ئیسماعیل بەقائی: کات و شوێنی دانوستاندنەکانی خولی داهاتوو دیارى نەکراوە

16 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند پێشنیارەکان بۆ کات و شوێنی خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عومانەوە خراوەتەڕوو و جەختی لەوە کردووەتەوە: "هێشتا کات و شوێنی وردی دانوستانەکان دیار نییە".
ئەمڕۆ سێ شەممە ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە کۆڕبەندی وتووێژی تاران درێژەدانە بە نەریتێکی لە مێژینە کە سێ چوار دەیە لەمەوبەر لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دامەزراووە.
ناوبراو زیادیکرد لە پەراوێزی ئەم دیدارەدا ئاماژەی بە دیدارە باشەکانی وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتاکانی لە عومان و قەتەرەوە کرد وتی: لەم دیدارانەدا دوایین پرۆسەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرجەستە و زۆر بابەت باس و ئاڵوگۆڕ کرا.
لەلایەکى دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەگەر ئەمریکا ئارەزووی دڵنیابوونەوەی هەیە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی نەبرێت، رێککەوتن نزیکە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆی جیدی بکەین ئەوەی بگەینە چارەسەرێک کە هەمیشە ئەو دڵنیاییە بدات."
عێراقچی گوتیشی: "بەڵام پیتاندن لە ئێران، بە رێککەوتن بێت یان نا، بەردەوام دەبێت."
ئێستا ئێران یۆرانیۆم بە رێژەی 60٪ دەپیتێنێت، کە زۆر لە سەرووی رێژەی 3.67٪ـی دیاریکراوە کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015 ئاماژەی پێکرابوو، بەڵام کەمترە لە رێژەی 90٪ـی پێویست بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی.
ئێران و ئەمریکا لە 12ی نیسانەوە چوار جار کۆبوونەتەوە.
دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان کە رۆژی شەممە لە عومان بەڕێوەچوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێووردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی وەهادا دانوستاندن قورس بێت."
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
