واقیع و ڕۆمان

6 ساڵ لەمەوپێش



حەمە مەنتك

ئاشکرایە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆمان شێوەیەک بوو لە شێوەکانی واقیع، ئەرکی سەرەکی ڕمانیش ئافراندنی وێنەیەکی خەیاڵی بوو بۆ واقیع، یان بۆ ژیانی ڕۆژانە. ئەم وێناکردنەی واقیع هەوڵێک بوو بۆ پیشاندانی ژیانی مرۆڤ. واتە واقیع تاکە سەرچاوەی نووسینی ڕۆمانە. بۆ نموونە "ئایان وات" لە توێژینەوەیەکیدا بە ناوی (گەشەی ڕۆمان) دەڵێت: ڕۆمان هەمیشە بەرەو تۆمارکردنی حەقیقەت و ئەزموونی مرۆڤ دەڕۆیشت. کاتێک ڕۆمان پەیدا دەبێت (وەکوو ژانرێکی نوێ) گوزارشت بوو لە واقیع، نیزیک بوو لە واقیع، ئەمەیش دەبووە بەڵگە لەسەر ڕۆمانی سەرکەوتوو. دواتر نووسەران و ڕۆماننووسان دێن پرسیار لەبارەی ئەو واقیعەوە دەکەن. ئەو واقیعە شێوەییە چۆن بگۆڕێت؟ دەمەوێ بڵێم لە سەرەتادا ڕۆمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لاسایی واقیعی دەکردەوە، ئەمەیشی بە کۆمەڵێ پێوەر و ڕێی هاوبەش ئەنجام دەدا. مۆدێرنیزم کار لەبارەی ئەمەوە دەکات. دێت کۆمەڵێ پرسیار لەبارەی ئەو واقیعەی لاسایی دەکەینەوە دەکات: واقیع چییە؟ چۆن پێناسەی بکەین؟

"ستانداڵ"ی فرەنسی، کە بە ڕۆمانی (سوور و ڕەش) بەناوبانگە، ڕۆمان بە ئاوێنەیەک وەسف دەکات، کە لە شەقامەکان  دەسووڕێتەوە، واتە ڕەنگدانەوەی واقیعە. لێرەوە پرسیار لەبارەی واقیعەوە لە ڕۆماندا دروست دەبێت. بۆ نموونە ئەو ڕەنگدانەوەیەی "ستانداڵ" باسی دەکات چۆنە؟ ئایا ئاوێنەکە (ڕۆمانەکە) تەواو حەقیقەت و واقیع دەگوازێتەوە؟ ئەم پرسیارانە بەردەوامیان دەبێت، ئەگەر واقیع نەبێت ڕۆمانیش نابێت. واتە پیشمەرجی ڕۆمان ئەوەیە ڕەنگدانەوەی واقیع بێت. لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆمانی نوێدا ئەم پرسیارانە پتر ڕوون دەبنەوە. بەتایبەت پرسیارەکان بەرەو ناوەڕۆکی ڕۆمان ئاراستە دەکرێن، بەوەی ڕۆماننووس وەکوو حەقیقەتێکی بەتاڵ مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکات. لەم بارەیەوە "یۆژین جۆلاس" لە ساڵی ١٩٢٧دا دەنووسێت: ((هیچ کەسێک هەوڵنادات بە شێوەیەکی فۆتۆگرافیانە وێنای ڕووداوەکان بکات، بەڵکوو ئەمە بۆ کەشفکردنی پرۆسێسەی وێناکردنەکەیە.)) [ماتز، ٢٠١٦، ص١٠٧] کەواتە هەموو گرێ و تێمەیەکی ڕۆمان دیاری کراوە، سنووردارە. واتە لێرەدا ڕۆمان ڕەنگدانەوەی کتومتی واقیع نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی وێنای واقیع بکرێت، یان لە واقیعدا شێوەی ئەو ڕووداوە بدۆزینەوە. لە ڕۆمانی نوێدا واقیعی ڕووت دەسکاری زۆری کرا. ئەوەی لەوێدا دێتە بەرهەم واقیعێکی نوێیە، کە بە ڕێیەکی سەیر بەرهەم هاتووە، ئەو ڕێیەیش گومانکردنە لە واقیعێکی یەقین.

هەموو کارێکی ئەدەبی بەتایبەت ڕۆمان بەرهەمی ئافراندنی خەیاڵە، بەڵام شێواز و جۆری ئافراندنەکە لە ڕۆماننووسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. هەرچەندە خەیاڵی ڕۆماننووسیش لە واقیع نێزیکە، واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان واقیع کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆماننووسدا هەیە. کەواتە واقیع و خەیاڵ دەبنە واقیعی ئەو ژیانەی لەناو ڕۆماندا کارەکتەرەکان تێیدا دەژین. ڕۆماننووس کاتێک پەنا بۆ خەیاڵ دەبات بۆ ئەوەی یادگە و بیرکردنەوەی چالاک بکات، هێندێ جاریش بە شێوەیەکی هونەریانە خەیاڵ بەسەر واقیعدا زاڵ دەکات، بۆ ئەوەی خەیاڵەکە پتر لە واقیع بچێت. هەموو ئەوانە بۆ ئەوە دەکرێن، چونکە واقیع بوونێکی ماددی و هەستپێکراوی هەیە، هەمیشە ئامادەیە، دەتوانین بە هەستەکانمان درکی پێ بکەین. بەڵام خەیاڵ بنیادێکی زیهنی بزری هەیە، تەنێ لە چوارچێوەی فیکردا درکی پێ دەکەین. لێرەوەیە خەیاڵ لەگەڵ واقیع و مێژوودا ناکۆک دەمێنێتەوە. هەرچەندە ڕۆمان لە بنەڕەتدا ماددە خاوەکەی واقیعە، بەڵام بۆ خەیاڵ دەگۆڕێت. پێوەندی واقیع و خەیاڵ وەکوو پێوەندی دال و مەدلوول وایە. دال بە هۆی ئەوەی دەتوانین هەستی پێ بکەین، بەڵام مەدلوول وێنە زیهنیەکەی دالە، بۆیەیش ئەستەمە جودایان بکەینەوە، بەڵام دوو ڕووی یەک دراون.

ڕۆماننووس هەمیشە پەنا بۆ خەیاڵ دەبات بۆ ئەوەی ئەو واقیعەی هەیە لەوێدا دەسکاری بکات، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو واقیعە لەسەر زەوی ناتوانێ دەسکاری بکات، بۆیەیش ڕۆماننووس لە ڕێی نووسینەوە دەیەوێ هەرچی چەپاندنی هەیە بەتاڵی بکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی واقیعێکی جوانتر لەوەی هەیە دروست بکات. بۆیەیش هەمیشە ڕۆماننووس لە ڕێی خەیاڵەوە دەیەوێ واقیع ببڕێت، یان لە واقیع دەرچێت، بۆ ئەوەی خوێنەریش بۆ جیهانێکی دیکە بگوازێتەوە. بۆیەیش لە ئێستادا بەردەوام ڕۆمان گەشە دەکات، خوێنەری ڕۆمان بەردەوام لە زیادبووندان. دەمەوێ بڵێم ڕۆمان ژانرێکە لە هەر جۆرە ژانرێکی دیکە پتر دەکرێتە هۆکارێک بۆ گوزارشتکردن لە دیاردەکان، چونکە ڕۆمان ساتێکی جەدەلیە، هێز و کاریگەری خۆی لە شتە ڕەت کراوەکانی ناو کۆمەڵ هێناوە، بۆ ئەوەی هوشیاریی پەرە پێبدا. لە کاتێکدا شێوەکەی هەرگیز کامل نابێت، هەمیشە بەسەر زۆربەی شێوەکانی گوزارشتکردندا کراوەیە.

لێرەوەیە خەیاڵ هێزێکی جادوویانەی لە پێناو پتر ڕووناککردنەوەی واقیع هەیە، ئەو دژبوونەی لەنێوان واقیع و خەیاڵدا هەیە، هێندە توند نییە، بگاتە ئەوەی یەکدی ڕەت بکەنەوە. هەر یەکەیان ڕەگەزێکی سەرەکییە لە دەقدا. ڕۆماننووس کاتێک خەیاڵی دەخاتە گەڕ مەبەستی هەڵاتن لە حەقیقەتی نییە، بەڵکوو دەیەوێ واقیع و حەقیقەت ڕام بکات. کەواتە خەیاڵ هۆکارێکە بۆ وێناکردنی شت و ڕووداوەکان، بەڵام وێناکردنێکی بەهێز و کاریگەر

 

 

ماتز (جیسی)، ٢٠١٦، تطور الروایە الحدیثە، ت:لطفیە الدلیمی، دار المدی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار