به‌م جۆره‌(كوێره‌ی چاوساغ)م خوێنده‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



تارا شێخ عوسمان

ئه‌م رۆمانه‌ له‌ نووسینی(سابیر ره‌شید)ه‌و به‌ قه‌باره‌ی بچووك پێكهاتووه‌ له‌(97).لاپه‌ڕه‌ نووسه‌ر به‌م وته‌یه‌ پێشه‌كی رۆمانه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو (كه‌ چوویته‌ شاری كوێران ده‌بێت ده‌ست به‌ چاوته‌وه‌ بگریت)،دواتریش كه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ رۆمانه‌كه‌ی به‌م وته‌یه‌ ده‌ست پێده‌كات(ئێمه‌ له‌ هه‌موو چركه‌یه‌كدا به‌ كوێرێی سپی گه‌مارۆدراوین)كه‌له‌ڕۆمانی(كوێریی

)نووسه‌ر و رۆماننووسی پورتوگالی(ساراماگۆ)وه‌ وه‌ریگرتووه‌.له‌م ڕۆمانه‌ دا نووسه‌ر خۆی كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ و به‌ دوای بابه‌تێكی گونجاودا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ سووژه‌یه‌كی گونجاو و ڕۆمانێكی پێ بنووسێت،تاكو به‌شداریی پێشبركێیه‌كی ڕۆمانی پێبكات،هه‌رچی دێت به‌ بیریدا له‌ ڕووداو و بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆی و چوارده‌وری ده‌یخاته‌ پێش چاوی و بیریان لێده‌كاته‌وه‌،هه‌ر له‌ ڕووداوو  نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ی خۆیداهاتووه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌وانه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌یدا هاتووه‌.وه‌ك له‌ ڕۆمانه‌كه‌ دا ده‌یخوێنیته‌وه‌ كاته‌كه‌ی ئێستایه‌و ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی تێدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو كورد له‌ باشووری كوردستان به‌ سه‌ختی و دژواریی تێیدا ژیاوه‌.نووسه‌ر زۆر جار ده‌بێته‌ ده‌نگی خه‌ڵك و زۆر جار یش ده‌نگی خۆیه‌تی،زۆر جار ده‌رده‌ دڵه‌كانی ناو ناخی خۆی دێنێته‌ به‌رده‌م خوێنه‌رو زۆر جاریش هی كۆمه‌ڵگه‌،تا ئه‌و كاته‌ی(مام سیامه‌ند)ده‌بینێت كه‌ خه‌ڵك به‌(كوێره‌ی چاو ساغ)بانگی ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ڕاده‌كێشێت به‌لای ئه‌وپیاوه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ناوی كورد و دروشمی بژی كورد و كوردستان و سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب تووڕه‌ و په‌ست ده‌بێت تا ڕاده‌ی جنێودان،بۆیه‌ نووسه‌ر واته‌ نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ی ناو ڕۆمانه‌كه‌ بڕیار ده‌دات بچێته‌ بنج و بناوانی ژیانی ئه‌و پیاوه‌.دواتر و به‌ ڕێگه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی له‌و پیاوه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌ك لێی نزیك بێته‌وه‌ كه‌(كوێره‌ی چاو ساغ)،یان (مام سیامه‌ند)شه‌وانه‌ باسی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی بۆ نووسه‌ره‌كه‌ بكات،نووسه‌ریش بڕیار ده‌دات ئه‌وه‌ بكاته‌ سووژه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت بینووسێت به‌شداریی پێشبڕكێكه‌ی پێبكات،هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش،له‌وه‌ ده‌گات كه‌(مام سیامه‌ند)،یان

(كوێره‌ی چاو ساغ)چۆن له‌ سه‌ره‌تای لاوییه‌وه‌ خۆی و برایه‌كی و دواتریش خێزانه‌كه‌ی خۆی ده‌بنه‌ قوربانی شۆڕش و كوردایه‌تی و هه‌موو به‌شێك له‌ ڕۆمانه‌كه‌ی كه‌ له‌ هه‌شت به‌ش پێكهاتووه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ كه‌سایه‌تییه‌ك، یان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك و له‌وێوه‌ خوێنه‌ر هێدی هێدی ڕاده‌كێشێت تا له‌ نهێنی تووڕه‌ بوونه‌كانی(مام سیامه‌ند)،یان(كوێره‌ی چاو ساغ) تێبگات،نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو نووسه‌ر زۆر وریایانه‌ بۆ هه‌ر به‌شێك له‌گه‌ڵ هه‌ر ناونیشانێك وته‌یه‌كی داناوه‌ كه‌ گونجاو و ڕێك له‌ گه‌ڵ بابه‌تی سه‌ر به‌و ناونیشانه‌ دێته‌وه‌ و تێهه‌ڵكێشی كردوون.نووسه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا به‌ كورتی و به‌ پڕی توانیویه‌تی باسی لایه‌نێكی ڕۆژانی كه‌وتنی كۆماری كوردستان،و دروستبوونه‌وه‌ی شۆڕش و نسكۆ و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ و ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕه‌كانی براكوژیی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان بكات و بیهێنێته‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌وه‌،هه‌روه‌ها له‌ یادیشی نه‌چووه‌ زوڵم و زۆری سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی و دڕنده‌یی ڕژێمه‌كه‌ و سڵ نه‌كردنه‌وه‌ی له‌ هه‌موو كارێكی دڕندانه‌ و نا مرۆڤانه‌ دژ به‌ گه‌لی كورد بخاته‌ ڕوو و نووسه‌ر زۆر به‌ ساده‌یی و زمانی خه‌ڵك به‌ بێ درێژ دادڕی و به‌ سه‌لیقه‌یه‌كی ورده‌وه‌ زۆر جار وه‌ك خوێنه‌ر به‌ دوای چیرۆكه‌كان و نهێنیییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت و زۆر جاری تریش وه‌ك خۆی ده‌ڵێت وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌موو شتزان،ڕووداوه‌كان شیده‌كاته‌وه‌و نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات،به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستێت له‌ باسی(شاناز)دا كه‌ تاقه‌ كچی (مام سیامه‌ند)ه‌و لای باوكی ماوه‌ته‌وه‌ و شووی نه‌كردووه‌،هه‌ر چه‌نده‌ وه‌ك باوكی نهێنییه‌كانی ژیانی نادركێنێت،به‌ڵام نووسه‌ر بۆ خۆی وریایانه‌ چیرۆكێكی تراژیدیی وای بۆ ده‌هۆنێته‌وه‌ كه‌  پڕاوپڕبێ بۆ ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ و خه‌یاڵ ڕۆیشتن و ڕق لێبوونه‌وه‌ی بێت كه‌ له‌ پیاو هه‌یه‌تی.ئه‌م ڕۆمانه‌ی كاك(سابیر ره‌شید)كارێكی ئه‌ده‌بیانه‌ی جوانه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت جه‌نگ و شۆڕشه‌كان چه‌نده‌ مالوێرانیی ده‌هێنن هێنده‌ش ناخی كۆمه‌ڵ و تاكه‌كانی هه‌لا هه‌لا ده‌كه‌ن و له‌ كاتی فه‌رمانڕه‌وایی سته‌مكاره‌كاندا خه‌ڵكانێك چۆن ده‌بنه‌ دارده‌ستی و چۆن له‌ پێناوی پاره‌و پله‌و پایه‌دا ئاكارو مۆرالیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌ندێك ده‌بنه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ سه‌ر حسابی خوێن و ژیانی كه‌سانی دیكه‌،هه‌ر وه‌ك شۆڕشه‌كانیش به‌ جۆرێكی دیكه‌ ده‌بنه‌ په‌یژه‌یه‌ك كه‌ زۆر جار كه‌سانێكی ناشایسته‌ به‌ سه‌ر كه‌سانی شایسته‌دا پێیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و قوربانییه‌ ڕاسته‌قینه‌كان په‌راوێز ده‌خرێن و هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌توانن به‌ ناوی شۆڕشه‌وه‌ به‌ری ره‌نج و تێكۆشانی دڵسۆزه‌كان بخۆن،باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ شه‌ڕی برا كوژیدا چۆن برا ده‌ستی ده‌چێته‌ خوێنی برای خۆی و برایه‌ك ده‌بێته‌ گورگ و برایه‌كی

دیكه‌ ده‌بێته‌ نێچیره‌كه‌ی،چیرۆكی (شاناز)یش هه‌ر چه‌نده‌ دروستكراوی نووسه‌ری ناو

ڕۆمانه‌كه‌یه‌،به‌ڵام چیرۆكێكی واقیعییه‌ و له‌م كۆمه‌ڵگه ‌داخراوانه‌ی ئێمه‌ی خۆر هه‌ڵاتیدا به‌ چه‌ندین ڕه‌نگ و فۆرم دووباره‌ و چه‌ند باره‌ ده‌بنه‌وه‌.به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ڕۆمانه‌،یه‌كێكی تره‌ له‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا نووسراون سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی ژیانی كورد به‌ تایبه‌ت له‌ باشووری كوردستان و برێك ئازادانه‌و ئازایانه‌ له‌ ده‌رگای زۆر ئازارو كۆژان و نهێنی داوه‌، پێشتر زۆرجار باس ده‌كرا كه‌ ڕۆماننووس و چیرۆكنووسان كه‌مته‌رخه‌من له‌ نووسینی خه‌م و ئازاری میلله‌ته‌كه‌مان له‌ شێوه‌ی ڕۆمان و چیرۆكی درێژ كه‌ هیچیان كه‌متر نه‌بێت له‌ وانه‌ی له‌ جیهاندا له‌ باره‌ی رووداوه‌ مێژووییه‌كانیان نووسراون،به‌ڵام به‌ نووسینی ئه‌م ڕۆمانه‌ی(سابیر ره‌شید)و چه‌ند ڕۆمان و چیرۆكێكی دیكه‌ ده‌كرێت بتوانین بڵێین،خه‌ریكه‌ نووسینی ئه‌ده‌بیمان بێبه‌ش نه‌بێت له‌و جۆره‌ ڕۆمان و چیرۆك و ده‌قانه‌ی كه‌ ده‌توانن ڕۆژێك وه‌ك كارێكی ئه‌ده‌بی ناوازه‌ بچنه‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی دوای جه‌نگ و دوای كاره‌ساته‌ مێژووییه‌كان،هه‌ر وه‌ك ئه‌و ڕۆمان و شاكارانه‌ی دیكه‌ی دنیا كه‌ له‌ هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی و دوای ئه‌و دوو جه‌نگه‌ و چه‌ندین ڕووداو و كاره‌ساتی دیكه‌ی جیهاندا نووسراون،یان ئه‌وانه‌ی له‌ دوای جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن و هۆلۆكۆستی جووه‌‌كان و چه‌ندین قه‌یرانی دیكه‌ی مێژووییدا نووسراون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار