عێراق: بەرهەمهێنانى کارەبا 3500 مێگاوات کەمیکردووە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، بەهۆى کەمبوونەوەى هەناردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ عێراق، بەرهەمهێنانى کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات دابەزیوە، ئاڵنگاریی گەورەش لە مانگى حوزەیرانى داهاتوودا دەبێت، ئەگەر رۆژانە 55 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى نەگات، بڕى کەمبوونەوەى کارەبا دەگاتە پێنج هەزار و 500 مێگاوات.
وەزارەتى کارەباى عێراق لە راگەیەندراوێکدا لە زارى سەعد فەریح، بەڕێوەبەرى سووتەمەنى لە وەزارەتی کارەبا ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگى ئایاردا هەناردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ عێراق بەشێوەیەکى بەرچاو کەمیکردووە و لە 45 ملیۆن مەتر سێجاوە دابەزیوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا، ئەوەش وایکردووە، بەرهەمهێنانى کارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات کەمبکات.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتى کارەبا، ئاڵنگاریی گەورە لە مانگى حوزەیرانى داهاتوودا دەبێت، بەو پێیەى پێویستە رۆژانە 55 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى لە ئێرانەوە بگاتە عێراق، لە حاڵەتى بەردەوامبوونى دۆخى ئێستاش، بەرهەمێنانى کارەبا پێنج هەزار و 300 مێگاوات کەمدەکات.
گوتیشى، چاوەڕێی تەواوبوونى پرۆژەى سەکۆى سەرئاوکەوتوون کە لە ئێستادا لە بەندەرى خۆرزوبێر جێبەجێدەکرێت بۆئەوەی گازى سروشتى لە وڵاتانى کەنداو و وڵاتانى دیکەى عەرەبى و بیانییەوە لێ بهێنرێتە ناو عێراقەوە.
بەگوێرەى بڕى گازى هەناردەکراو لە ئێرانەوە، بەرهەمهێنانى کارەبا لەعێراق، دەگۆڕێت و رۆژانە لەنێوان 18 بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبا دابیندەکات، لەکاتێکدا عێراق پێویستى بە 40 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە.
