جارێکی دیکە عەلمانیەت: لە پێناو ڕاگرتنی چەواشەکاری

11 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەحمەدی مەلا

چەواشەکاران بە بێ چەواشەکاریی دەکەون. رۆژ نییە عەلمانییەت و عەلمانی وەک بێ دین و ئیلحاد تەماشا نەکرێت، ئەگینا دەکەونە نێو تەڵە و داوای خۆیان.

دین و ئیلحاد دوو شێوەی بیرکردنەوەن لە دنیا، دوو دنیابینییە یەکێکیان پێیان واتە خودا ئێمە و کەون و کائیناتی دروست کردووە، ئەو مانا دەبەخشێتە ئێمە، ئەو بۆ ئامانجێکی دیارییکراو ئێمەی دروستکردووە، دوارۆژ هەیە و حەق و حیساب و سزا و پاداشت هەن، ئەوەی بڕوای بەمە نەبێت بە بێ دین دەژمێردرێت. دووەمیان پێی وایە خودا بوونی نییە، دنیا دروست بووە مەرج نییە ئێمە بزانین چۆن و بۆچی، بەڵکو ئەمە ئیشی زانایانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەبێ هەوڵ بدەین بە بێ خودا بژین. هەن بە بێ خودا دەژین و هیچ گرفتێکی ئۆنتۆلۆژییان نییە. واتە ئاساییە،

ئەم دوو کاتێگۆرییە دژ بە یەکن، دەشێ رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، شەڕی ئەهلی و ناوخۆ بەرپا بکەن، بۆ ئەوەی ئەمە روو نەدات، چەمکی عەلمانییەت دروست بوو.

عەلمانییەت پێی وایە کە دەوڵەت دەبێ بەیەک چاو سەیری بێ دین و دیندار بکات، بە پێی یاسا ئەمە تەنزیم بکات، بواری گشتی و بورای تایبەت لەیەک جودا بکاتەوە. بیروڕای ئاینی و فەلسەفی دەچنە بواری تایبەتەوە و تاکەکان ئازادن چ ئاین و فەلسەفەیەک هەڵدەبژێرن بە بێ ئەوەی ئەم بوارە بچێتە تەماسەوە لەگەڵ بوار و فەزای گشتی. واتە بەرکەوتە دروست نەبێت.

فەزای گشتی پەروردە و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت دەگرێتەوە. یاساکان سروش لە ئاینەوە وەرناگرن بەڵکو بە پێی هەلومەرجەکان دادەڕێژڕین و پەرلەمان بەرپرسە لە هەموارکردنی یاساکان. یەکێک لەو یاسایانە تەنزیمکردنی فەزای گشتی و فەزای تایبەتە.

وەک چۆن بۆت نییە بە شووشەیە شەراب لە بازاڕ بسورێیتەوە، هەر بەو پێیە بۆت نییە بە ناوی خوداوە خەڵکی دیکە ئیزعاج بکەیت و بەرماڵەکەت لە ناوەندی بازار دابنێت.

ئیشی دەوڵەت دینداری و بێ دینی نییە، بەڵکو رێکخستنی کۆمەڵگەیە تاکو بەرکەوتەی نەخوازراوی لێ نەکەوێتەوە. دەوڵەت سنووری هەیە، ئاین سنووری نییە، بۆیە دەوڵەت لە نێو سنووری خۆی کۆمەڵگە رێکدەخات،

بەرژەوەندی دەوڵەت لە پێش هەموو شتێکەوەیە، چونکە، ئەوە دەوڵەتە دەیمومە بە کۆمەڵگە دەدات نەک بیروبۆچوونی ئاینی و فەلسەفی، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئاین و فەلسەفە کاریگەرییان بەسەر دەوڵەتەوە نەبێت.

دەوڵەت لە ناو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکاندا هەڵدەکات، دین لە دەرەوەی مێژووەوە دێت. دوو دنیابینی زۆر جودان.

بە کورتی دەشێ من عەلمانی بم و دیندار بم و دەشێ عەلمانی بم و مولحید بم. بۆ نموونە، بۆ قەیرانی وشکەساڵی، دەوڵەت دەبێ بیر لە دروستکردنی بەنداو بکاتەوە، فەزای سەوز زیاد بکات، ئیماندار بیر لە نوێژە بارانە دەکاتەوە. یەکەمیان کاریگەریی ماددی دەبێ، دووەمیانیش بۆ ئیمانداران جێدەهێڵم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار