وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: سوریا لە شەڕێکی ناوخۆی گەورە نزیکە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی دۆخی سووریاوە هۆشداریدەدات و دەڵێت، سووریا چەند هەفتەیەک لە شەڕی ناوخۆوە دوورە، ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک دەبێت ترەمپ و شەرع چاویان بەیەکدیی کەوتووە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هەڵسەنگاندنمان بۆ قۆناغی راگوزەری سووریا ئەوەیە، بە راشکاوی و لەسایەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بووەتەوە، سووریا نەک چەند مانگێک، بگرە چەند هەفتەیەک دوورە لە ئەگەری داڕووخان و جەنگی ناوخۆیی سەرتاسەریی و دابەشبوون".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: حکومەتی نوێی سوریا لە رووخان نزیکە، سوریا لە شەڕێکی ناوخۆی گەورە نزیکە.
ئەم گوتانەی مارکۆ روبیۆ، پاش چەند رۆژێک دێت لە دیدارى نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا.
ترەمپ پێشتر لەسەر داواکاریی شازادەی جێنشینی سعودیە، بڕیاریدابوو بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرفەتدان بەو وڵاتە بۆ بووژانەوە.
هەڵسەنگاندنی (ماركۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ دۆخی سوریا؛ لەوتەیەكیدا لەبەردەم ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەی و دوای چەند رۆژێك لە دیدارەكەی لەگەڵ سەركردەكانی قۆناغی راگوزەریی سوریا
ڕوبیۆ ئەو دۆسیەیەی بۆ بەشداریکردنی حکومەتی نوێی سوریا و شەرع، یاخیبووی پێشووی خستەڕوو کە پێنج مانگ لەمەوبەر سەرکردایەتی هاوپەیمانی گروپە یاخیبووەکانی کرد بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆری دێرینی سوریا، بەشار ئەسەد.
ئیدارەی ترەمپ پێشتر خۆی لە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ شەرع بەدوور گرتبوو، کە گروپە چەکدارەکەی - تەحریر شام - بەهۆی پەیوەندییەکانی ڕابردووی لەگەڵ قاعیدە، تا ئێستاش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوی ئەمریکا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بەئێرانیش رۆبیۆ رایگەیاند: هیوادارن لەگەڵ ئێران بگەن بەرێككەوتن، ترەمپ سورە لەسەر ئەوەی کەڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەسەر جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەبارەت بە بژاردەی كۆچكردنی دانیشتوانی كەرتی غەززە بۆ لیبیا گفتوگۆی نەكردوە.
