شاخەوان عەبدوڵڵا کرا بە سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی پارتی
24 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕایگەیاندووە، گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریکراوە و لە شوێنی فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنەکە، دەستبەکار دەبێت.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی پارتی و ڕێکخستنەوەی کارەکانی فراکسیۆنەکە لە بەغدا دێت.
ڕۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵای لە کاندیدکردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشاندەوە و فەرهاد ئەترووشی، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەی لە جێگەی ئەو کاندید کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیاری پارتی، دوای زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە بووە، لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان لە نێو پەرلەمانی عێراق.
