سەفەر لەگەڵ کۆمپانیایەک
6 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد عەبدوڵڵا
نەخشەکەی لەسەر مێزی بەردەمم دانا
بە پەنجەی ناسکی هێمای بۆ بازنەیەکی سوور کرد،
ئێرە شوێنی مەبەستە، پراگ.
کچێک، لە کۆمپانیای دریم بۆ گەشتوگوزار
هەوای سارد پێستی ڕوومەتی هێند تەنک کردووە
بە هەناسەی گەرم دەخوسێتەوە وەک نانی تیریی.
پراگ!
لە دڵی ئەو کەسەی بۆ جارێک دەیبینێ دەمینێ تا ئەبەد
ئەو دێڕە شیعرەی یارۆسلاف سێفرتم هاتەوە یاد.
وەک بازرگان! بیر لە دەستکەوت و مایە بکاتەوە
چ شوێن زۆرترین گەوهەری تێدایە ئەوێ دڵاوایە.
پراگ!
وەک ئۆرگۆنێک لە پشووی نێوان ژەنیندا وەستابێ
پەنجەی ژەنیار بەسەر تەختەی نۆتەکان شۆڕبووبێتەوە
بۆ سەرلەنوێ ژەنینی تر، شەو و ڕۆژی.
نووستن چەند ساتێکی کورتە، مۆسیقا درێژترینە.
پراگ!
لە خەوێکدا دەیبینم نەخەوتووم
باخچەیەکە لە گوڵێکدا، زەمەنێکە لە چرکەیەک
چرکەی سەما، سەما لە ناو پاس، لە کلێسا، بەدەم ڕێگاوە.
هەمیشە خەونەکان بۆ شوێنێک دەمانبەن ڕێگای گەڕانەوەی نەبێ.
وەک کەسێک تەماشای ئاوێنە بکا و شتێک ببینێ لە ڕووی
پێشتر نەیدیبێ، مایەی ترس بێ، یان هەورێک دابکا و نەزانێ دەیکا بە لافاو.
شەوێک، لە باڕێکی خوار پردی چارلس دەمخواردەوە
چەند هەنگاوێک دوور لە مۆزەی کافکا
کەسێک بێ ئەوەی ڕوخسەت بخوازێ، کەسێک!
پێشتر لە کتێبێک لەناو کتێبەکان دیبووم، گریگۆری سامسا.
پەنجەی خستە سەر سەعاتە گەورەکەی پراگ
بە ئاراستەی پێچەوانە خولاندیەوە تا گەیشتە ١٩١٥
کە پەنجەی هەڵگرت میلەکان بوون بە فڕفڕۆک
وردەوردە مەسکەکان لادران لە ڕوو، بازرگانی چی؟
لە وڵاتی مردووەکاندا هەر بازاڕی مردن گەرمە بەخۆمم وت.
کە ویستم هەستم قاچەکانم تێک ئاڵان
وەک سیسرکەیەک پەلەپەل ڕابکا بۆ ناو زێراب
چرکەچرکی سەعاتە گەورەکە دوام کەوتبوو.
٢٠١٨