئەنجامدا و شایەتحاڵی واژۆکردنی چەند ڕێککەوتننامەیەک بوون.
دۆحە بە دروشمی تەقلیدی قەتەر پێشوازیی لە ترەمپ کرد کاتێک بەرەو دیوانی میری قەتەری ڕۆیشت، کە گفتوگۆکانی نێوان ئەمیری قەتەر و سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بە پلەی یەکەم لەسەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی زیندانیانی ئیسرائیل بوو.
لە میانی دیدارێکدا لە دیوانی عامری، میری قەتەر بە سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاند، "هەموومان دەمانەوێت ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبێت، هیوادارین ئەمجارە ئەوە ڕووبدات".
ناوبراو زیادی کرد بۆ ترەمپ، دەزانم تۆ پیاوێکی ئاشتیخوازیت و دەتەوێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بهێنیتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دۆحە و واشنتۆن دەتوانن بەردەوام بن لە کارکردن بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ناوچەکە یان بوارەکانی دیکە، وەک ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
هەروەها بڕیارە لە گەشتەکەیدا قەتەر فڕۆکەیەکی تایبەت و شاهانە لە جۆری (Boeing 747-8) کە بەهاکەی 400 ملیۆندۆلارە وەکوو دیاری پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر، دەچێتە ئیمارات، هەروەها لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا گوتی: دەزانم ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەیەوێت منیش لە تورکیابم. ئەگەر کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، بۆ ڕزگاکردنی ژیانی ئەو هەموو کەسە، ڕەنگە منیش بچمە ئیستەنبۆڵ.
سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو: سعوودییە و ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی سەربازییان بە بەهای 142 ملیار دۆلار ئیمزا کرد کە گەورەترین ڕێککەوتنە لە مێژوودا، هاوکات، سعوودییە بە بەهای 600 ملیار دۆلار، وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات.
ئەمیری قەتەر جۆش و خرۆشی خۆی بۆ دانوستانەکانی قەتەر و ئەمریکا دەربڕی کە بابەتی ئاشتیسازی و وەبەرهێنان و وزەی ناوچەکە دەگرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی ئەزموونی خۆی لە ڕێکخستنی مۆندیالی 2022 لەگەڵ ئەو تیپانەی مۆندیالی 2026ی ئەمەریکا ڕێکدەخەن، هاوبەش دەکات.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا بە میری قەتەری ڕاگەیاندووە، "ئێمە یەکترمان خۆشدەویست و لە ئاستە بەرزەکاندا پێکەوە کارمان کرد بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە و لە سەرانسەری جیهان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێوە هاوکارمانن بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ زۆرێک لە ناوچەکان، وەک ڕوسیا و ئۆکرانیا، پێشکەوتنیش دەبینین لەسەر ئەم بابەتە".

