شانۆ لێره‌ ناژی... بۆ؟!

6 ساڵ لەمەوپێش



ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

قورسه‌ باسی شانۆ بکه‌ین له‌ کوردستان به‌بێ ئه‌وه‌ى تێبگه‌ین کێشه‌ى چییه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ى شانۆ  به‌ یه‌کێک له‌ماناکان قوڵبونه‌وه‌یه‌  له‌ هه‌موو ئه‌و پێشگریمانه‌ و پێشمه‌رجه‌ ناڕاسته‌وخۆیانه‌ى له‌ناو  فه‌لسه‌فه‌ى جوانیدا کارده‌که‌ن،  ئه‌مه‌ش خۆى هۆکارێکه‌ و له‌ ڕیزى بیرلێنه‌کراوه‌کاندایه‌ و زۆرێک له‌ مامۆستایان و  شانۆکارانى له‌ دۆزه‌که‌ دوورخستووه‌ته‌وه‌ و نه‌بوه‌ته‌  په‌خشکه‌ره‌وه‌ى گومان به‌سه‌ر که‌ره‌سته‌و بابه‌ته‌ جیاوازه‌کانى ئه‌وهونه‌ره‌ دا.  هه‌رله ‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ به‌م  شێوه‌یه‌  له‌م باسه‌ ده‌دوێین  وه‌کو ئه‌وه‌ى ( کێشه‌)یه‌کى فه‌لسه‌فیه‌و  پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ بکه‌ین چونکه‌ (جوانى) خۆى یه‌کێکى تره‌ له‌و دۆزه‌ گرنگانه‌ى که‌ له‌ناوشکاراندا به‌ مسقاڵ نایدۆزینه‌وه‌ چ جاى ئه‌وه‌ى بمانه‌وێت په‌خشی بکه‌ینه‌وه‌ به‌سه‌ر بینه‌ران و خوێنه‌رانى شانۆدا، ئه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستیشم له‌ کێشه‌ دوره‌ له‌مانا سایکۆلۆجیه‌ رۆژانه‌ییه‌که‌ى به‌ڵکو لێره‌دا کێشه‌ وه‌کو که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کى (ئیستاتیکى) و خاوه‌ن نۆرم و به‌هاى جوانى و پێگه‌ى هونه‌ریه‌ . به‌ڵێ کارکردن له‌سه‌ر هه‌ر گریمانێک واتا کارکردن له‌سه‌رفه‌لسه‌فه‌ و هزر..

گرفته‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تاى کێشه‌کاندا  که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م  هونه‌ره‌وه‌ "شانۆ"، زۆر به‌ڕوونى گومانى (شانۆییانه‌)له‌سه‌ر هه‌ر ڕووداو و پێشهاتوو گریمانه‌یه‌ک ده‌رده‌خه‌ین..  وه‌کو "هایدگه‌ر"ده‌ڵێت :"مرۆڤ له‌و شوێنه‌دا ده‌دوێ که‌ به‌زمان، وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌"  له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌(شانۆ)دا به‌دواى نهێنیه‌کاندا بگه‌رێین و له‌وانه‌ش له‌ڕووى ئیستاتیکى و به‌ها فه‌لسه‌فى و فیکرى ومه‌ عریفیه‌کاندا. وه‌کو چۆن  "هرمان بروگ "ڕاى وایه‌ :"ئه‌وه‌ى (.. ) که‌ هیچ نادۆزێته‌وه‌، له‌دیدى ئه‌ودا  بێ ئه‌خلاقانه‌یه‌.  ده‌مه‌وێت بڵێم ده‌شێت (شانۆ) شێوه‌یه‌ک بێت له‌شێوه‌کانى یاخى بوونى جوانى، ئه‌گه‌ر زمانى (ئیکۆ) به‌کاربهێنین ده‌ڵێین (شانۆ) بۆخۆى چێژ له‌و ناو نانه‌ بێ سنوره‌ وه‌رده‌گرێت و ته‌ عبیر له‌ جیهانێکى هه‌لاهه‌لا ده‌کات، ده‌کرێت هه‌مان زمانى ئه‌و بیریارانه‌ش بۆ(شانۆ) به‌کاربهێندرێت. به‌م  پێوه‌ره‌ (شانۆ)  ده‌چێته‌ ئه‌م خانه‌یه‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌رکردنى لاى شانۆکار ته‌نهاو ته‌نها له‌ڕێى نمایشه‌وه‌ ده‌بێت وئا ئه‌مه‌ خۆى شێوه‌یه‌کیشه‌ له‌ خۆ هاوشێوه‌کردن به‌و ئازارو نه‌خۆشیه‌ى ناوشانۆکارانى کوردستان، چونکه‌ ژیان له‌م پنته‌ نامه‌عریفیه‌دا، گومان و دوودڵیه‌کانى دونیاى تازه‌ به‌ جۆرێک ئالوده‌مان ده‌که‌ن که‌ له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانى و دڕدۆنگى و قه‌له‌قیه‌کاندا ماناکان پڕو ته‌ژى ده‌بن له‌ ئالوده‌یی و که‌متر به‌ره‌و حه‌قیقه‌تى شته‌کان ده‌چین. "سوکرات" وته‌نى: "مه‌عریفه‌ى چێتى مه‌عریفه‌ى حه‌قیقیه‌ ". له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ "نمونه‌ى ئایدیا"  یاخود "وێنه‌ "حه‌قیقه‌تى هه‌مه‌کى هه‌بووه‌کانه‌  به‌کردار وبونیان ده‌ره‌کین . که‌واته‌ نزیکبوونه‌وه‌  له‌و وێنه‌یه‌و پیشان دانى ئه‌تمۆسفێرێکى سایکۆلۆجى تێکه‌ل به‌ فه‌زاى سروشتى  نزیکمان ده‌کاته‌وه‌ له‌ یه‌قین ، زۆریش پێویستى  به‌هه‌ستى ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‌  که‌وا ده‌کات به‌ته‌واوه‌تى نیشته‌جێ ببین له‌ناو ڕووداوو کرداره‌کاندا . چونکه‌ به‌رهه‌مى هونه‌رى ده‌مانباته‌ ناخى خۆیه‌وه‌، ئێمه‌ ئاگامان له‌ناخى خۆمان نامێنێت.  رۆڵى ئێمه‌ وه‌کو شانۆکاران و ئه‌کادیمسته‌کانى ئه‌و بواره‌  ئه‌وه‌یه‌ که‌ زانیارى  خۆمان له‌وشته‌ى که‌له‌زماندا گوزه‌رده‌کات قوڵتر بکه‌ینه‌وه‌، بیرۆکه‌ى بێ گیانى زانیاریه‌کان ڕه‌خنه‌ بکه‌ین، ئاڵۆزى له‌به‌ر چاو نه‌هاتوو له‌جه‌رگه‌ى زماندا ئاشکرابکه‌ین. وه‌کو چۆن له‌یۆنانى کۆندا جوانییه‌کان ده‌نگى خواوه‌ند بوون (لۆنجینیۆس) نووسه‌رى کۆنى گریکى له‌وکتێبه‌ى به‌ناونیشانى "له‌باره‌ى جوانیه‌کان- عن الرائع"دا ده‌نووسێ:"جوانیه‌کان سۆزێکن بۆخواوه‌ند، خواوه‌نده‌کان به‌ره‌و پاکیمان ده‌به‌ن، به‌ره‌و ناخ، به‌ره‌و حه‌قیقه‌ته‌ خواوه‌ند ئامێزه‌کان،  ده‌بێت ئه‌وه‌ش باش بزانین  لایه‌نگرى "ئیستاتیکاى موتڵه‌ق"به‌مه‌عناى دابڕان له‌هه‌لومه‌رجه‌ مێژوویى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان نیه‌، چونکه‌ ئه‌و هه‌لومه‌ رجانه‌ ئه‌م چێژه‌ ستاتیکیه‌ دیارى ده‌که‌ن که‌ شانۆ له‌کوردستان ده‌ردارى ئه‌و نائاماده‌ییه‌ مه‌عریفیه‌و ئه‌و کاره‌ساته‌یه‌ که‌ له‌ئێستادا پیایدا تێپه‌ڕده‌بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار