جەی. دی. سالنجەر - گۆشەگیری و ژنان-

6 ساڵ لەمەوپێش



جەی. دی. سالنجەر كە لەتەمەنی 91 ساڵیدا كۆچی دوایكرد، دیاردەیەكی تایبەت و دەگمەن بوو لە مێژوی ئەدەبی سەدەی بیستەمدا. ئەویش لەدوو ڕووەوە، یەكەم- ئەو گۆشەگیریە ئەدەبی و زیندەگیە دورو درێژەی، زیاد لەچل دانە ساڵ بەردەوام بوو. دووەم- بڵاوبونەوەی ڕۆمانەكەی (پاسەوانێك لەمەزار) كەڕۆماننوسی كۆچكردوو غالب هەلسا وەریگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و دەنگدانەوەیەكی گەورەی وەهای هەبوو، یەكەمین ڕۆمانی هیچ ڕۆماننوسێكی دیكە لەسەدەی بیستەمدا ئەو چانسەی نەبوو. ساڵی 1951 و دەستبەجێ‌ لەگەڵ بڵاوبونەوەیدا، ملیۆنەها دانەی لێفرۆشرا. سەیر لەوەدایە هەتا ئێستاش لەڕیزی پڕفرۆشترین كتێبەكاندایە، دوای تێپەڕوبوونی زیاد لەنیوسەدە.

پێدەچێت گەنجان و خوێندكاران (بەتایبەت لەوڵاتانی خۆرئاوا)، هەتا ئێستاش خۆیان لەقارەمانە هەرزەكارەكەی (هۆڵدن كۆڵفێڵد)ی تەمەن شانزە ساڵدا ببیننەوە، سەرباری ئەو گۆڕانكاریە زۆر گەورانەی بەسەر شێوازی ژیاندا هاتووەو ئەو كۆدێتا گەورەو گراناشی لەنۆرم و بەها و داب و نەریتەكاندا ڕویانداوە.

(پاسەوانێك لەمەزرا) بۆسەر سی زمان وەرگێڕدراوەو زیاد لە 65 ملیۆن دانەشی لێفرۆشراوە. سەرەڕای ئەو هێرشانەشی لەلایەن هەندێ‌ لەڕەخنەگرانەوە ڕووبەڕووی بووەوە، هەروەها لەلایەن دەزگاكانی خوێندنیشەوە. بەوپێیەی نمونەیەكی دزێوی خوێندكار دەخاتەڕوو، لەمیانەی (هۆڵدن)ەوە كە لەخێزان و خوێندنگەو هەروەها كۆمەڵگەش یاخیەو دەربایسی هیچ بەهایەكی ئەخلاقی نییە. ئەڵبەتە بەشێكی ئەو ڕەخنانە ڕاستن، وەلێ‌ لەدەرەوەڕا دادگایی بەرهەمێكی ئەدەبی دەكات، نەك بەپێی لۆژیكی ناوەكی ئەدەبی تایبەت.

ئەم ڕۆمانە ئەو ناوبانگە زۆرەی بۆیە پەیداكرد، چونكە گوزارشتی لەخواستە پەنگخواردووەكانی هەرزەكاران و خوێندكاران و تازە پێگەیشتوان دەكردو لەڕووی كۆمەڵایەتی و مۆراڵیشەوە، پەردەی لەسەر ڕووی جیهانێك هەڵماڵی كەكتێبەكانی پەروەردەو فێركردن و دامەزراوە پەروەردەییە دۆگماكان و ڕێنوماییە مۆراڵییە ئایدیالیەكان لەكۆمەڵگەیەكی نا ئایدیالی و بگرە دووڕوشدا، شاردبوویانەوە.

لێرەوە (پاسەوانێك لەمەزرا) لەگەڵ بڵاوبونەوەیدا، ئەو دەنگدانەوە گەورەیەی دروستكردو گوزارشت بوو لەشتگەلێك كەبۆ ماوەیەكی دورو درێژبوو لەناخیاندا پەنگی خواردبووەوە، پاشان بەهۆی ئەوەوە ڕێگەی خۆی دۆزیەوە تاگوزارشت لەخۆی بكات. ڕەنگە لەبەرئەو هۆكارە بووبێت دواتر زۆرێك لەدامەزراوەكانی پەروەردەو فێركردن، دەستبەرداری سەركۆنەكردنەكانیان بۆ ڕۆمانەكە بوون و بڕیار دەدەن بەخوێندكارانی بڵێنەوە.

تۆبڵێی ئەو سەركەوتنە گەورەیە، بۆبێتە بار بەسەر نوسەرەكەیەوەو ناچاربووبێت لەگەڵ یەكەم بەرهەمیدا، گۆشەگیری هەڵبژێرێت؟ یاخود هۆكارەكەی ترس بووبێت لەوەی لەكتێبی دواتریدا شكست بێنێت و سەركەتوو نەبێت؟

بەتەواوەتی كەس ئەوە نازانێت و سالنجەریش هەرگیز باسی هیچی نەكردووە كەهۆكاری واز هێنانی لەنوسین و گۆشەگیربونی ڕوون بكاتەوە. ئاخر بەدرێژایی 40 دانە ساڵ جگە لەژنان ڕێگەی بەكەس نەداوە لێی نزیك بێتەوە، ئەو ژنانەی هەرزوو وازیان لێی هێناوەو لێی تەكیونەتەوە ، ئەویش گەڕاوەتەوە لای تەنیای خۆی.

جەی. دی. سالنجەر لە 1 كانونی دووەمی ساڵی 1919، لەشاری نیویۆرك لەدایك بووە. خوێندنی سەرەتای هەر لەو شارەدا خوێندووەو پاشان باوكی ناردویەتی بۆ خوێندنگەیەكی تایبەتی لە (مەكبێرنی)، بەمەبەستی تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی، بەڵام لەتەمەنی شانزە ساڵیدا و بەهۆی سەرپێچیەكانیەوە دەردەكرێت. لە (پاسەوانێك لە مەزرادا)، هۆڵدنی كارەكتەری  سەرەكی ڕۆمانەكە لەهەمان تەمەندایە.

دوای ئەوە پەیوەندی بەئەكادیمیای سەربازیەوە دەكات و دوای دووساڵ تەواوی دەكات. لەو كاتانەدا بۆماوەیەكی كەم، ئاشنایەتی لەگەڵ ئۆنا یۆنێلی كچی شانۆ نامەنوسی بەناوبانگی ئەمریكی بۆژین یۆنیل پەیدادەكات. ئۆنا تەمەنی شانزە ساڵ دەبێت و زۆر جوان و قەشەنگ دەبێت.

بەڵام سەروەختێك لەساڵی 1941دا سالنجەر پەیوەندی بەسوپاوە دەكات، پەیوەندیەكەیان كۆتایی دێت و دواتر شوو بەچارلی چاپڵن دەكات كە لەتەمەنی پەنجا و پێنچ ساڵیدا دەبێت، لەكاتێكدا  ئۆنا هەژدەساڵ بووە. ئەڵبەت ئەوە بۆ چارلی چاپڵن شتێكی سەیرنەبووەو شتی وای لێوەشاوەتەوە.

سالنجەر بەدەرونێكی وێرانەوە لەسوپا دێتەدەر، بۆیە بەمەبەستی پشودان ڕوو لەفەرەنسا دەكات و لەوێدا ئاشنایەتی لەگەڵ پزیشكێكی فەرەنسیدا پەیدادەكات (كەزۆری لەبارەوە نازانین)، بەڵام هاوسەرگیریەكەیان تەنها نۆ مانگ دەخایەنێت و دوای ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و بەجیدی بیر لە نوسین دەكاتەوە.

چەند چیرۆكێك لەگۆڤارە ئەدەبیەكاندا بڵاودەكاتەوە، بەتایبەت لە (نیۆركەر)دا و پاشان (پاسەوانێك لەمەزرا) چاپ دەكات. لەو ماوەیەدا زۆر جار بینیویانە كە لەگەڵ كچانی هەرزەكاردا، هامشۆو ڕۆتی هۆڵەكانی دانسكردن یاخود گۆڕەپانی وەرزشكردنی كردووە.

ساڵی 1954 ئاشنای كلیردۆ گلاسی كچی ڕەخنەگری بەناوبانگ ڕۆبەرت دۆگلاس دەبێت كە لەتەمەنی نۆزدەساڵیدا دەبێت و زۆر بەكارەكتەری سەرەكی چیرۆكەكەی (فرانی گراس) دەچێت. ساڵێك دوای یەكترناسینیان، هاوسەرگیری دەكەن و هاوسەرگیریەكەشیان زۆر ناخایەنێت.

ساڵی 1961 (فرانی و زوویی) بڵاودەكاتەوە كەڕەخنەگران بەگەرمی پێشوازی لێدەكەن، بەڵام ڕەخنە لە بەرهەمی دواتری دەگرن (سیمۆر.. پێشەكی)، سەرەڕای ئەوەی فرۆشی زۆریشی دەبێت. دوای ئەو ساڵانەی هەوڵ و چالاكیەكی چڕو پڕی تێدا ئەنجامدا، ئیدی سالنجەر تادەهات دەچووەوە ناوخۆیەوەو تەنانەت لەكلیر دۆگلاسی هاوسەریشی دووردەكەوتەوە كەدوو منداڵی لێی هەبوو.

لەوە بەدوا زۆربەی كات ماڵی جێدەهێشت و زۆربەی ڕۆژەكانی، لەو هۆڵەدا بەسەردەبرد كە بەكولانە دەچوو. جار هەبووە چەند هەفتەیەك لەوێدا ماوەتەوەو لەسەر تەباخێكی بچكۆلانە، خواردنی بۆخۆی ئامادە كردووە. ئەمە وادەكات هاوسەرەكەی كەلەییی بێت و بەرگەی ئەوە نەگرێت. تەنها بەجیابوونەوەش ڕزگاری دەبێت و ساڵی 1967 دەستی لەدەستی دەبێتەوە.

پێنچ ساڵ دوای ئەوە، سالنجەر هەمان شت لەگەڵ كچۆڵەیەكی دیكەدا دووبارەدەكاتەوە كەئەویش (جۆیس مانیارد)ۆیە. ساڵی 1972 (نیویۆرك تایمز) لەسەر بەرگی پێشەوەی گۆڤارەکە دایدەنێت، وەك شاباشكردنی دوای بڵاوكردنەوەی وتارێكی دەربارەی نەوەی شەستەكان و پێشبینی لەدایك بونی ڕەخنەگرێكی گەورەی لێدەكرا.

جۆیس ماینارد ئەوكات تەمەنی هەژدە ساڵ بوو، وەهاش دەهاتە پێش چاو وەك ئەوەی (لۆلیتای لۆلیتاكان) بێت. ڕێكەوتێكی سەیربوو كەچیرۆكێكی سالنجەر بەناوی (كچە هەژدەساڵەكە خواستی ژیانە)، لەهەمان ژمارەدا بڵاو بووبووەوە. لەكونجە پەنهانەكەی خۆیەوە، سالنجەر نامەیەكی بۆ دەنێرێ‌ و سەرسامی خۆی بۆ بەیان دەكات، نوسەرە تازە پێگەیشتووە كەش بڕوا ناكات. بۆیە بڕیار دەدات دەستبەر داری هەموو شت بێت (خاو خێزان و خوێندنەكەی) و خۆی بگەیەنێتە لای سالنجەر. ئیتر ئاوابوو.

باوكی جۆیس مانیارد دەیویست كچەكەی ببێتە نوسەرێكی گەورە، لەبری ئەوەی لەساو پەنای سالنجەردا بپۆكێتەوە. جۆیس خۆشی دركی بەوەكرد، بەڵام كاتێك تەمەنی بوو بە چل و چوار ساڵان!

سالنجەر خۆی لەنێو دنیای نوسیندا نوقم دەكردو ئەویش بەردەوام بوو لەسەر پرۆژەی كتێبەكەی، دەربارەی نەوەی شەستەكان. بەڵام بەرەبەرە كێشەو ناكۆكی لەنێوانیاندا دەست پێدەكات، ئەویش بەهۆی ئەوەی سالنجەر نایەوێت منداڵیان بێت و لەیەك جیا دەبنەوە.

بەچەند مانگێكی كەم دوای ئەوە، سالنجەر هەمان شت لەگەڵ ئەلین جۆیسی ئەكتەردا دووبارە دەكاتەوە كە لەتەمەنی سی و پێنچ ساڵاندا دەبێت. ئەلین نامەیەكی لەسالنجەرەوە پێدەگات و لەنامەكەدا سەرسامی خۆی بەنواندنەكانی دەردەبڕێت و ئەمیش باوەڕ بەخۆی ناكات.

ئاخر سالنجەر لەو دەورو زەمانەدا بوو بوو بەئەفسانەیەكی زیندوو.. قسە و باسی زۆری لەبارەوە دەكرا، بەتایبەت گۆشەگیرییە سەیرەكەی و ڕۆژنامەكانیش هەواڵی ڕاست و ناڕاستیان لەبارەوە بڵاو دەكردەوە.

وەك ئەلین جۆیس باسیدەكات: (ماوەیەكی خۆش پێكەوە بەسەر دەبەن)، بەڵام سالنجەر لەكۆتایی هەشتاكاندا وازی لێدێنێت، دوای ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ خانمە دەرهێنەرێكی گەنج لەهامبشایەر پەیدادەكات. هەموو ئیش و كاری ئەو خانمەش ئەوەبوو، دووبارە ئەو قسانە بداتەوە بەگوێیدا كەخەڵكی دەیانكرد، لەبەر ئەوەی لەو ساڵانەدا گوێی گران بووبوو.

گەورەترین تارماییەك كەگۆشە گیریەكەی تێكدەدات، ئەو خانمەیە لەبارەی نەوەی شەستەكان و ئەتواری سەیر و سەمەرەی نوسەرانی ئەو قۆناغەوە دەنوسێت (كەسالنجەر یەكێكە لەوان)و مەبەستمان لەو خانمە نوسەرەش (جۆیس مانیارد)ە.

ئەم خانمە هەر بەو ئامرازە تۆڵەی لێدەكاتەوە كەكردی بە ئەفسانە (واتە بەنوسین). دوای بیست ساڵ كتێبەكەی (گەر بەڕاستی دەتەوێت لەبارەیەوە ببیستی)، ئەوەش ڕستەی دەسپێكی ڕۆمانی (پاسەوانێك لەمەزرا)دایە.

كتێبەكە ساڵی 1999 بڵاوبووەوە. ئەویش دوای بێنەو بەردەیەكی زۆری پارێزەرەكانی كەهەوڵیاندا بڕیارێك لەدادگاوە دەربچێت و ڕێگە لەبڵاوبونەوەی كتێبەكەی جۆیس مانیارد بگرێت، لەبەرئەوەی ژیانی تایبەتی سالنجەر باسدەكات.

وەك ژنەكانی دیكەو ئەو هەموو ساڵە لەسەر داوای سالنجەر، مانیارد بێدەنگی هەڵبژاردبوو. پێش بڵاوبونەوەی كتێبەكەی تەنها دووجارو بەشێوەیەكی سەرپێی قسەی لەبارەیەوە كردبوو.

جارێكیان لەدیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا وتبوی: (وەك دەزانن جیری- واتە سالنجەر-، كەسێكی گۆشەگیرەو منیش تەواو ڕێز لەو گۆشە گیریەی دەگرم، وەك ئەوەی لەمێژە بەڵێنم پێیداوە، وەلێ‌ ڕابردووی هاوبەشمان، موڵكی منیشە. ئەو پەیوەندیەی نێوانمان منی گۆڕی. سالنجەر كاریگەری گەورەی لەسەر ژیانم جێهێشت، وەك چۆن كاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی هەموو كەسێكی دیكە جێهێشتووە. دوای ئەوەی پەیوەندیەكەی نێوانمان كۆتایی هات، هەستم بەسەرگەردانیكرد. هیچ جێگەیەكم لەم دنیایەدا شك نەدەبرد، تاپەنای بۆبەرم).

دووەم جاریش كەباسی كردبێت، ئەو كاتەبوو یەكێك لەخانمە ڕۆژنامەنوسەكان گفتوگۆیەكی لەگەڵدا سازكردو بەم دەستەواژەیەش پێشكەش بەخوێنەرانی كرد: (ئەو ژنەی هاوڕێی سالنجەر بوو). دەربارەی ئەوە جۆیس مانیارد دەڵێت: (لەو وەسفكردنە تۆقیم كەمنی وەك مرۆڤ و نوسەرێك لەهاوڕێی سالنجەردا كورتكردەوە).

دوای ئەوە مانیارد بڕیاردەدات (پاش نیو سەدە لەجیابوونەوەیان)، گۆشەگیریەكەی سالنجەر تێك بدات و دەربارەی ئەو یەكتر بینینەشیان دەڵێت: (یەكەمجار كەچاوم پێیكەوت، من كچێكی ترساو و  سەرشكاو بووم. بەلای منەوە بەهێزترین پیاوی دنیابوو. دواین شت كەپێی وتم ئەوەبوو: من لایەقی مرۆڤێكی وەک ئەو نیم، بەڵام كاتێك دوای ئەو هەموو ساڵە سەردانیم كردەوە، هەستم كرد ئافرەتێكی بەهێزم لەتەمەنی چل و چوار ساڵیدا. ئەوكات زانیم ئەو هەڵەبووە).

مانیارد گۆشەگیری ئەو تارماییە تێك دەدات كە لەڕابردووەوە هاتوو، بەیەك ڕۆمان جیهانی هەژاند. مانیارد لەماوەی ئەو 25 ساڵەدا نەیتوانی سالنجەر لەبیربكات، هەرچەندە لەو ماوەیەدا چەندین پیاو دەناسێت و لەدوای جیابونەوەیانەوە، ژیانێكی بەربادانە دەژی.

لەجەژنی لەدایك بونی 44 ساڵیدا دەچێت بۆلای سالنجەر، كەبە واق وڕمانەوە لەبەردەم ژوورە بچكۆلانەكەیدا (ژورێك بەكولانەی مریشك دەچێت) پێشوازی لێدەكات، بۆئەوەی یەك قسەی پێبڵێت: (بۆ هەتاهەتایە نەجاتم بوو لەدەستت).

 

 

سەرچاوە:

لاپەرەی کلتووری ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار