کاریگەرترین ڕوداوەکانی ئازار و هاڕینی مرۆڤ!

6 ساڵ لەمەوپێش



(من بۆیە ڕۆشتم بۆ کوردستان تا ببینم چۆن کەتیرە دەکەن، دەمویست تێبگەم بۆچی ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ کەسی هەژارو برسی بە مانگانەی ١٠٠ تومەن دەچن  بۆ ئەو شاخانە. ئێستا قسەی تر دەبیستم و خەڵکانی ترم بینی. من بە ترسەوە هاتم بۆ کوردستان، ترس لە سونە کان و کوردەکان، کەچی ئێستا دەبینم سونەکان و کوردەکان زۆر میهرەبانن- شازادەی حەمام لا٣٢٥)

کامەران سوبحان

*محەمەد حسێن پاپولیی یەزدی، لە کوڕی کابرایەکی دەشتەکیی تیلیاکخۆر، بۆ منداڵێکی بزێو و پرسیارکەر، بۆ گەنجێکی سەرکێش، بەڵام میهرەبان. دواتر گەڕیدەیەک بەدوای خوێندن و زانست، دەیگەیەنێتە زانکۆیەکی بەناوبانگ و پێشکەوتووی وەک سۆربۆن . پاشتر دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، وەک مامۆستای زانکۆ و توێژەر، کاردەکات. لەتەمەنیی ٥٠ ساڵیدا، بیرەوەریی ئەو ڕۆژانەی ژیانیی خۆی و هاوڕێکانیی و هاوشاریی و ئەو دیمەنە دڵڕەقانەی ژیان بەرامبەر بە مرۆڤ بە گشتیی و ژن و منداڵ بە تایبەتیی،بە زمانێکی زۆر تایبەت و پڕ لە ئەفسوون دەنووسێتەوە.

* ئەم بیرەوەرییانە، یاداشتی ژیانی پڕ لە کێشمەکێشیی قورسی و دڵڕەقی ژیانی مرۆڤە لە پەنجا و شەستەکان، تا سەرەتای حەفتاکانیی ئێران. شوێنی ڕوداوە سەرەکییەکانیی ئەم بیرەوەرییانە، لەشاری (یەزدی)ئێرانەوە دەستپێدەکات، بۆ ئەسفەهان و تاران و پاشتر بۆ ناوچە کوردییەکانی وەک (سەردەشت و شنۆ و مەهاباد). ڕوداوەکان  بە زمانی وێنە و گێڕانەوەی شێوازێ تێکەڵ لە "ڕۆمان و چیرۆک" هەندێ لە دیمەنەکان، هێندە دڵڕەق و بێ بەزەییانە ڕوویداوە، خوێنەر لەگەڵیدا دەگری، هەندێ لەڕوداوەکان هێندە دڵخۆشدەبێ، دەبێ بە بەشێ لە ڕوداوەکان.!

*کاتێ مامۆستابووم لە زانکۆی مەشهەد، لە گوندەکانی سیستان و بلوجستان خەریکی لێکۆڵینەوە بووم  لەسەدان گونددا دەمبینیی کچی ٨تا ١٢ ساڵەیان بە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تمەن فرۆشتووە. لە پێش ٣ هەزار ساڵیشدا برسی و هەژارەکان کچانی خۆیان فرۆشتووە بە دەولەمەندەکان، بەڵام ئێستا بەم فرۆشتنە دەڵێن هاوسەرگیریی!-شازادەی حەمام لا ٢٦

*ئەو ڕوداوانەی لەسەر سنووریی نێوان "عێراق و ئێران" ڕودەدەن. کە منداڵە بێ نان و بێ پێڵاو و برسییەکان. لە یەزدەوە دەیانهێنن بۆ چیا بەرزەکانیی کوردستان بۆ کەتیرەکردن و کارکردنی ١٢ سەعاتییان، تەنها بە چەند پەرداخێ ئاو و پارچەیە نان. لەناو ئەو دیمەنە تاڵ و پڕ ئازارانەدا "عەزیز و مورتەزا" لەپاڵ کەتیرەکردندا، ئەشکەوتێ پڕ دەکەن لە "پەپولە و سەدەها جۆر گوڵ و گیا دەرمانیی" چیاکانی کوردستان! لە ئەنجامدا هەروەک  محەمەد حسێن یەزدیی دەینووسێتەوە "لە پاڵ هەڵدێرێکی جوان و سەرنجڕاکێشدا و ترسناکدا، منداڵێکی گوندەکانییی یەزد، لە پێناوی عیشق و خۆشەویستیی بۆ پەپولەدا، هەڵدێرا و هەلا هەلا بوو! مورتەزە بوویە شەهیدی دۆزینەوە و گرتنی  سەدان جۆر پەپولەی چیاکانی کوردستان. عەزیزیش بەهۆی کۆکردنەوەی گوڵ و گیای شاخەکانی کوردستان، ژیانی خۆی گۆڕیی و پاش چەندین ساڵ بوویە یەکێ لە بازرگانە هەرە گەورەکانی "پەپولە و گیا دەرمانیی" ئێران و ئێستا وەک یەکێ لە ملیارەکان خۆی و خێزان و بەشێ کەسوکارەکەی وەک شا دەژین!

*خاڵێکی تری سەرنجڕاکێشیی ئەم بیرەوەرییانە، گێڕانەوەی داب و نەرێت، سرووشت و بیرکردنەوە، تێڕوانینی مرۆڤە بۆ کولتوور، ئاین، مەزهەب، بیروباوەڕ . لە یەزدەوە بۆ کوردەکان! ئازادیی مرۆڤ لە مەزهەب و ئاین و کولتوور و دابو نەرێت گەورەترە. (ئای خودای گەورە ئەم کوردە سونانە چەند میهرەبان و بە ڕێزن. نازانم بۆچی هەندێ کەس وایان لە ئێمە کردبوو کە لێیان بترسین!)

* کوردەکان زۆر میهرەبانن، ئێمە کاتێ برسیمان دەبێ دەچینە لای ئەوان و ئەوانیش ماست و شیر و پەنیرو نانمان دەدەنێ. گوتی: هەندێ لە منداڵانیش خواردنیی کوردەکان دەدزن، بەڵام کوردەکان توڕە نابن، بەڵام کاتێ کەتیرەی کوردەکان بدزین زۆر توڕە دەبن!  (شازادەی حەمام)

*شازادەی حەمام، بیرەوەریی محەمەد حسێن پاپولیی یەزیدییە. بەشی یەکەم  و دووەم. تەها سێکانیانیی کردووەیەتی بە کوردیی، ساڵح بێچار پێداچوونەوەی بە وەرگێڕانەکەدا کردووە.  چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی بە شێوازێکی جوان کتێبەکەی چاپ کردووە.  لە ئەزموونی ژیانی خوێندنەوەمدا بە یەکێ لە کتێبە هەرە دانسقە و سەنگینەکانی دەبینم و هیوادارم زۆرترین خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە.

No automatic alt text available.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار