ستیڤ ویتکۆف: ڕێگه نادەین ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت
.png)
دوێنێ
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، واشنتن ڕێگە بە تاران نادات 1٪ی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم بەدەستبهێنێت.
ئەمەش لە کاتێکدا بەرپرسانى ئێران ئەوە دووپات دەکەنەوە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوەش بەمافى خۆیان دەزانن.
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
ڕۆژی یەکشەممە ستیڤ ویتکۆف لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوز وتی "ئێمە هێڵێکی سووری زۆر ڕوونمان هەیە ئەویش پیتاندنی یۆرانیۆمە. ئێمە ڕێگە نادەین ئێران تەنانەت ٪1 ی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت و هەموو شتێک لە هەڵوێستی جێگیری ئێمەوە دەستپێدەکات، هەر ڕێککەوتنێک کە ئەگەری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا نەبێت و ئێمە ناتوانین ڕێگە بەوە بدەین، چونکە پیتاندنی یۆرانیۆم دەبێتە هۆی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی."
ئەو بەرپرسەى ئەمریکا ئەوەشى خستەڕوو زۆر ڕێگا هەیە بۆ ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، دەشلێت: ئێمە لەو باوەڕەداین کە هەفتەی داهاتوو لە ئەوروپا کۆدەبینەوە و هیوادارین ئەنجامی ئەرێنی بەدەست بهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێرقچی وەڵامی لێدوانەکانی ویتکۆفى دایەوە، دەڵێت: پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم لێدوانانە بەتەواوی دوورن لە واقیعی ڕەوتی دانوستانەکان.
لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا عەباس عێراقچى، ئاماژەى بەوەدا ئەگەر ئەوان حەز دەکەن دڵنیابن لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، ئەوا ئێمە ئامادەین هاوکاری بکەین لەو بارەیەوە، بەڵام ئەگەر داواکاری ناواقیعیان هەبێت، ئەوە ئاساییە جێبەجێ ناکرێن.
ئەمەریکا و ئێران بە ناوبژیوانی عومان چوار گەڕی دانوستانیان ئەنجامدا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ناوکیەکەی ئێران.
یەکەم کۆبوونەوە لە 12 ی نیسان لە مەسقەتی پایتەخت و دووەمیان لە 19 ی نیسان لە ڕۆما و سێیەم و چوارەم لە 26 ی نیسان و 11 ی ئایار لە پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.
