عێراقچی: پێدەچێ بەشداری لە خولی داهاتووی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا نەکەین

13 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عێراقچی وزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە حاڵەتی پێداچونەوەیە ئایا بۆ خولی پێنجەمی دانوستانەکان بەشداری دەکات یان نا. دەشڵیت، پیتاندنی یۆرانیۆم بە گەیشتن بە رێککەوتن یان نە گەیشتن بەردەوامدەبێت.
عێراقچی دەڵێت، لەپشت مێزی دانوستانەکان رووبەرووی داواکاری زیادەڕۆ دەبنەوە، بەڵام هەرگیز وازیان لە رێگای دیپلۆماسی نەهێناوە.
قسەکانی عێراقچی لە کاتێدایە لە دوایین لێدوانیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم چاوەڕێی رێگەپێدانى ئەمریکا نییە. گوتیشی، نازانن ئەم جارەش لە دانوستانەکان بە ئەنجام دەگەن یان.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت دەکاتەوە مەبەستی بەرنامە ناوەکییەکەی تاران بە تەواوی روونە و دەشڵێت، ئەگەر لایەنی بەرامبەر دەیانەوێت دڵنیایی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەربگرن ئەوا ئامادەن، بەڵام بە مەرجی هەڵگرتنی ئەو سزایانە کە بە بیانووی بەرنامە ئەتۆمییەکە بەسەریان سەپێنراوە.
گوتیشی، هێشتا لە پێداچوونەوەی ئەوەن بزانن ئایا دانوستانێکی بەسوود لەو کات و شوێنە دانراوە ئەنجام دەدرێت یاخود نا بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بکەن.
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوون.
سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، عەلی خامنەیی لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە و یاوەرانی، سەرنجی خستە سەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا کە بە ناوبژیوانی عومان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەدەچن و رایگەیاند، "پێموانییە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئەنجام."
عەلی خامنەیی ئاماژەی بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی کرد و گوتی، "لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا بە روونی گوتی کە ئێمە راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەین."
خامنەیی هەروەها گوتی: "بێگومان لەسەردەمی شەهید رەئیسیدا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەبوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆنیش کرد و رایگەیاند، "ئێستاش پێمانوانییە بگاتە ئەنجام و نازانین چی روودەدات."
