ئەمڕۆ خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمريکا بەڕێوەدەچێت

11 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەڕێوەدەچێت و ناکۆکیی سەرەکیش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمە.
ئەم دانوستانەی ئەمڕۆ بەڕێودەچێت، لەسەر بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە ساڵی 2015ـەوە کە تێیدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران واژۆکرا و دواتر لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە.
لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە بەردەوام ترەمپ هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەدات و ئێستاش هەوڵ بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنی نوێ لەگەڵ تاران دەدات هەتا بتوانێت سزاکانی لەسەر لابەرێت.
عێراقچی پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ رۆما لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر دژایەتی تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە و گوتی، ئەمڕۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە رۆما دەبێت و دۆزینەوەی رێگەی گەیشتنیش بە رێککەوتن کارێکی ئاڵۆز نییە، بەڵام لەبارەی پیتاندن یۆرانیۆم لە ئاستی سفردا، رێککەوتنیان نییە و کاتی بڕیاردان گەیشتووە.
ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی روونە بۆ هەڵوێستی دژبەری ئێران لە دانوستانەکاندا و ئاستی جیاوازییەکان لەگەڵ ئەمریکا نیشاندەدات کە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم قبوڵناکەن.
