وەزیری دەرەوەی عومان: لە گەڕی پێنجەمی دانوستان هەندێک پێشکەوتن ڕوویدا
.png)
7 كاتژمێر لەمەوپێش
کەمێک لەمەوبەر لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان، کۆتایی هات سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێت: "کۆبوونەوەکە هەندێک پێشکەوتنی تێدابوو، بەڵام یەکلاییکەرەوە نەبوو. ئەو پرسانەی ماون لە رۆژانی داهاتوودا روون دەبنەوە." دەشڵێت، "هەندێک پێشکەوتن هەبوو."
وەزیری دەرەوەی عومان ئەوەشى خستەڕوو هیوادارین چەند رۆژی داهاتوو گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بن، لەم گەڕەى دانوستانی ئەمریکا و ئێران هەندێک پێشکەوتن هەیە.
عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران لەدواى کۆبوونەوەکەیان وتى: ئێستا تێگەیشتنی باشتر هەیە لەنێوان ئێمە و ئەمریکا، هەردوولا رێککەوتین دانوستانەکان بەردەوام بن.
هاوکات ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند پیێش تەواوبوونى دانوستانەکان سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئەمریکی، ستیڤ ویتکۆف، بەهۆی خشتەی گەشتەکانەوە دانوستانەکانی بەجێهێشت، و وەزیرى دەرەوەى ئێران دواى کۆبونەوەکە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی لەسەر چەند پرسێک.
ئەم دانوستانەی ئەمڕۆ کە پاشنیوەڕۆ بەڕێوچوو لەسەر بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەیە لە ساڵی 2015ـەوە کە تێیدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران واژۆکرا و دواتر لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە.
لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لەو رێککەوتنە بەردەوام ترەمپ هەوڵی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەدات و ئێستاش هەوڵ بۆ دانوستان لەسەر رێککەوتنی نوێ لەگەڵ تاران دەدات هەتا بتوانێت سزاکانی لەسەر لابەرێت.
عێراقچی پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ رۆما لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر دژایەتی تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە و گوتی، ئەمڕۆ بەشداریکردن لە پێنجەمین گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە رۆما دەبێت و دۆزینەوەی رێگەی گەیشتنیش بە رێککەوتن کارێکی ئاڵۆز نییە، بەڵام لەبارەی پیتاندن یۆرانیۆم لە ئاستی سفردا، رێککەوتنیان نییە و کاتی بڕیاردان گەیشتووە.
