ئێران: دانوستانەکان شکست دەهێنن ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕاگرتنی پیتاندن بکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

لەمیانەى گفتوگۆکانی ئەم دواییەى نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەى مەسەلەى پیتاندنی یۆرانیۆم، مەجید تەخت ڕوانچى، جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران دووپاتی کردەوە که وتووێژە ناوەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا شکست دەهێنن ئەگەر ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ته واوی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.

لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆی دووشەممەدا ئەو بەرپرسەى ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر واشنتن پێداگری بکات لەسەر ئەو مەرجەی بەتەواوی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ئێراندا ڕابگرێت، ئەو دانوستانانە سەرکەوتوو نابن.

هاوکات  دوێنێ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، جا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا بکرێت یان نا، لە وەڵامی لێدوانەکانی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا، لە ئەکاونتی X ی خۆیدا بڕگەیەکی کتێبی "دانوستاندن"ی بڵاوکردەوە.

رۆژی هەینی، دیپلۆماتە باڵاکانی ئێران لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆبوونەوە.
 
تاران چوار خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ واشنتن ئەنجامداوە، کە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو نەیارە بووە لەوکاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشایەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی 2018 لە ماوەی یەکەمین خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، ، بە کشانەوەی تاکلایەنە و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوت و کەرتی بانکیی ئێراندا، رێککەوتنەکەی پووچەڵکردەوە.
 
سێ زلهێزە ئەورووپییەکە، کە لە رێککەوتنەکەی 2015 بەشداربوون، تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ میکانیزمی "سناپباک" (گەڕانەوەی خێرا) کارا بکەن یان نا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار