ڕێژیسۆرێک له سلێمانییه‌وه بۆ ستۆکهۆڵم.!
7 ساڵ لەمەوپێش
کامه‌ران سوبحان
بۆ من شێواز و تایبه‌تمه‌ندیى د.فازیل جاف له نووسیندا، تازه نییه. به‌و پێیه‌ى له‌گه‌ڵ براى هێژام عه‌بدوڵڵا مه‌حمود زه‌نگه‌نه دوو کتێبمان له عه‌ره‌بییه‌وه کردووه به کوردی، کتێبى سێیه‌میشمان چاوپێکه‌وتنێکى به‌رفراوان و فره لایه‌ن بوو له‌سه‌ر کار‌و شێوازى ده‌رهێنانی، به‌ناوی(ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن) له‌گه‌ڵ کاک شۆڕش محه‌مه‌د حسێن... هه‌ر سێ کتێبه‌که‌ى له‌سه‌رده‌م چاپ بوو.
یاده‌وه‌رییه‌کم هه‌یه له‌گه‌ڵ کتێبی(ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن) چاپى یه‌که‌م ساڵى ٢٠٠٥ کاک دڵشاد عه‌بدوڵڵا سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى ئاینده، بڕیاریدا وه‌ک کتێبێکى سه‌ربه‌خۆ کتێبی(ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن)چاپ بکه‌ین. داواى لێکردم کاره هونه‌رییه‌کانى کتێبه‌که خۆم سه‌رپه‌رشتى بکه‌م، ئه‌وکات مامۆستا قادر میرخان نه‌خشه‌سازیى به‌رگه‌که‌ى بۆ ده‌کردین. بیستبووم له هه‌ندێ هاوڕێى ئه‌و کاتى سه‌رده‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى (شێرکۆ بێکه‌س و فازیل جاف)هاوڕێى ته‌مه‌ن بوون، به‌ڵام ئێستا ساردییه‌ک لهبهینیاندایه. منیش هه‌ر ئه‌وکاته به کاک دڵشاد عه‌بدوڵڵام وت، ئاساییه ئه‌م کتێبه، پێشتریش کتێبێکى ترمان چاپ کردووه بۆی، کاک شێرکۆ پێى ناخۆش نییه؟ کاک دڵشاد پێکه‌نى و وتى نا..نا بۆ پێیناخۆشه.! (خۆى ئاسا، به کورتى و پوختى وه‌ڵامى دامه‌وه) به‌س له‌ڕاستیدا من هه‌ر گومانى ئه‌وه‌م ده‌کرد گرفتمان بۆ درووست بێت، ڕه‌نگه کاک شێرکۆ بڵێ ماوه‌یه‌کى که‌مه کتێبێکى تر‌ى فازیل جافمان چاپ کردووه، با بمێنێ بۆ کاتێکى تر.!
ئێواره‌یه‌ک له ژوورى نه‌خشه‌سازیى له ده‌زگاى سه‌رده‌م، من و مامۆستا قادر میرخان و کاک خالید محه‌مه‌د که نه‌خشه‌سازیى ناوه‌وه‌ى کتێبه‌که‌ى کردبوو، له‌سه‌ر کۆمپیته‌ره‌که سهیریى به‌رگى کتێبه‌که (ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن)مان ده‌کرد، قادر میرخان درووستیکردبوو، کاک شێرکۆ خۆى کرد به ژووردا و سڵاوێکى کرد و هاته لامان، له کۆمپیته‌ره‌که‌دا سه‌یرێکى به‌رگه‌که‌ى کرد‌و که‌مێ بێده‌نگ بوو. له‌ژێر چاویلکه‌که‌یه‌وه سه‌یرێکى منى کرد و به تۆنێکى هێمن و پرسیارئامێز، پرسى ئه‌مه کارى تازه‌ى فازیل جافه؟ کاک شێرکۆ نا.. ئه‌وه چاوپێکه‌وتنێکى دورودرێژییهتى من و کاک شۆڕش کردومانه.!(من وا وه‌ڵامم دایه‌وه) که‌وته قسه‌کردن، وه‌ک ئه‌وه‌ى بڵێى پێ بێت و چاوه‌ڕێى ده‌رفه‌تێک بێت، ئه‌و قسانه‌ى بکات. ( کامه‌ران ڕه‌نگه تۆ بزانی، ئێمه ده‌مێکه براده‌رین له‌گه‌ڵ فازیل جاف، کتێبه‌که‌ى تریشتانم خوێنده‌وه، له‌سه‌ر مایرهۆڵد، ئه‌م پیاوه خوێنهوارێکى قوڵه. شاره‌زاییه‌کى زۆر باشى له شانۆ و ئه‌ده‌بیاتدا هه‌یه. به‌ده‌ر له سلێمانى که هه‌ندێ ده‌قى شانۆییم بۆ وه‌رگێڕاو زۆر باش کارى تێدا کرد، له‌سویدیش، هاوڕێ بووین. به‌ڵام ماڵى حیزبایه‌تیم وێرانکرد، برا له برا و هاوڕێ له هاوڕێ ده‌کات.! که‌مێ بێ ده‌نگ بوو، وتى زۆرم پێخۆشه و هونه‌رمه‌ندێکى زۆر باشه، بریا کارى تازه‌مان ده‌بینی، بزانین گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێ؟!) هه‌ندێ قسه‌ى تریشى کرد و خۆى ئاسا، کۆتایى قسه‌کانى کرد به نوکته.!
پاش بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و کتێبه‌مان، که پاشتر، دوو جار چاپکرایه‌وه، کاک شێرکۆ کۆمه‌ڵێ ژماره‌ى له ژێر مێزه‌که‌ى خۆى دانابوو، به دیاریى به هه‌ندێ له‌و هاوڕێیانه‌ى ده‌به‌خشی، که‌سه‌ردانیان ده‌کرد. ئه‌م چیرۆکه هه‌ر مایه‌وه، نازانم په‌یوه‌ندییان ئاسایى بوویه‌وه یان نا؟ پاش مردنى که یاده‌وه‌رییه‌کانى کاک شێرکۆ بێکه‌س (نووسین به ئاوى خۆڵه‌مێش) بڵاوبویه‌وه، ستایشى فازیل جاف ده‌کات و وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکى مه‌زنى کورد هێماى بۆ ده‌کات.
د.فازیل جاف، یش کارێکى باشیکرد، ئه‌م کتێبه‌ى پێشکه‌ش به کاک شێرکۆ بێکه‌س کردووه، له‌ناویشیدا، ده‌یان یاده‌وه‌ریى جوانى خۆى و کاک شێرکۆ و شانۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م نووسه‌رو ڕێژیسۆر، سه‌ره‌تاکانى یاده‌وه‌ریى کارى هونه‌ریى خۆی، له زیاتر له ٤٠ ساڵى ڕابردوودا، به‌ناوى (ڕێژیسۆر و نمایش له سلێمانییه‌وه بۆ ستۆکهۆڵم) به‌شى یه‌که‌مى له چوارچێوه‌ى (٢١٥ لاپه‌ڕه‌دا) نووسیوهتهوهولهدهزگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م بڵاوکراوه‌ته‌وه.
تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌م کتێبه، له دوو ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌کیدایه، یه‌که‌میان، شێوازى گێڕانه‌وه، دووه‌میان، زانیاریى ناو یاده‌وه‌رییه‌کانى ئه‌و ڕۆژگاره.
له‌شێوازى گێڕانه‌وه‌دا، شێوازى نووسینى کتێبه‌که وایه گرتت به‌ده‌سته‌وه، مه‌حاڵه بتوانیت ده‌ستى لێههڵبگریت، تا ته‌واویى ده‌که‌یت. ئه‌ویش به ئه‌فسوونى ئه‌و شێوازه گێڕانه‌وه‌یه که خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌کات، نووسه‌ر یاده‌وه‌ریى خۆى بۆ ده‌گێڕێته‌وه.! ئه‌و هێڵه ڕۆحییه‌ى له‌نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا هه‌یه، ئه‌م ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ره، به وریایى کارى له‌سه‌رکردووه‌و توانیویه‌تى ڕامى سایکۆلۆژیاى خوێنهربکات. جارێ به گێڕانه‌وه‌ى ته‌نز، جارێک به فاکت و ڕوداوى گرنگ، جارێ به زانیاریى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى که ئاماژه‌ى پێداون (ده‌ق، مۆزیک، ده‌رهێنان، شیعر، فه‌لسه‌فه، سایکۆلۆژیا) ئه‌مانه‌شى خستووه‌ته خزمه‌ت گێڕانه‌وه‌ى ڕۆژگاریى کارکردنى خۆى له هونه‌ردا.
ئه‌م نووسه‌ره، به تیشکێکى خێرا له قۆناغى ناوه‌ندییه‌وه ده‌چێته زانکۆ، له ساڵانى خوێندنى له زانکۆ و کۆلیژى هونهرهجوانهکانى به‌غدا یاده‌وه‌ریى خۆی، له‌گه‌ڵ دوو دکتۆرى زۆر دیاریى شانۆ ده‌گێڕێته‌وه، بۆ خۆم پاش چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک له تێکه‌ڵاوى لهدونیایهدا، یه‌که‌مجارمه، خوێندبێتمه‌وه، یان بیستبێتم، که‌سێ به‌و جورئه‌ته‌وه، ئه‌زموونى هونه‌ریى و ئه‌فسانه‌ى ئه‌و دوو که‌سه به‌تاڵکاته‌وه.!
«له ئه‌کادیمیاى هونه‌ره‌جوانه‌کان ساڵى یه‌که‌م و دووه‌م به‌شێوه‌یه‌کى گشتى وانه‌ى نواندنم خوێند. له‌و ساڵه‌دا دوو مامۆستا وانه‌ى نواندنیان پێگوتمهوه(ئه‌سعه‌د عه‌بدولڕه‌زاق و بهنام میخائیل)هیچ کام له‌م دوو مامۆستایه لێهاتوو نه‌بوون. د.ئه‌سعه‌د گوایه میتۆدى ستانسلافسکى له ئیتاڵیا خوێندبوو، ساڵێکى ته‌واوى به‌باسى قهلهمونهکهى ستانسلافسکییهوه برده سه‌ر.! بهنام میخائیلیش وه‌ک هه‌وادارێکى سه‌رسه‌ختى ناتۆرالیزم و به‌ناوى ڕیالیزمه‌وه هه‌مو داهێنانێکى ڕاسته‌قینه‌ى له‌گۆڕنا! به‌هره کوژێکى بێمانه‌ند بوو. سیفه‌ت و شقڵى ته‌واوى ئه‌و ووزه کوشتنه بوو، من ناوم نا بوو مامۆستاى ئهنتى شانۆ و نواندن.!»
ڕێژیسۆر و نمایش، له سلێمانییه‌وه بۆ ستۆکهۆڵم لا( ٢٧-٢٨)
ئه‌مه له‌کاتێکدا له‌نه‌وه‌ده‌کاندا له هونهرهجوانهکانى سلێمانی، ئه‌م دوو که‌سه کرابوونه په‌یامبه‌رى شانۆ له عێراقدا.! ئه‌م دیده ره‌خنه‌گرانه‌ى گێڕانه‌وه‌ى کتێبه‌که، له ده‌یان نمونه‌ى تردا ده‌بینرێت.
ئه‌م کتێبه و نووسینه‌کانى تریى ئه‌م ریژیسۆره، پێ زانیارییه، به‌تایبه‌تیش له بوارى «سایکۆلۆژیا و خودناسیندا» گێڕانه‌وه‌کانى پێ تام و چێژه. له‌م کتێبه‌شدا، خوێنه‌ران له زمانى کاره‌کته‌رى ناو ڕوداوو نمایشه‌کانه‌وه ئاشنا ده‌بێت به ڕوداوه هونه‌رییه‌کانى ئه‌و ساڵانه‌ى که خۆى یاده‌وه‌ریى له‌گه‌ڵتا هه‌بووه‌و له‌م کتێبه‌دا نووسیویه‌تییه‌وه. به‌تایبه‌تیش باسى له سێ ئه‌زموونى کارى هونه‌ریى خۆى ده‌کات له سلێمانی، که یه‌کێکیان (پردى ئارتا)یه، که له ساڵى ١٩٨٧ دا له‌سلێمانى پێشکه‌شکراوه‌و تا ئێستاش ناوێکه له‌و به‌رهه‌مانه‌ى وون نابێت و به‌رده‌وام ئاماژه‌ى پێده‌کرێت، به بێ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌بێ که له‌م کتێبه‌دا ئاماژه‌ى پێدراوه. به‌ڵام تا ئێستا ئێمه هه‌ر ده‌ماوده‌م ڕوداوه‌کانمان بیستووه.
ئه‌م کتێبه له‌سه‌ر زمانى که‌سى یه‌که‌مى به‌رهه‌مه‌که‌وه، چه‌ندین لایه‌نى شاراوه‌و نهێنى و ڕۆڵى ڕه‌گه‌ز و بنه‌ما هونه‌رییه‌کانى ده‌خاته ڕوو. هه‌ردوو شانۆگه‌ریى (دوو ره‌گ و جیهان له‌ناو له‌پى ده‌ستدا) ئه‌م به‌رهه‌مانه زیاتر بیانویه‌کن بۆ ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێ نهێنى و ره‌گه‌زیى کاره هونه‌رییه‌کانى ئه‌و ڕۆژگاره بگێڕێته‌وه، هه‌م خوێنه‌ر ئاشنا بکات، به (ستایل و شیوازى کارکردن و ئه‌کته‌ر و ڕێژیسۆر و ده‌رهێنه‌ر و بینه‌ر و ... هتد). ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له کتێبه‌دا، خوێنه‌ر ئاشنا ده‌بێت به ستایل و شێوازى کارکردنى چه‌ندین نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر.
چاوه‌ڕێى به‌شى دووه‌مى کتێبهکهین، بزانین نووسه‌ر، به‌زمانێکى تر، به‌ده‌ر له زمانى دایک، چ کارێکى تر‌ى هونه‌ریى کردووه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان له چیدایه.؟