سوپای ئێران: هێزە چەکدارەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان

12 كاتژمێر لەمەوپێش
کیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی سوپای ئێران رایگەیاند، بە چاوێکی کراوە و دەستێک لەسەر تفەنگ، گوێڕایەڵی فەرمانی رابەری باڵای وڵاتەکەن، ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنەکانیان، ئەگەر هەڵەیەک بکەن سزای قورس و توندیان دەدەن.
هەروەها محەمەد باقری، سەرۆکی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، رایگەیاندووە، بەشێکی زۆری ھێزە چەکدارەکان، لەوانە سوپا، ھێزی جێبەجێکاری یاسا، سەردان و ھەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و ھێزە چەکدارەکان لە لوتکەی ئامادەباشیدان.
ئەم لێدوانانە دوای هەڕەشەی ئێسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن ئەمریکاوە دێن، کاردانەوەی زۆرێک لە بەرپرسانی ئێرانیشی لێکەوتووەتەوە.
لەلایەکى دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەپێی میدیای ئەمریکی و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، رژێمی زایۆنی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە، ژێرخان و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران "بە تووندی هۆشداری دەدات لە هەر جۆرە سەرەڕۆییەکی رژێمی زایۆنی و دەڵێت، "وەڵامێکی تووندی هەر هەڕەشە و کردەوەیەکی نایاسایی رژێمی زایۆنی دەدەینەوە."
عێراقچی دەڵێت، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "ئاشتییانەیە" و لە ژێر چاودێریی چڕی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە. هەروەها "پێویستە رێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بگیرێتەبەر."
