رۆیتەرز: تاوەکو هاوین رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتن ناکرێت

5 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ڕۆژى هەینى ڕابردوو گەڕێکی دیکەی دانوستانە ئەتۆمییەکە جارێکی دیکە بێئەنجام کۆتاییهات، وەزیری دەرەوەی عومان بە پێشکەتوو ناویبرد، بەڵام گوتی، یەکلاکەرەوەش نەبووە.

ئیسرائیل گومانی لە سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە، ئامادەکاریی هێرش بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران دەکات و ئەوە دوایین راپۆرتی پێگەی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمریکییە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیش بۆ رۆیتەرز، تاوەکو هاوینی ئەمساڵ رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتن لە رووی تەکنیکییەوە مومکین نابێت، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسەکەی گوتووە، ئەگەر ئەمریکییەکان واز لە داواکاریی سفرکردنەوەی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنن، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەگەنە رێککەوتن.

حسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری خامنەیی لە رۆژنامەی کەیهان، ئامانجی ئەمریکای لە دانوستانەکان بۆ دروستکردنی فیتنەوە و ئاژاوە لە وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە.

بەگوێرەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە یەک دوو کۆبوونەوەى داهاتوودا ئەگەر بەمشێوەیە گفتوگۆکان باشبن، ئەوا بەرەوپێشچوونێک دەبێت لە گفتوگۆکان.

بەگوێرەی میدیای ئێرانی لە گفتوگۆکانی خولی پێنجەم، پرسی پیتاندی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران تەوەرەی سەرەکی بوون.

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا داوای سفر لە سەدی پیتاندنی یۆرانیۆم لە تاران دەکات، لە تازەترین هەنگاویدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چوار فەرمانی جێبەجێکاریی وڵاتەکەی واژۆکرد، بە ئامانجى نوێکردنەوەی وزەی ئەتۆمی لەبواری سڤیل لە وڵاتەکەی و چوارهێندەکردنی بەرهەمهێنانی ئەو وزەیە لە 25 ساڵی داهاتوودا.

سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیی نوێ لە وڵاتەکەی خێراتر بکات و گوتی، دەبێت ماوەی دروستکردنی هەر وێستگەیەکی ئەتۆمی زیاتر لە 18 مانگ نەخایەنێت.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی خولی شەشەم دانوستانەکان تاوەکو ئێستا دیار نییە، بەڵام سێ خولی پێشتری دانوستانەکان لە مەسقەتى پایتەختى عومان بووە و دوو خولیش لە رۆما بەڕێوەچوون، سەرجەم خولەکانى دانوستانیش بەنێوەندگیریی عومان بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار