خۆم و کامیراکەم لە یافا
6 ساڵ لەمەوپێش
یافا، شارە بچووکەکەی بە تەلئەبیبەوە وەنووساوە،"لەناو سنووری پایتەختە" شارێکە بە بەرد. لە بەردی نەخشین دروستکراوە، رووبەڕووی دەریای سپی ناوەڕاست ماوەتەوە. خانوو، کۆڵانە بەردینەکانی سەرکەش سەیری دەریا دەکەن، بەو دۆخەش ماونەتەوە. دەرگا و پەنجەرەکان، نەخشەکانی دیوارەکان هەموویان وەک خۆیان ماونەتەوە. هەموو گەشتیاریان، هەموو ژنە ناسکەکانی تەلئەبیب. بەڵام ژنە موحەجەبە ئیسلامییەکانی لەسەر کەنارەکە، لەسەر ئاوەکە سەیری ناسکی بەژن و رووتی سینگی کیژۆلان دەکەن، گۆشت دەبرژێنن و نێرگەلە دەکێشن. لەوێ دوو دەستە، دوو مۆرال ئاوێتەیە، ناسک و نەرم و مەست، بەرامبەر رەشپۆشی و موحەجەبەیی!
بەیانییەکی زوو، تا بتوانم کامیراکەم ئازاد بکەم، زۆرتر بچمە ناو نەخش و بەردەکانی یافا، بە دیار منارە نەوی کۆنی مزگەوتەکانی یافای بناری تەلئەبیب، یەک شەقاو دوور لە پایتەختی )ئیسرائیل(ە، شارەکەی جەرگ و بازاڕ و گەشتیاری هەموو جیهانە. منارەکان، بەردە کۆنەکان ئایەتی قورئان، نەخشی شینی نووسینی کۆفی قورئانی پیرۆز تێدا دەبریسکێتەوە !
لەناو یافا، وامدەزانی کتێبخانەی عەرەبی دەدۆزمەوە، لەوێ شیعرەکانی )مەحمود درویش، سەمیح قاسم( دەدۆزمەوە. لەوێ لەبەر گەشتیاری و ئاوەدانی و بازرگانی و ژنی نازدار و نازی گوڵزار چیتری تێدا نەبوو. لەوێ ژیان، لە دەریاوە هاتووتە دەرەوە، ماسییەکان، حەلەزون و قەوزەکانی ئاو، بوون بە ژنی ناسک، بە جوولەی کوڕانی چالاک! بە بۆنی شیرین و باڵکێش. لەناو یافا کەلتوور و نەخشەسازی منارەی مزگەوتەکان، زۆرتر لە زۆر شوێنی تر، بە کامیرا و دیدی گەشتیاران ئاشنایە. لە گەرمەی خواردنەوە و سەما و نازی خەناوکە و تەوژمی شەپۆلی دەریا، لەناکاو مەلایەک، بە عەرەبی وەک گەڕەکێکی دیمشق، کە شەڕ و کوشتیارەکان شەرمەزاری کردووە. وەک کۆڵان و گەڕەکێکی میسر کە برسیەتی و رووتی و پیسی ریسوای کردووە. مەلایەک وەک چۆن لە شارەکەم بە سەدا و دەنگی بەرز، منداڵەکان دەترسێنێت، لەوێ! مەلاکە بانگ دەدات و شارەکە ئاوەدان، بازاڕەکە گەرم، گەشتیارەکان مەست!
لە یافا، زووتر عەرەبەکان بە پایتەختی رۆشنبیریان دەزانی، ئیستاش لە چوار گەڕەکی سی گەڕەکی عەرەبن. بەڵام سیما و کەلتووری عەرەبی بێجگە لە ژنی موحەجەبەی قەڵەو و پیاوی ئەسمەر و نێرگەلە و دووکەڵ و گۆشتبرژانم نەبینی! لەناو کۆڵانی خانووە کۆنەکان بە دیزاین و نەخشەکانی سەرسام بووم! دیارە جوانترە، یان ئەو شاکارە بیناسازە نازدارەی، هەموو چاو و کامیرەکان لەوێ ئامادەن و بوار نییە، لەبەر نەخشی پەنجەر و دەرگا و دیوارەکانی پشووێک بدەیت، یان سەندویچێکی ماسی بخۆیت! هەنگاوەکان ئاڵۆز و خەڵکەکە زۆر و دەریاش شێت و هار، بوار نادەن، زۆر شەیدای جوانییەکانی یافا ببیت. بە کوڕە ئیسرائیلییەکەم گوت: من کوردم! دەستێکی بۆ کڵاوە بچووکەکەی سەری برد و بەشادییەوە گوتی” منیش باوکم کوردە، زاخۆ. کوڕە گەنجە رووشیرینە کە، یەکسەر زەنگی بۆ ماڵەوە لێدا، تەلەفۆنەکەی لەناو دەستم دانا و گوتی قسە بکە. منیش گوتم: سەیدا سەرچاڤا ئەز لە هەولێر و کوردستان هاتووم . دیارە ئەویش گوتی: من کوردی نازانم، باوکم لە زاخۆ هاتووە، بەڵام من کوردم! تێیگەیشتم دەبێ کەرکوک مسۆگەر بکەن!