"ئۆرهان پاموک" لە نوێترین چاوپێکەوتندا
پاموک: "بیرم لەوە کردەوە، زیاتر لە چاوی ژنانەوە باس لە دنیا بکەم."
6 ساڵ لەمەوپێش
ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨ دا، لە گۆڤاری کتێبخانە بڵاوبۆتە.
* لە زۆربەی ڕۆمانەکانتاندا ئاماژە بە یاری شەتڕەنج دەدەن. لە "کتێبی ڕەشی"یشدا پەڕەگرافێکی تێدایە،کە شێخ ئیسماعیل و یاوس سەلیم شەتڕەنج دەکەن. دەتوانیت کەمێک باس لەو پەیوەستییەت بکەی بە یاری شەتڕەنجەوە؟
پاموک: من لە خێزانێکدا گەورە بووم، کە ئارەزوویان لە ماتماتیک و شەتڕەنج بوو. کاتێک تەمەنم هەشت ساڵ بوو، کاکم فێری شەتڕەنجی کردم و ئیتر لەو تەمەنەمەوە دەستم کرد بە یاری شەتڕەنج. خێزانەکەمان بەتوانا بوون لە بواری ماتماتیک و یاری زیرەکیدا. باوکم لە تیپی میللی یاری کاغەزی تورکیادا بەژداری کردووە. مورات پاموکی ئامۆزاشم سەرەتا لە تیپی گەنجانی تورکیادا بوو، دواتر لە تیپی میللیدا یاری کرد. هەموو ئەو کتێبانەی لە ماڵەوە هەیبوون، لەبارەی شەتڕەنجەوە بوون. نەیتوانی بگاتە پلەی پرۆفێسیۆناڵی، بەڵام هێندە شەتڕەنجی دەکرد تا دواتر وای لێهات، کە وەک نوێنەری تورکیا لە بواری شەتڕەنجدا بچێت بۆ ئەوروپا. لە بارەی شەتڕەنجەوە زۆر چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە. واتە دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە خێزانەکەی ئێمە بەهۆی مەراقی ماتماتیک و زیرەکییەوە لە ناو کۆمەڵگەدا هەنگاوێک لە پێشەوە بوو. بۆ نمونە باپیرم ئەندازیار بوو، یاخود با چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە، کە سەلمێنەری زیرەکیی باوکمە؛ کاتێک لە قۆناغی ئامادەیی بووە، ئەوانەی سێ پۆل لەسەرو خۆیەوە بوون، بانگیان کردووە بۆ ئەوەی پرسیاری ماتماتیکیان بۆ شیکار بکات و چەندەها چیرۆکی تریش... ئەمانە کەمێک بە زیادەوە دەگێڕمەوە، بەڵام بۆ ئەوە نییە کە شانازی پێوە بکەم. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی کەمێک لەوان ڕابکەم، بووم بە هونەرمەند. چونکە لە ماڵەوە ئەم کەشە زیرەکییە تیرۆریزمئاسایە هەبوو. مامم پرسیاری ووشەی یەکتربڕی دەکرد، کاکم لە زانکۆدا لە تاقیکردنەوەکانی وانەی ماتماتیکدا، وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دەدایەوە و یەکەم دەبوو. لەڕۆمانەکانیشمدا لەم جۆرە کارەکتەرانە هەن، بۆ نمونە لە "ماڵی بێدەنگ"دا مەتین شانازی بەوەوە دەکات، کە ژمارەی دووخانەیی زەڕب دەکات... لە سەردەمی منداڵیمدا لەگەڵ کاکمدا زۆر یاری شەتڕەنجمان دەکرد. هەمیشە دەمدۆڕان، بەڵام فێری ئەوەبووم بزانم چۆن ئەقڵم بەکار بهێنم. زۆر سوپاسی کاکم دەکەم.
*لەم ماوەیەدا ئەوەم بیست، کە پڕۆژەیەکی سەیرتان هەیە بە ناوی"دیمەنەکان لە باڵەکۆنەکەی پاموک"ەوە...
پاموک: بەڵی لەماوەیەکی کەمدا کتێبێکی وەها بڵاودەکەمەوە. وەک لێرەدا دەیبینن کامێرای فۆتۆگرافم هەیە. بەو کامێرایە لە هەموو شوێنێک، بە تایبەتی لەم باڵەکۆنەوە فۆتۆگراف دەچرکێنم. لە ساڵی ٢٠١٢ دا وێنەم زۆر چرکاندووە، پێدەچێت لەبەر ئەوە بوبێت، کە کامێراکەم تازە کڕیبوو. بەڵام لەو کاتانەدا پرسیارگەلێکی زۆر لە مێشکمدا بوو، کە وەڵامەکانیم نەدەزانی. ئێستا دەڵێن دۆخی خەمۆکی بووە. نەمدەتوانی وەک من دەمەوێت ڕۆمانەکەم بنووسم. ئەوکات لە جیاتی ئەوەی بەردەوام بم لە نووسینی ڕۆمانەکە، دەچوومە باڵەکۆنەکە و وێنەی هەموو ئەو شتانەم دەگرت کە دەمبینین. دوای چەندەها ساڵ کاتێک لەگەڵ بڵاوکەرەوەیەکی فۆتۆگرافدا یەکتریمان بینی، پێم وت، دەمەوێت کتێبێکی وەها بڵاوبکەمەوە، ئەویش وتی دەتوانم بیانبینم. دوای ئەوەی سەیری هەموو وێنەکانی کرد، زۆری بە دڵ بوو. وتی زۆر باشە ئەمانە دەکەین بە کتێبێک. بەهێواشی کارمان تێدا کرد و بوو بە کتێبێک. پێشەکییەکی هەشت پەڕەییم بۆ نووسی. کتێبە فۆتۆگرافییەکان، لە تورکیا و لە دنیاشدا کتێبگەلێک نین کە سەرنج ڕابکێشن و زۆر بفرۆشرێن، بەڵام من ئاسوودەم، لەبەر ئەوەی کتێبێکی وەهام ئامادە کردووە.
*ئێوە باستان لەوە کرد کە ڕۆمانی"ژنە قژسوورەکە" فێمەنیسترین کارتانە. لە ڕۆمانی "ماڵی بێدەنگ"دا حەسەن نیلگونی خۆش دەوێت، بەڵام دەیکوژێت؛ لە ڕۆمانی "سەمەرەیەک لە سەرمدا" ئەوە دەبینین، کە ژنان دەکرێنە دەرەوەی کۆمەڵگە؛ لە بارەی چیرکی خۆشەویستییە بە ئازارەکەی فسونەوە دەڵێیت "ئەمە چیرۆکی ژنانە لە تورکیا"... چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەیت، کە لە کۆمەڵگەکانی هاوشێوەی ئێمەدا، کوڕان بە عەشقەکەکانیان ژنان دەچەوسێننەوە؟
پاموک: ئەمە بە نیسبەت منەوە بابەتێکی گرنگە. وەڵامێکی زۆر هەیە بۆ پرسیاری ئەوەی چۆن هەڵیدەسەنگێنم. با بە ڕەخنەگرتن لەخۆم، کەمێک باس لە خۆم بکەم. لە یەکەم ڕۆمانەکانمدا بەگوێرەی پێویست خۆمم نەچواند لە ژنە قارەمانەکانم، بەڵام ئەو سەردەمەش، تێڕوانینم بۆ ژیان هێندە کامڵ و دەوڵەمەند نەبوو. منیش ژیانم کەم دەناسی. دواتر هەستم بەم کەموکورتییە کرد، ڕەخنەم گرت و مافیشم دا بەم جۆرە ڕەخنانە. ڕەنگە دوای تەمەنی چل ساڵی و دوای ئەوەی بەباشی ژنانم ناسی، ئیتر بێزار بووم لە گێڕانەوەی چینی ناوەڕاست، لایک، بەڕۆژئاوابوو، بۆرجوازەکانی نیشانتاشی. بە تەنها لەبەر ئەوە نا کە لەو ناوەندە بێمە دەرەوە، بیرم لەوە کردەوە، کە بچمە دەرەوەی ڕەگەزی خۆم، زیاتر لە چاوی ژنانەوە باس لە دنیا بکەم.
* لەبارەی یەکەمین ڕۆمانت بە ناوی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" و دوایین ڕۆمانت بە ناوی "ژنە قژسوورەکە" دەڵێیت، کە هەڵسەنگاندنی سێ نەوەن. لە نێوان ئەم دوو ڕۆمانەدا چڵ ساڵ تێپەڕیوە. باشە، جیاوازییەکی چۆن هەیە لە نێوان ئەو پاموکەی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" نووسیوە لەگەڵ ئەو پاموکەی "ژنە قژسوورەکە"ی نووسیوە؟
پاموک: پرسیارێکی جوانە. من چل ساڵە ئەم کارە دەکەم. بە نیسبەت منەوە وەک بڵێی چوار ساڵە ئەم کارە دەکەم. "جەودەت بەگ و کوڕەکانی"م نووسی، خەڵاتی مییلەتی بۆ ڕۆمان وەر گرت، بەڵام بڵاو نەکرایەوە. منیش دەستم کرد بە نووسینی ڕۆمانێکی ڕامیاری سیاسی. دواتر لە ساڵی ١٩٨٠دا کودەتای سەربازی ڕووی دا، ئەم ڕۆمانەش بڵاو نەبووەوە. ڕۆمانەکەم فڕێ دایە سووچێکەوە. دواتر دەستم کرد بە نووسینەوەی ڕۆمانی"ماڵی بێدەنگ". ئەو ڕۆمانەی کە بڵاونەکرایەوە، کاریگەری هەبوو لەسەر ڕۆمانی"ماڵی بێدەنگ"، لەبەر ئەوەش ڕۆمانی"ماڵی بێدەنگ" کەمێک لەو ڕۆمانە دەچێت کە بڵاو نەکرایەوە. لەو ڕۆژانەی پێشوودا، لە ئەرشیفەکەمدا ئەو ڕۆمانەم دۆزییەوە، کە بڵاو نەبوبووەوە، وتم من دەمەوێت ئەم ڕۆمانە تەواو بکەم. بۆچی باس لەمە دەکەم، چونکە لەو ساتەدا هەستم بەو چل ساڵە کرد، کە تێپەڕیبوو. ئەگەر یەکێک بە منی بووتایە ئەم پیاوە چل ساڵە ڕۆمان دەنووسێت، ڕەنگە وەک کەسێک سەیری بکەم، کە لە چاخی ناوەڕاستەوە مابێتەوە. هەستێکی زۆر سەیرە... تکات لێ دەکەم پرسیارەکەتان دووبارە بکەنەوە.
*جیاوازییەکی چۆن هەیە لە نێوان ئەو پاموکەی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" نووسیوە لەگەڵ ئەو پاموکەی "ژنە قژسوورەکە"ی نووسیوە؟
پاموک: چل ساڵە سەرقاڵی هەمان کارم، بیر لەوە دەکەمەوە، کە چوارسەد ساڵی تریش دەتوانم ئەم کارە بکەم. بەڵام لە لایەکیشەوە بیر لەوە دەکەمەوە، کە بە داخەوە هەمیشە بەو شێوە تەندروستە نامێنمەوە و کات نزیک بۆتەوە بۆ ئەوەی بچم بۆ ئەو لا! لەگەڵ ئەوەشدا بیر لەوە دەکەمەوە، دەتوانم هەموو دوو- سێ ساڵ جارێک ڕۆمانێک بنووسم و چوارسەد ساڵی تر بەردەوامبم. ئەوەی جێی داخە ئەمەیە. بەڵام تایبەتمەندییەکانی ئێستام هەمان تایبەتمەندی ئەو سەردەمەیە، کە دەستم کرد بە ڕۆمان نووسین. بە هەمان شێوە بیر دەکەمەوە، هەست بە هەمان نائومێدی و هەمان دڵخۆشی دەکەم. هەمان مرۆڤم. بەڵێ وەک ڕۆماننووس ئەزموونێکی زۆرم هەیە، کاتێکی کەمتر لەدەست دەدەم. ناڵێم ئۆرهان گیان ئەگەر لێرەوە زۆر لەم بەشە بکەیت دەتوانیت تەواوی بکەیت. دەڵێم ئۆرهان گیان، تۆ جارێ ئەم بەشە لێرەدا ڕابگرە، بچۆرە بەشەکەی تر. هەست بە نزیکبوونەوەی سەرنەکەوتن و قورساییەکان دەکەم. یاخود هەست بەوە دەکەم، کە پێویستە زیاتر جەخت لەسەر بڕگەیەک بکەمەوە. لە لایەکەوە خەڵات وەر دەگرم و کتێبەکانم وەرگێڕدراونەتە سەر شەست زمان... بەڵام سەرکەوتن زیاد لەوەی خاکیترم بکات، پێداگرم دەکات لە کارەکەمدا. لە سەرو ئەوەشەوە من وەک خۆم خاکیم. بەڵام ڕەنگە وەک ڕۆماننووسێک متمانەیەکی باشم بەخۆم هەبێت. دەتوانم بە شێوەیەک بیر لەوە بکەمەوە، کە ئەگەر ئەم بڕگەیە بەو شێوەیە بنووسم، ئەوکات زۆر جوان دەبێت، بەڵام ئەمە لە سەردەمی گەنجێتیشمدا هەبوو. جوانترین لایەنی ڕۆماننووسین ئەوەیە، پێش ئەوەی ڕۆمانەکە بنووسین، بڕگەبەبڕگە و بەشبەش بیری لێ بکەیتەوە. تاکو ئێستاش بەو شێوەیە بیر دەکەمەوە. لە کۆتاییشدا جیاوازییەکی هێندە گەورەم نییە لەگەڵ ئۆرهانەکەی پێشوودا. ئێستاش بەهەمان شێوە هەندێک جار دەکەومە دۆخی نائومێدییەوە، هەندێک جار دەڵێم نووسینەکەم باش دەرنەچووە. ئەم جۆرە شتانە هەروەک چل ساڵ پێش ئێستایە.