ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند

21 كاتژمێر لەمەوپێش
پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند و مامەڵەکردنی تارانی بە 10 کانزای پێویست بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بواری سەربازیی قەدەغەکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کەرتی وەبەرهێنان لە ئێران لەژێر دەستی سوپای پاسداراندایە، جا بەشێوەیەکی راستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ. بەگوێرەی سزاکان، کانزاکان بریتیین لە نیکڵ، کرۆم، ئالۆوی مەگنیسیۆم، پیرکلۆراتی سۆدیۆم و ئەلەمنیۆم.
سزاکان بەجۆرێکە هەر کەسێک بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەو کانزایانە لە ئێران هاوردە یان هەناردە بکات ئەوا رووبەڕووی سزاکانیان دەبێتەوە.
هەروەها ئەمریکا بەردەوامدەبێت جێبەجێکردنی سیاسەتی توندترین فشار بەسەر ئێراندا تا ئەو کاتەی هەڕەشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نامێنێت و بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی سنووردار دەکات و کۆتایی بە پارەدارکردنی گرووپە تیرۆرستییەکان دەهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و نامەبەری دانوستانە ناڕاسەتەوخۆکەی تاران و واشنتن لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، رایگەیاند، رۆژی هەینی، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە رۆما بەڕێوەدەچێت.
