سلێمانى یادى 234  بناغه‌ى دامه‌زراندنى کردەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



له بیرم دى سوله‌یمانی که دارولمولکی بابان بوو

 نه مه حکومى عه جه م نه سوفره کیشى ئالى عوسمان بوو

رۆژى چوارشه‌ممه‌ (14) تشرینى دووه‌مى (2018) له‌ سه‌راى سلێمانى یادى دامه‌زراندنى بناغه‌ى دامه‌زراندنى شارى سلیمانى ده‌کرێته‌وه‌، که‌ به‌ر له‌ (234) ساڵ له‌ قه‌لاچوالانه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ى ئێستاى.

مه‌ریوان مه‌سعود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتى یادى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت" له‌ بیناى سه‌راى سلێمانى له‌سه‌ر بودجه‌ى پایته‌خى رۆشنبیرى یادى 234 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى شارى سلێمانى ده‌کرێته‌وه‌".هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، رۆژى چوارشه‌ممه‌ کاتژمێر(3:00ى) عه‌سر چالاکیه‌کانىیادى(234)ساڵه‌ى دامه‌زراندنى شارى سلێمانى ده‌ستپێده‌کات.

کورته‌یه‌ک له‌ مێژووى شارى سلیمانى

شارى سلیمانى  له‌ ساڵی (١٧٨٤) له‌لایه‌ن (ئیبراهیم پاشای بابان) ه‌وه‌ ئاوه‌دانکراوه‌ته‌وه‌. ئیبراهیم پاشا شاره‌که‌ی به ‌ناوی باوکییه‌وه(سلێمان)پاشا‌ ناوناوه. سلێمانی جگه‌ له‌‌وه‌ی ده‌بێته‌ پایته‌ختی میرنشینی (بابان)، له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێته‌ مه‌ڵبه‌ندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچه‌که. به‌شه‌ دیالێکتی سۆرانی له‌ ناوچه‌که‌دا په‌ره‌ ده‌ستێنێ و ده‌بێته‌ زمانی خوێندن و نووسین به‌ جورێک که‌ به‌شه‌دیالێکتی گۆرانی له‌ناوچه‌که‌دا به‌ره‌و که‌مبوون و نه‌مان ده‌چێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان له‌ساڵی (١٨٥١) وه‌ له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، شاری سلێمانی ده‌خرێته‌سه‌ر کۆماری عێراقی ئه‌مڕۆ. شاری سلێمانی له‌ ساڵی (١٩٢٢ تا ١٩٢٤) پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی مه‌لیک (مه‌حمود) بووه‌. شاری سلێمانی جگه‌له‌وه‌ی لانکه‌ی ڕۆشنبیر و تێکۆشه‌ران بووه‌، مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیش بووه‌ له‌ مێژووی کوردستاندا. پارێزگای سلێمانی له‌ چه‌ند شارۆچکه‌یه‌ک پێک هاتووه‌ گرنگترینیان شارۆچکه‌ی )پێنجوێن(ه‌ که‌ وه‌ک ده‌رزوازه‌یه‌کی گه‌وره‌واه‌یه‌ له‌ سه‌ر سنوری ئێران عێراق پاش ئه‌ویش (چه‌مچه‌ماڵ)به پله‌ی دووه‌م دێت که‌ ده‌روازه‌ی دووه‌می شاره‌ رووه و ناوچه‌کانی خوارووی عێراق، سلێمانی به‌ هاوینه‌هه‌واره‌کانی‌ وه‌کو هاوینه‌هه‌واری (ئه‌حمه‌دئاوا، سه‌رچنار، دوکان، سه‌رته‌کیی به‌مۆ، کونه‌ماسی، ئه‌زمڕ و قه‌ره‌داغ) به‌ناوبانگه و چه‌ندین هاوینه‌هه‌واری دڵڕفێی دیکه‌ش. پارێزگای سلێمانی دوو به‌نداوی گه‌وره‌ی تێدایه‌ وه‌ک به‌نداوی (دوکان و ده‌ربه‌ندیخان) که‌ ئه‌وانیش وه‌ک ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاری ناوزه‌ند ده‌کرێن و به‌هاران خه‌ڵکێکی زۆر ڕوویان تێده‌کات.

 

 

شاری سلێمانی له‌ ڕووى هه‌ڵکه‌وته‌ى جوگرافیه‌وه‌.

شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی ( 34 – 36) پلە لەسەر هێڵی کەمەر و هێڵی درێژی ( 45 – 46) پلە لەرۆژهەڵاتی هێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و باکوری خۆرهەڵاتی کوردستانی عیراقەوە. سلێمانی لەباکوری خۆرهەڵاتەوە بەزینجیرە شاخی ئەزمڕ کە( 1702م ) و گۆیژە ( 1524م ) بەرزن و قەیوان دەورە دراوە، لەباشوورەوە چیای بەرانان کە (1373م) بەرزە دەورەدراوە و لەرۆژهەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی (45) کم و پانییەکەی (15 کم) لەرۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە کە (911) م  بەرزییەتی گەمارۆی داوە، شارەکەش ( 853 م) لەئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ئاووهەواکەی بەدەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لەزستاندا ساردو باراناوییەو هاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەکی زۆریش لەنێوان پلەکانی گەرمای شەو رۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت. له‌ کۆندا ئه‌م شاره‌، شەش گەڕەکی تێدابووه‌ ( کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن) هه‌رچه‌نده‌ پارێزگای سلێمانی مێژوویێکی نوێی له‌ دروست کردن و دامه‌زراندنی هه‌یه‌، به‌ڵام مێژووی نیشته‌جێی مرۆڤ له‌ ناوچه‌و قه‌د پاڵی چیا و ده‌شته‌ به‌ پیته‌کانی بۆ سه‌رده‌مانێکی دێرینی مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌رده‌م لانکه‌ی شارستانی بووه‌ .

له‌ ئێستادا ئه‌م شاره‌ بۆ جارێکیتر به‌چه‌ندین چالاکى جۆربه‌جۆر له‌ بوارى هونه‌رى (گۆرانى و مۆیسقاو ئه‌رشیف و شێوه‌کارى و بابه‌ت و لێکۆڵینه‌وه‌ى مێژووى)  یادى (234) ساڵه‌ى ده‌کاته‌وه‌.

مه‌ریوان مه‌سعود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتى یادى سلێمانى به‌ هاوڵاتى وت" یادکردنه‌وه‌که‌ ماوه‌ى سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت، چه‌ندین چالاکى جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت" بۆیه‌که‌مجار ژووره‌کانى سه‌راى سلێمانى له‌ دواى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى بۆ چالاکى هونه‌رى کلتورى به‌کارده‌هێنرێت و زیاد له‌ بیست چالاکى که‌ گوزارشت له‌ مێژووى شارى سلێمانى ده‌که‌ن نمایش ده‌کرێن".یه‌کێک له‌ چالاکیه‌ گرنگه‌کانى یادکردنه‌وه‌که‌ى ئه‌م ساڵ کردنه‌وه‌ى پێشانگاى پۆرترێتی بەشێک لە کەسایەتییەکانی شاره‌ کە بەشێوەی دیجیتاڵ لە لایەن شێوەکار (ڕێبوار خالید) ەوە نەخشێنراوە لەیادی شاری سلێمانیدا نیشان دەدرێت. هاوکات باسى له‌وه‌شکرد له‌سه‌ر بودجه‌ى پایته‌ختى رۆشنبیرى به‌ پێى ده‌رخسته‌ى به‌شداربووه‌کان ‌بڕى(20) ملیۆن دینار بۆ سه‌رجه‌م چالاکییه‌کانى ئه‌م ساڵ ته‌رخانکراوه‌.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار