شاندێک بۆ ڕادەستکردنی لیستی مووچە دەچێتە بەغدا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد بۆ رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، سبەینێ یەکشەممە 25-05-2025 شاندەکە لیستی مووچە دەباتە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتڕاستکردنەوەی لیستەکە و دواتر شاندەکە لیستەکە دەباتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینی.

دەشڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە زووترین کات وردبینی لە لیستی مووچە تەواو ببێت بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان کە دەکەوێتە 06-06-2025 مووچەی مانگی پێنج دابەش بکەن.

دوێنێش هەمان سەرچاوە وتى، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان پێدراوە رۆژی سێشەممە 27-05-2025 پارە بۆ مووجەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.

هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە". 

2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.

لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیاند، ئەم مانگە داوا لە سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان کراوە لە کاتی تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆران ئاماژە بە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بدەن بۆ لێبڕینی لەسەدا یەک، لە مووچەی بنەڕەتی.

ئەو دەڵێت، بۆ ئەم مانگە بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بە راسپاردەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لێبڕینەکە دەکرێت.

رۆژی 17-12-2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کۆدی بایۆمەتری بکاتە ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەم کۆدە لە سیستمەکەدا تۆمار دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار