مارگرێت ئەتوود:  باس له‌ ئه‌زموونى نوسینى خۆى ده‌کات

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی:      نوا چارنی           وەرگێڕانی: ئەژین باجەڵان

ڕۆماننووس و شاعیر و چیرۆکنووسی کەنەدی مارگرێت ئەتوود خاوەنی چەندین خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانە لە درێژایی مێژووی کارکردنی، هەروەها براوەی خەڵاتی مان بۆکەری بریتانی بووە لە ساڵی ٢٠٠٠ بە ڕۆمانی (بکوژە کوێرەکە)، لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیەوە زیاتر ئاشنای ڕۆتینی ڕۆژانەی ئەم نووسەرە دەبین.                                                                                

 

چارنی: باسی ڕۆتنی بەیانیمانەی خۆتمان بۆ بکە.

ئەتوود: خۆشبەخت دەبم گەر ڕۆتینێکی بەیانیمانەم هەبێت! بەڵام با وا خۆم دەرخەم کە هەمە، ئەو کات بەیانی بەخەبەردەبوومەوە، نانی بەیانیم دەخوارد، کۆفیەکم دەخواردەوە، پاشان بەرەو نهۆمی دووەم سەردەکەوتم، بۆ ئەو ژوورەی لێی دەنووسم، ئینجا دادەنشتم بە سپی کردنەوە ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو نووسیومە.                                                                                            

چارنی: ئایا هیچ شتێکی تایبەت یان نا ئاسایی هەیە لەو ژوورەی تێیدا دەنووسی؟

ئەتوود: زۆر جار من لە شوێنە نابم کە تایبەتە بە نووسین، بۆیە پێم وانییە کە شتێکی نائاسایی تێدابێت، تەنها ئەوەیە کە پڕە لە کتێب و دوو مێزی تێدایە. یەکێکیان کۆمپیوتەرێکی لەسەرە بە بێ ئەوەی ئینتەرنێتی هەبێت، دووەمیشیان بە هەمان شێوە کۆمپیتەرێکی لەسەرە بەڵام ئەمەیان ئینتەرنێتی هەیە، دەتوانێت درک بە مەبەستەکەم بکەیت!                                                               

 چارنی: پێویستت بە چی دەبێت بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەیت کە ڕۆژێکی پڕ لە نووسینی بەسوود تێپەڕکردبێت؟

ئەتوود: باشە، زۆرجار بریتی دەبێت لە ژمارەیەکی دیاریکراو لە وشە، لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار.

چارنی: ئەو خوو یان نەریتە تایبەتەی خۆت چییە؟

ئەتوود: نازانم ئەمە خووە یان خۆ بە زۆرزانە، زۆر جار کە دەست دەکەم بە نووسینی کتێب بە دەستنووس دەست پێدەکەم، پێم وایە کە ئەمە خووە، زۆریشم حەز لە نووسینە بە پێنوسی مرەکەبدار، ئەو ڕێگەیەیی تێیدا مرەکەبەکە دەکەوێتە سەر پەڕە سپییەکە دەمورژێنێت.                               

                                                                              

چارنی: ئەگەر خوێنەرێک ویستی کتێبێکت بخوێنێتەوە، ئاشنای کتێبەکانیشت نەبوو، چی بۆ پێشنیار دەکەی بخوێنێتەوە لەو پەنجا کتێبەی کە نووسیوتن، بۆچی؟

ئەتوود: سەرەتا با بپرسین ئەو ج جۆرە خوێنەرێکە کە باسی دەکەین. ئەگەر گەنج بوو، ئەوە دەبێت بە (ئۆریکس و کریک) دەست پێبکات. ئەگەر کچێکی گەنجیش بوو، ئەوە با (چیرۆکی کەنیزەکە) بخوێنێتەوە. ئەگەر خوێنەرەکەش بە تەمەنبوو و گرنگی بە میژوو بدات، پێشنیاری (تاوانبار) یان (بکوژە کوێرەکە)ی بۆ دەکەم. ئەگەر یەکێکش بوو ئارەزووی خوێندنەوەی شتی زۆر کورتی کرد، ئەوە هەر یەکە لە کتێبە کورتەکانی بۆ پێشنیاردەکەم. ئەگەر لەمەش کورتتری ویست، ئەوە دەتوانن (ئێسکە باشەکان) یان (تاوانی کوشتن لە تاریکییدا) یان هەرکام لەو کورتە چیرۆکانەی بۆ پێشنیاردەکەم. ئەگەریش ئارەزووی خوێندنەوەی شیعریان هەبوو، دەتوانن (هۆنراوە هەڵبژاردەکان) یان (چرای ماڵە سووتاوەکە) یان (دەرگە) بخوێننەوە.                                                      

چارنی: لەنێو هەموو ئەو کتێبانە، کتێبێکی تایبەتت هەیە؟

ئەتوود: گەر هەمبووایە، هەرگیز پێتم نەدەگوت.

چارنی: باسی ڕۆتینی نووسینمان بۆ بکە، چۆن بیرۆکەی کتێبەکەت و گرێکەیت بۆ دێت، پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەی. ئایا حەز لە پلاندانانی پێشوەخت دەکەی بۆ کتێبی داهاتووت، یان وازی لێ دەهێنی خۆی وەکو لافاو بۆت بێت؟                                                                          

ئەتوود: بە بێ هیچ پلانێک، تەنها بڕۆ نێو چیرۆکەکە، بازبدە بۆ ناوی وەکو چوون بۆ مەلەوانی.

چارنی: ئەدەبی کەنەدی چییە؟

ئەتوود: لق و پۆپی زۆر بۆ دەرچووە، بەڵام با لە ڕەوانگەی خۆمانەوە بڵێین (ئەگەر نووسەر خۆی بە ئەمریکی دەرنەخات، ئەوانیش زۆر جار وا دەکەن) کە هەرگیز هەست بەوە ناکات کە وڵاتەکەی خاوەنی هێزێکی ئیمبریالی مەزنە، چونکە لە ڕاستیدا کەنەدا خاوەن هێزێکی مەزن نییە.

چارنی: چی وات لێدەکات پێبکەنیت؟

ئەتوود: وەڵامێکی کورت بۆ ئەم پرسیارە نییە، لەوانەیە شتە هیچەکان بێت!

چارنی: ئایا هیچ نوشتەیەکت هەیە؟

ئەتوود: لەسەر ئەو کتێبانە نادوێم کە خەریکی نووسینیانم.

 

چارنی: چی وات لێدەکات بگریت؟

ئەتوود: بە خوڕ دەگریم لە کۆتایی فیلم و کتێبە خەمگینەکان، من گەمژەم.

چارنی: ئەگەر لە توانات هەبوو مردوویەک بگەڕێنیتەوە ژیان، ئەوە کێ دەبێت و بۆچی؟

ئەتوود: تەنها یەکێک؟ ئۆۆە، ناتوانم یەکێک هەڵبژێرم. چەندین مردوو دەناسم بە گەڕانەوەیان بۆ ژیان خۆشحاڵدەبم. لە لایەکی تریشەوە، کەسانێک دەناسم خۆشحاڵ نابم بە گەڕانەوەیان.

چارنی: دەتەوێت چی لەسەر کێڵەکەت بنووسرێت؟

ئەتوود: ئەمە دەتگەیەنێت بەو پرسیارەی ئاخۆ کێڵم دەوێت یان نە.

چارنی: ڕاستە.

ئەتوود: ڕەنگە بمەوێت درەختێک وەدەستبهێنم.

چارنی: جۆرێکی دیاریکراو لە درەخت هەیە؟

ئەتوود: هێشتا بڕیارم نەداوە، بەڵام بزوتنەوەیەک هەیە بۆ (ناشتنی سروشتی) ئەویش ئەوەیە کە لە جیاتی ئەوەی کێڵت بۆ دانێنن، دەتوانیت لە زەوی بنێژرێیت پاشان درەختێک وەدەستبهێنیت لەسەرت بچێنرێت، وابزانم دەتوانین لافیتەیەکی بچووکمان هەبێت لەسەر ئەو درەختە ئاماژە بە ناومان بکات.

سەرچاوە/http://www.versopolis.com/interview/292/how-i-write-margaret-atwood

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار