بەردی بناغەی دروستكردنی خوێنەر
6 ساڵ لەمەوپێش
سەنگەر زراری
خوێندنەوە بزووێنەری سەرەكی عەقڵی هەر كۆمەڵگایەكە، ئەگەر بمانەوێ كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و شارستانی دروست بكەین، دەبێ بەر لە هەموو شتێك كەسانی خوێنەر دروست بكەین، (خوێنەر بەو مانایەی شەونخوونی بەدیار كتێبەوە بكات، نەك ئەو خوێندەوارییەی لە قوتابخانەوە فێری دەبین). بۆ جووڵاندنەوەی ئەم عەقڵەش دەبێ لە بەردی بناغەی یەكەمەوە دەست پێ بكەین كە تاكە، واتا پێش هەموو شتێك دەبێ تاكی خوێنەر دروست بێت، بۆ ئەوەی ببێتە بنەڕەتێك بۆ دروستبوونی كۆمەڵگایەكی خوێنەر، لێرەشدا پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە: چۆن تاكێكی خوێنەر دروست دەكەین؟ بێگومان ڕێگای جۆراوجۆر هەیە بۆ دروستكردنی خوێنەر، كە باسكردنیان درێژە دەكێشێ و لێرەدا ئەو دەرفەتە نییە، بەڵام بە بۆچوونی من سەرەكیترین و كاریگەرترین ڕێگا ئەوەیە، كە لە ڕێگای دایك و باوكانەوە بێت، دایك و باوك دەتوانن هاندەری سەرەكی بن بۆ ئەوەی منداڵەكانیان خوێنەر دەرچێت، ئەگەر منداڵ چاوبكاتەوە و لە منداڵییەوە ببینێ لەپاڵ هەبوونی سەلاجە و تەلەفزیۆن و كانتۆر، لە سووچێكیش كتێبخانەیەك دانراوە (با بچووكیش بێت)، ئەگەر منداڵ ببینێ كاتێك باوكی دەگەڕێتەوە لە دەستێكی عەلاگەی پرتەقاڵ و مۆز و دەسكە كەوەر و كەرەوز هەیە و دەستەكەی دیكەی كتێبە، یان كاتێك دایك دەگەڕێتەوە، لەگەڵ جلوبەرگ و كەلوپە جوانكارییەكانی، زەرفێكیشی پێیە كە كتێبێكی تێدایە، ئەوكاتە منداڵەكە هەست بەوە دەكات كە دیارە كتێبیش بەقەدەر خواردن و كەلوپەل و پێدایستییەكانی دیكە گرنگە، لێرەوەش بەهای كتێبی بۆ دەردەكەوێ و هۆگر و شەیدای دەبێت و خۆنەویستانە پەڕەكانی هەڵدەداتەوە و دواجار فێری خوێندنەوە دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر كتێب لە ماڵەوە نەبینی و دواتریش چووە قوتابخانە و تەنیا كتێبە ڕەزاقوڕس و بێزەوقەكانی قوتابخانە ببینێ، ئەوا نەك هەر كتێبی خۆش ناوێ، بەڵكو ڕقێكی ئەستووریشی بەرامبەر كتێب بۆ دروست دەبێ، چونكە بەداخەوە وەكو دەزانین قوتابخانە و مەنهەجەكانی خوێندن لەم وڵاتە، بەهیچ جۆرێك هاندەری خوێندنەوە نین.
بەهەرحاڵ.. هەرچەندە كولتووری خوێندنەوە و دروستكردنی خوێندنەوە لە قۆناغی زووی منداڵی، هێشتا لای ئێمە زۆر كەمە، بەڵام دروستكردنی خوێنەر لە قۆناغەكانی دی، خەریكە لە ڕێگای هەندێ گروپ و كەسایەتی و دەزگاوە گرنگی پێدەدرێت و ئەمەش جێگای دڵخۆشییە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو كەموكووڕییەی لە منداڵییەوە لای تاكەكانی ئێمە هەیە و ئاشنای كتێب و خوێندنەوە نین، تاڕادەیەك لە ڕێگای ئەم گروپ و دەستانەوە پڕ بكرێنەوە و وردەوردە خوێنەر دروست دەبێت.