خوێنەر و کتێب
چەند سەرنجێک لەسەر پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر
6 ساڵ لەمەوپێش
مرۆڤ بۆیە کتێب دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی فێربێت پرسیار بکات
فراتنس کافکا
کردنەوەی پێشانگەی کتێب، ڕووداوێکی زۆر گەورەی پۆزەتیفە بۆ خوێنەران و نووسەران. لەوێدا چەندین ناونیشانی نوێ لە هەموو بوارێکدا دەخرێنەڕوو، کە ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ دەستکەوتنی ئەو کتێبانەی ئارەزووی خوێندنەوەیان دەکرێت. لێرەدا باس لە سوودەکانی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب ناکەین، چونکە هەموو کەسێک کۆکە لەسەر گرنگی ئەو پێشانگەیە و بەردەوامبوونی.
لە سەرەتای نەوەدەکاندا کاتێک ئێمە دەستمان بە خوێندنەوە کرد، زۆر بە زەحمەت کتێبمان دەست دەکەوت و زۆرجاریش بەدوای چەند ناونیشانێکدا دەگەڕاین و دەستمان نەدەکەوت. ئەوەش دەکرێت بە سەردەمی قەیرانی کتێب ناوی ببەین. بەوەی ئەو خوێنەرانەی بەدوای کتێبدا دەگەڕان، نەیاندەتوانی دەستیان بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکاندا بگات، بەڵام ئێستا تا ڕادەیەک کێشەی سەرچاوە و دەستکەوتنی کتێب کەم بۆتەوە، واتا قەیرانی کتێب و نووسین و سەرچاوە تا ڕادەیەک نییە، بەڵکو وەک (ئەدۆنیس) دەڵێت قەیرانی خوێنەرە.
هەموو ئەوە دەزانین کە گەڕان بۆ کتێب و خوێندنەوە، ئارەزووی چەند کەسێکی زۆر کەمی ئەم کۆمەڵەی ئێمەیە و زۆرینەی خەڵک دوورن لە خوێندنەوەوە و لای ئەوانەش ئەهلی کتێب و خوێندنەوە ڕوویەکی نێگەتیڤی وەرگرتووە و وەک خوویەکی بێکەڵک تەماشای دەکرێت. ئەوەش ئاشکرایە کە بەکولتوورکردنی خوێندنەوەش بە تەنها لە پێشانگەی کتێبدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە چەند ڕوویەکی جیاوازەوە ئیش بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، بەڵام پێشانگەی کتێب بۆنەیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی کتێب بە ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک ئاشنا بکەیت.
بۆ ئاشناکردن و هاندانی خوێندنەوە لەناو ئەو میللەتانەی کە خوێندنەوە تێیاندا نەبووەتە کولتوور، حکومەت وەک کارئاسانی کۆمەڵێک هەنگاو دەنێت. لە پشت ڕێکخستنی پێشانگەی کتێبیشەوە، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئامانجی پێشانگەکە برەودانە بە خوێندنەوە، ئەوەش هەر بە دروشم و قسەکردن نایەتەدی، بەڵکو دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێک بگیرێتە بەر:
- پێویستە هەوڵ بدرێت ئەو پێشانگەیە لە شارەکانی تریش بکرێتەوە، مەرج نییە لە هەمان کاتدا بێت، دەکرێت کاتەکانیان تا ڕادەیەک دوور بێت لە یەکەوە، بەوەش ژمارەیەکی زیاتر دەتوانن پێشانگەکە ببینن.
- ڕێکخستنی پێشانگەی کتێب بۆ کتێبی فارسی، چونکە بەشێک لە نووسەران و خوێنەران زمانی فارسی دەزانن، هەروەها بەشی کتێبەکانی زمانی ئینگلیزیش زیاد بکرێت.
- بردنی خوێندکارانی قۆناغە جیاوازەکان بۆ پێشانگەکە و هۆکاری گواستنەوەیان بۆ دابین بکرێت، نموونەی لەو شێوەیەم لەم پێشانگەیەی ئەمساڵدا بینی، بەڵام پێویستە ئەوە فراوانتر بکرێت.
- هاوکاریکردنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆ، بۆ ئەوەی کتێبی زیاتر لە بوارە جیاوازەکاندا چاپ بکەن و نرخی کتێبەکانیش دابەزێنن بۆ ئاستێک کە زۆرترین خوێنەر دەستیان پێیان بگات. بە هەمان شێوەیە هاوکاری دەزگاکانی دەرەوەش بکرێت لە گواستنەوە و شوێنی مانەوە و کرێی شوێنی خستنەڕووی کتێبەکانیان، بە مەبەستی داشکاندنی نرخی زیاتری کتێبەکانیان.
- پێویستە ڕیکلامێکی زیاتر بۆ پێشانگەکە بکرێت و ڕاگەیاندنەکانیش کاری فراوانتری لەسەر بکەن. بەدەر لەو پێشانگەیەش، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن بەرنامەی زیاتر لەسەر کتێب بکەن و گفتوگۆی جددی دەربارەی ئەو کتێبانە دروست بکەن کە بڵاودەکرێنەوە.
- پێویستە پێشانگەی کتێب بکرێتە بۆنەیەک بۆ خۆشەویستکردنی کتێب و بەرزڕاگرتنی بەهای کتێب، بەو شێوەیەی خوێنەر وەک کەسێکی ئاگادار و پڕزانیاری و خاوەن ئیرادە و بڕیار وێنا بکات.
بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و خۆشەویستی کتێب لای خەڵک، پێویستی بە پرۆژەی گەورە هەیە (بۆ نموونە وەک ئەو پرۆژەیەی سۆزان موبارەک لە میسر بە ئەنجامی گەیاند). بۆ ئەوەی خوێنەر زیاد بکەیت، دەبێت بیر لە کردنەوەی چەند دەرفەتێک بکەیتەوە، تا تاکەکانی ئەم کۆمەڵە لە چەند کەناڵێکی جیاوازەوە بەر کتێب بکەون. لە پشت هەموو ئەو سەرەتایەی کە کەسێکی تێیدا بووە بە خوێنەر، چیرۆکێک هەیە کە سەرەتای خوێندنەوەی لەوێوە دەستی پێ کردووە. هەربۆیە بەردەوامبوون و فراوانکردنی ئەم جۆرە پێشانگەیەش، بە شێوەیەک لە شێوەکان خوێنەری زیاتر دروست دەکات.