خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ـ (کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم ) ی دکتۆر فایەق محمد گوڵپی ـ
6 ساڵ لەمەوپێش
خۆشحاڵم کە دەرفەتی خوێندنهوه و ههڵسهنگاندنى کتێبێکم پێ سپێردرا که پڕه لهڕووداوى گرنگ و ههستیار لەمێژووى قۆناغێکى دیاریکراوى گەلەکهمان، کە ئهوه بۆ من جیى شانازیه ـ ئاشکرایە لای هەموومان پێناسەی نوسەرو ئەدیب دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمی ئەدەبی نوسەر ، تێکۆشەرێکی وەک دکتۆر، وێڕای ئەوەی کوردپەروەرێکی بێگەردو ماندوو نەناس بووەو تەمەنێکی دوورودرێژی خۆی تەرخان کردووە بۆ گەلەکەی. بەرهەمی بیرەوەریەکانی" لێرەوە کە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم " لە ڕوانگەی ئەدەبەوە ناونیشانێکی سەرنج راکێشە .. بەئاشکرا دەڵێم چەند جارێک سەروبەندی کتێبەکەم خوێندەوە ـ لێرەدا ناچمە نێو بوارە سیاسی و شۆڕشگێرییەکە و نێو ڕووداوەکانی، لێ بەڕاستی خۆمیشی لێ بەدوور ناگرم چونکە شۆڕش بەشێکە لە پڕۆسەی بەرەوپێشەوە بردنی کۆمەڵگەی هەموو گەلێک، دوای خوێندنهوهیەکی وردو تێرو تەسەل بۆ ئەم کتێبە ههستم کرد بەراستی ئەوە خۆمم گەشت به ناو ڕووداوهکانی کتێبەکەدا دەکەم و لە نێو ڕووداوە جەرگبڕەکانی گەلەکەمدا ژیام. کەوابوو نووسهر له ڕێی نوسینهوهى ئهو بیروهریانهی زۆر بهساکارانەو دیقهتهوه وێناکردنێکی جوان و وردبینانەی بۆ کردووەو لە ڕێی بەسەرهاتەکانەوە تابلۆیهکی ڕوونی ڕووداوهکانمان دهخاته پێش چاو، بە جۆرێک هەستبکەیت خۆت بەشداریت تێداکردووە. نووسهر لهرێی گێڕانهوهى ئهو بیرهوهریانه باسى دوو قۆناغى جیاوازی ژیانی خۆیمان بۆ دەکا یهکێکیان گێڕانهوهى ئهو دیمهنە پڕ تراژیدیانەیە وهک منداڵێک بهبیرى منداڵى هەستی پێکردووهو لهلاى خۆیهوه هەندێکیانی پهسەند کردوەو هەندێکیشیانی ڕەتکردۆتەوە. دووەمیان گێڕانەوەی ڕاست و ڕادیکالیانە و لۆژیکانەی ڕووداوەکانە لەزمانی شایەتحاڵێکەوە کە خۆیەتی و ڕۆڵێکی تەواوی تێدا هەبووە ـ ئهگهرچى ئهم کتێبه زیاتر گێڕانهوهى یادهوهرى شۆرش و ڕووداوهکانى ناو شۆرشه، لێ من لێرە وهک ژنێک، سەبارەت بەههڵوێستی سیاسى و سهربازى و شهڕەکان کەمتر ڕای خۆم دەردەبڕم، بەو پێیەی لێی بەدوور بووم وەک پراکتیک، بەڵام پڕ بەهەناسەی ژنبوونم ئاخیان بۆ هەڵدەکێشم، لێرەدا دەمەوێ بە بۆچوونی خۆم باس لەرۆڵی ژنان بکەم. هەرچەندە ناڵێم ڕەخنە، لێ بە بۆچوونی خۆم تێبینیەکم هەیە، دەبوو نووسەری بەڕێز بە دیدگایەکی بەرفراوانتر لەسەر رۆڵی ژن بوەستاباو جەختی بکردایەو بە پێداگریی نمونەی زیندوو، باسی لەو تەنگەژانە بکردایە کە ژنان دووچاری دەبوونەوە لەو کاتە سەختانەی شاخ و شەڕو سەرماو سۆڵەو دەربەدەری و سەختی ئەو ڕۆژگارە، جگە لەمەترسیەکانی دەرحەق بەو کیشانهى ڕووبهڕووى دایک و ژنه شۆڕشگێڕو ژنە شههیدێک و بێوهژنێک بۆتهوە. بەندە وەک ژنێکی کورد دەڵێم، دەکرا ئەم کتێبە وهک بابهتیکى کۆمهڵناسیش سهیربکرێ، کاتێ دەبینین ژنێک، کە( دایکی نووسەرە ) لهسهرەتاى تهمهنیەوە، بێوهژن دهکهوێ و قەدەر کۆڵهکهى ماڵهکهى دهڕوخێنێ، لهجیاتى دڵڕاگرتن و ههوڵى پشتگیری و قهرهبووکردنهوهى، کەچی لە نەفامی بیرى دواکهوتوویی خێلهکیەوە هەڵدەستن بە قوڵکردنەوەی برینەکانی و ئازارەکانی زیاد دەکەن. بریارێکی کۆمەڵایەتی خێڵەکی دەدرێ کەدەبێ شوبکاتەوە بە یەکێک لە شوبراکانی، ئا لێرەدا دیقەتی خۆنەویستی دایک بدەن بزانن چۆن له پێناو جگهرگۆشهکانى جۆرەها قوربانی دەدات، هەر قوربانیهکى هێندەی گردێکی وڵات دەبێت، هەر ژنیشە میهرەبانانە بهڕۆحى خۆی ئەو قوربانیانە دەبەخشێت، ئەوەی بهویژدانەوە سهیرى ڕووداوهکانى دواى شههیدبوونى باوکى نووسهر بکا، وەک خۆی بۆمان دهگێڕێتهوه، ههم بێویژدانى عهقلیهتى پیاو سالارى کۆمهلگەی تێدا دهبینین ههم قوربانى و ئازاره رۆحیهکانى بیوهژنێک ههست پێدهکهین کە خۆی لە خۆیدا، بەگەورەیی و بەبچوکی دەکرا تەنها ژیانی دایکی بکرێت به ڕۆمانێک. نوسەر لەسەرەتای ئەم بیرەوەریانەوە جەخت لەسەر کوردستانیبوونی خۆی دەکاتەوە دوور لەشارچیەتی و ناوچە گەرێتی ئەوەی مەبەستی بووە خزمەتکردن بووە بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی وەکو خۆی دەڵێ: باوکم پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی ئەیلول بوو لەرێی باوکمەوە چاوم بەدونیای کوردایەتی و سیاسەت هەڵێنا دەڵێ ئەو نامانەی لەکاتی پێشمەرگایەتی بۆ باوکم دەهاتن، یان ئەو دەینوسین و دەیناردن هەمووی بە ( یان کوردستان یان نەمان )دەستیان پێدەکرد کە ئەوانە بۆ زهنیەتی مناڵێک ئەو کاتە زۆر زۆر بووە،
هەروا دەڵێ: بیری سیاسەتی نەتەوایەتیم لە خوێندنەوەی ( مێژووی کورد و کوردستانەوە) سەرچاوەی گرتووە کە تەنها باسی باشوور یان باکوری کوردستانیان نەکردووە بەڵکو باسی هەموو گەلی کوردیان کردووە و باسی هەر چوارپارچەی کوردستانیان کردووە ـ لە دووای ساڵانی ۱۹۷۰ کوردستان سەرمەستی بەیانی ۱۱ ی ئازار بوو وایان دەزانی باشووری کوردستان ڕزگاری بووە، منیش کەلەسەرەتای ژیانمەوە نەتەوەیی بووم بە ئەرکی خۆمم دەزانی کار بۆ رزگارکردنی پارچەکانی تری کوردستان بکەم، بۆیە لەو بیرکردنەوەم بریارمدا دووای تاقیکردنەوەکانی پۆلی سێی ناوەندی کەئەوسا هەر ۱٤ ـ ۱۵ ساڵان دەبووم باشووری کوردستان بەجێبێڵم و ڕوو لەرۆژهەڵاتی کورستان بکەم لەوێ داوای پەنابەری بکەم و دەست بە خەباتی سیاسی بکەم و حیزبێک پێکبێنم و ئاستی تێکۆشان بەرزکەمەوەو رۆژهەڵاتی کوردستان رزگار بکەم ـ من ناچمە قوڵایی باسی گەشتەکەی ڕۆژهەڵاتی ـ بەڵام ئەوە هەڵوێستی کوردستانیبوونی نوسەربووە لە تەمەنی هەرزەکارییدا .. هەروەها سەرسامی خۆی بۆ هزری نەتەوەیی و شیعری شۆڕشگێڕی زۆرێک لەشاعیرانی ئەو کاتە دەربڕیوە کە بە مانیفیستۆی شۆڕشی نەتەوەیی گەلی کورد ناویان دەبا. نوسەر هەر لەدەسپێکی قۆناغی ئامادەیی کەسایەتیەکی کوردپەروەو پڕ هەڵوێستی کوردایەتی دەبێ ،هەر بۆیە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول وەکو گەنجێکی کوردی شۆڕشگێر ئاخ بۆ چارەنووسی نادیاری گەلەکەی هەڵدەکێشێ و وەک زۆرینەی گەنجان دووچاری جۆرێک لە داڕمان دەبێ، ڕۆژێک لە نێو پۆلدا بەسەرهاتی دژوارو سەختی گەلەکەی وەبیردێتەوەو گریانێکی بەخۆڕ دەیگری و نیگەرانی و بێدەسەڵاتی خۆی دەردەبڕێ، ئەو هەڵوێستەی دکتۆر دەینوێنێ بە بەرچاوی هاوڕێیانی و مامۆستاکەیدا وا دەکات مامۆستاکەی وانەیەکی بداتێ و ڕووبەڕوو پێی دەڵێ: واز لەم لوشکە لوشکە بهێنە دادت نادات ، بخوێنە، بخوێنەو ببە بەگیڤارا بۆ گەلەکەت، لەو ساتەوە زەنگی هۆشیاری هەستی شۆڕشگێڕی لە هزری دەداو مامۆستاکەی ناخی دەهەژێنێ و هیوای تێکۆشان و خەبات و هەڵوێستی کوردانەی تێدا پتەوتر دەکات لەو کاتەوە عەوداڵی بیری شۆڕشگێڕانەی جیڤارا دەبێت. تا ئەو ئاستەی دەیبینین، لە داهاتوودا وەک جیڤارا دەبێت بە دکتۆرو دەبێت بە پێشمەرگەو شۆڕشگێڕ، بەو هیوایەی لە ئایندەشدا ببێتە فریادڕەسی گەلەکەی. هەر لەمیانەی هاورێیەتی لەگەڵ هاوپۆلەکانیدا، شانبەشانی هەڤاڵ کوێستانی وەک دوو هاورێ و هاوبیر، هەمیشە باس نەهەماتییەکانی گەل دەکەن، چۆن گیرۆدەو ژێردەستە کراون لەژێر چەپۆک و سیاسەتی شۆڤێنستانەی ڕژێمی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ. کاتێ بۆی دەردەکەوێت هەڤاڵ کوێستانی حەز بەنووسینی هۆنراوەی شۆڕشگێری دەکات، ئەویش بەهۆی هاوڕێکەیەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نووسین و شیعر، هەستی شۆڕشگێری تێدا زیاتر و زیاتر چەکەرە دەکات. وه لەقۆناغی زانکۆشدا زیاتر خولیای شیعرو گۆرانی دەبێت، بە تایبەت گۆرانیە سیاسی و شۆڕشگێڕیەکانی شڤان پەروەر'ی هونەرمەندی باکوری کوردستان، کە لەو قۆناغەدا گۆشکرابوو بە فەلسەفەی مارکسی لینینی ـ بەو هۆیەوە دەکەوێتە سەر ئەو بیرۆکەیە کە دەکرێ لەرێی ئەو بیرو بۆچوون و فەلسەفەیەوە درێژە بە خەبات بدرێ لە پێناوی دڕیژەدان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد. دکتۆر فایەق، سەبارەت بە باسی ویستی ئەدەب و شیعرو گۆرانی دەڵێ : دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ۱۹۷۵ هونەرمەند عوسمان عەلی گۆرانییەکی دڵداری وت بە ناوی (یەکەم هەنگاو هی کوڕ بووە ) لە شیعری شاعیر دڵشاد مەریوانی ـ ئەو گۆرانیە لەناو گەنجاندا زۆر زوو بڵاوبۆوە ـ بەڵام بەندە ڕەخنەم لەکاتی وتنی گۆرانیەکە هەبوو چونکە بەرای من دوای هەرەس دەبوو گۆرانی شۆڕشگێڕانە بوترایە ـ بۆیە بەسەلیقەی هونەری خۆیەوە دێڕەکانی ئەو شیعرە لەسۆزداریەوە دەگۆرێ بە سیاسی و هاوڕێکانی سەرسام دەبن بەو دەسکاریکرنەو زۆربەی جار لەنێوانی خۆیان بە گۆرانی دەیڵێنەوە ـ ئەمەو جگە لەوەی کەنوسەر هەمیشە سەرسامی خۆی بۆ شیعری شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵێ لە شاعیرانی ئەو کاتە دەربڕیوە لەوانە ( ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و فایەق بێکەس و قانیع و حاجی قادری کۆیی و عەبوڵڵاپەشێو و شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و چەندانی تر ) وەزیاتر وزیاتر لە قۆناغی زانکۆدا سەرسامی خۆی دەردەبڕێ بە شیعرە شۆڕشگێریەکانی لەتیف هەڵمەت لە دیوانی ( پرچی ئەو کچە رەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە) کاتێ قوتابی بووە لە کۆلێژی پزیشکی موسڵ زۆرینەی شیعرەکانی ئەم دیوانەی لەتیف هەڵمەتی لەبەرکردوە، وە دێڕێک شیعر لەو دیوانە بەجوانترین شیعر ناو دەبا کە دەڵێ :
من نازانم تۆ لەکوێوە کشای بۆ ناو چەمی گیانم،
تۆ چۆن زانیت منی هەژار بێ وڵات و دەسـگیرانم !
نوسەر وای دەبینێ کە لەو دێڕەدا شاعیر تەواوی کێشەکانی گەنجی کوردی چڕکردۆتەوە کە بەدەردی هەژاری و مافی نەتەوەیی زەوتکراو و خۆشەویستیەوە دەناڵێنن، بۆیە هەر لێرەدا دەڵێ بەئاواتبوم رۆژێک کچێک خۆشیبوێم و هەست بەئازاری هەژاری وبێ وڵاتی من بکات و هەژاریم بەلاوازی نەزانێ و بۆ چارەسەری کێشەی گەلەکەشم هاوکاریم بکا نوسهر بە بیروبۆچونی خۆی چهند شتێکمان پێ دەڵێ:
ـ دهرچونى لهبازنهى فیکرى شارچیهتى و ناوچەگەرێتی
ـ تێکشکان و ڕوبهروبونهوهى ئهو کهس و لایهنانهى که بازارى خۆیان لهسهر پهرتکردن و دوبهرهکى ماڵی کورد گهرمدهکهن، خهڵکانیک لهبهرهى دژى شۆرشن بەڵام یەکیەتی ههستی نهتهوهییان لهسهروى هەموو خیلافاتى سیاسیه، نوسەر لە چەند شوێنێک فیکری ناوچەگەرێتی ڕەتدەکاتەوە
کاتێ باسی چەند نمونەیەکی زیندووی بەرچاو لەسەر هەولێریەکان دەگێڕێتەوەو ستایش و سوپاسگوزاری خۆی دەردەخا بۆیان کەهەڵوێستی دڵفراوانی ئەوان دەبینێ لەکاتی بەهاناوە چونیان دوای کیمیاباران و ئەنفال وئاوارەبوونی خەڵکی کە بەزۆرەملێ راگوێزرابوونە ئۆردوگاکانی دەوروبەری هەولێر ـ وە باس لە بەهاناوەچوونێ مستەشارێکی زەمانی بەعس دەکا کە دەبێ بەفریادرەس بۆ سێ خێزانی کورد و لە ئەنفال رزگاریان دەکا کەهاوسەرەکەی خۆی یەکێک دەبێ لەوان ـ یان کاتێ ڕاشکاوانە باس لەبازرگان و سەرمایەدارانی کوردستان دەکا و ستایشی سەرمایەدارێکی هەولێری دەکات کە ۷۵ هەزار دیناری ئەوکاتە دەبەخشێ بەشۆڕش لەو کاتەی هەندێکیان زۆر بەکەمی یانیش هەر خۆیان دەدزیەوە لەو ئەرکە پیرۆزە ـ بۆیه گێڕانەوەی ئەو بهسهرهاتانه ههوڵێکه بۆ تیکشکانى فکرى شارچیهتى که دوژمنان ئاگرى دوبهرهکى پێ خۆشدهکهن، من لیرهدا ویڕاى دهستخۆشى و پیرۆزباییم، هیواى سهرکهوتن بەردەوامی بۆ دکتۆر فایق دهخوازم لهسهر گیرانهوهى ئهو بیرهوهریانه که ئهو شیوه نوسینه جگه له ئاشناکردنى نهوهى داهاتومان به مێژووى پر هات و نههاتمان له ههمان کات به ئهرشیفکردن و نوسینهوهى میژوومانه ، وە پیویسته ئەو کهسانەى وهک دکتۆر فایق که لەنزیکەوە لەناو ڕووداوەکان بوون و زانیاریان ههیه بیاننوسنهوه، تا روداوهکان ون نهبن، من دڵنیام له داهاتوودا ئهو بیرهوهریهى دکتۆر فایەق دهبێته سهرچاوهیەکی پرشنگدارو باوەڕپێکراو و پشتی پێدەبەسترێ لەزۆر بواردا ـ له کۆتاییدا وەک ئومێدەکەی دکتۆر فایهق منیش ئومێدەوارم کهئهم کتێبه ببێته هۆی بهستنی چهندین کۆنفرانس سهبارهت به ئاشتی نهتهوهیی، بۆ ئهوهی لایهنهکانی کورد یهک بگرن و دوور لە خۆپەرستی، بەڕاستی و بەجدی چارهسهری کێشهکانی گەل بکهن. ڕاستیەکەی ئهو کتێبه زۆر لهوهزیاتر ههڵدهگرێ، وەدهکرێ لهچهندین ڕهههندهوه شرۆڤهى بۆ بکرێ بهلام دەمەوێ پانتاییه فراوانهکه بۆ خوێنهر جێبێڵم که بیخوێنێتهوه و قسهى خۆى لهبارهوه بکا.