كەسانی وەك تۆ نامرن

(نەوال سەعداوی و فاتیمە مەرنیسی)

6 ساڵ لەمەوپێش



شوان ئەحمەد

 

ڕۆژی (30 -تشرینی دووەمی- 2018) سێیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نوسەر و كۆمەڵناس و یەكێك لەژنە هەرە چالاكەكانی وڵاتی مەغریبە كەئەویش فاتیمە مەرنیسییە ( 1940 -2015 ).

ئەڵبەتە قسەكردن لەبزاوتی فێمێنستی لەدنیای عەرەبیدا، بەبێ‌ ناوهێنان و بەسەركردنەوەی كەسانی وەك نەوال سەعداوی (لەمیسر) و فاتیمە مەرنیسی (لەمەغریب)، كاری نەكردەیە. بەرهەم و نووسینەكانی ئەم دوو خانمە سەر بەگۆبەندە، ژێدەرێکی سەرەكی بوون بۆ بزوتنەوەی فێمێنستی و خەباتی ژنان لەپێناو بەدەست هێنانی مافەكانیان لەوڵاتانی عەرەبیدا.

سەعداوی و مەرنیسی، چ وەك وانەبێژێك لەهۆڵەكانی زانكۆدا و چ وەك نوسەرێك بە كتێبەكانیان و چ وەك توێژەر و چالاكوانێك، هەوڵێكی بێ‌ وچانیان داوە بۆ بەرەو پێشبردنی پرسی ژنان و بۆ دەسكاریكردنی هۆشیاری كۆمەڵگەی عەرەبی. هەر گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك لەو بوارەدا بەدیهانبێت، كەم تازۆرێك نەخش و جێ‌ دەستی ئەوانی پێوە دیارە.

ئەم دوو خانمە لەشەڕێكی سەخت و بێ‌ وچاندابوون، دژی كۆنەپەرستی و دژی دەسەڵاتی سیاسی كۆنزێرڤاتیڤ و تۆتالیتاری وڵاتەكانیان و لەگەڵیشیدا، بەگژ ئەو سستم و گوتارە ئایینیەشدا چونەتەوە كەژنانی وەك بوونەوەرێكی كەم ئەقڵ و نوقسان ئەژماركردووە و لەپەراوێزی كۆمەڵگەدا دیلی كردن.

سێ‌ ساڵێك بەر لەئێستا لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا بۆ دواجار و لەتەمەنی حەفتا و پێنچ ساڵیدا فاتیمە مەرنیسی كۆچی دوایی دەكات، نەوال سەعداویش وەك  هاوڕەگەزو هاوخەبات و هاوڕێیەكی لەمێژینەی، بەكورتە نوسینێك بەسەری دەكاتەوە و ڕێزی لێدەنێت. ئەوەی لەخوارەوە دەیخوێنیتەوە، دەقی ئەو نوسینەیە.

 

 

 

کەسانی وەک تۆ نامرن

 

شەوێكیان گوێم لەلێدانی دەرگای ماڵەكەم بوو لەجیزە. حەپەسام و وتم: (دەبێت جگە لەپۆلیس كێ‌ بێت بەبێ‌ مەوعیدی پێشوەختە، بۆ سەردانیكردنم هاتبێ‌؟). ئەوە لەكۆتایی شەستەكان یاخود سەرەتای حەفتاكانی سەدەی بیستەمدابوو، واتە پەنجا ساڵ و زیاتریش پێش ئێستا بوو.

لەپشتی دەرگاکەوە پرسیم كێیە؟ دەنگی خانمێك هاتە گوێم كەبەشێوەزاری مەغربییانە دەیپرسی: (ئەمە ماڵی نەوال سەعداویە؟).

دەرگام لێكردەوەو وتی من توێژەرێكم لەوڵاتی مەغریب و ناوم فاتیمە مەرنیسی یە، لەزانكۆی (محەمەدی پێنجەم) لەشاری (ڕەبات) كتێبەكەت (ژن و سێكس)، بەخوێندكارەكانم دەڵێمەوە. بۆ ئەوەش هاتووە بۆ میسر، لەسەر داوای خوێندكارەكانی داوەتم كات بۆ مەغریب، تا لەزانكۆ دەرسگوتارێكیان پێشكەش بكەم.

باسی ئەوەی بۆكردم كەخوێندكارەكانی چەند پەرۆشی كتێبەكەمن و بۆخۆیشی كتێبەكە بەشۆرشێك دادەنێت لەبواری هزر و پرسی ئازادی ژناندا، بەوپێیەی بێ‌ چەند و چون دەست بۆ تابۆ سیاسی و ئابوری و سێكسیەكانی نێو كلتوری ئایینی دەبات لەوڵاتانی عەرەبیدا. وڵاتانێك كە لەژێر باری گرانی سستمێكی سەرمایەداری باوكسالاری كۆلۆنیالستیدا دەناڵێنن و هەر ئەو سستمەشە ، لەخۆرهەڵات و خۆرئاوای دنیادا باڵادەستە.

ئەوكاتەی فاتیمە مەرنیسی هاتە لام، ساڵێك یان زیاتر بوو كتێبی (ژن و سێكس) بڵاو بووبووەوە، وەلێ‌ دەسەڵاتدارانی میسر (چ سیاسی و چ ئایینی)، فەرمانیان بەقەدەغەكردن و پێچانەوەیدا لەبازاڕەكاندا.

ئەوەبوو پیاوانی پۆلیس كەوتنە خۆیان و لەكتێبخانە و كوشك و ڕۆژنامە فرۆشەكانی سەرشۆستە و شەقامەكانی  قاهیرە و پارێزگاكانی دیكەدا، دەستیان بەكۆكردنەوەی كرد.

بەڵام چەند دانەیەكی ئاودیوی میسری كراو پاشان بە (ئاشكرا و بەنهێنی)، لەوڵاتانی دیكەی عەرەبیدا چاپكرایەوە. بەتایبەت لەبەیروت دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی لوبنان، قوڵیان لێهەڵماڵی و بەتیراژێكی زۆر بەدنیادا بڵاویان كردەوە.

یەكەمین دەرسگوتارم لەزانكۆی (محەمەدی پێنجەم) و لەسەر بانگهێشتی فاتیمە مەرنیسی، هەزاران خوێندكاری كەمەندكێش كردو ئەو خوێندكارانەش لەحەوشەكەدا لەدژی سەرۆكی زانكۆ گردبوونەوە، چونكە فەرمانیدا بوو بەداخستنی هۆڵە گەورەكە لێیان و تەنها هۆڵێكی بچوكی پێڕەوا بینیبوون. خوێندكارەكانیش بەوە تووڕەبوون و بەپاڵ دەرگای هۆڵە گەورەكەیان شكاند.

لەوەدابوو دەرسگوتارەكەم بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندان.

فاتیمە مەرنیسی ئایدیای ڕادیكالانەی فێری خوێندكارەكانی دەكرد، دژ بەچەوساندنەوەی ژن و ستەمكاریی سەرمایەداری كۆلۆنیالستی ئەوروپی و ئەمریكی. كتێبەكانیشی بەزمانی فەرەنسی بڵاودەكردەوە، پاشان وەردەگێڕدرانە سەر زمانەكانی دیكە، لەوانەش زمانی عەرەبی.

ئیتر بۆ ماوەی نیو سەدەو زیاتر بوو بەهاوڕێم و ئەو و چەندین ژنی دیكە لەتێكڕای وڵاتانی عەرەبی، هاوكارم بوون لەدامەزراندنی (ڕێكخراوی هاریكاریی ژنانی عەرەب)، لەسەرەتای  هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا.

ڕێكخراوەكە هێندەی سەرپێی خۆی كەوت و دەستی بەچالاكی كرد، ئیدی بەهەزاران ئەندامی لەدەور كۆبووەوە و چەندین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ژنان ڕێكخست، تا ئەوكاتەی حكومەتی میسر بەبڕیارێكی نایاسایی دایخست.

لەبەرامبەر ئەوەدا ژمارەیەك پارێزەر لەمیسر و وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا، خۆبەخشانە هاتنە مەیدان و لەدادگای قاهیرە داوایەكیان لەدژی حكومەتی میسری بەرزكردەوە، وەلێ‌ هەرگیز نەمانتوانی مافی یاسایی خۆمان وەرگرینەوە.

فاتیمە مەرنیسی مامۆستا و نوسەرێكی لێهاتوو بوو. بەرهەمگەلێكی گرنگی لەبواری ئازادی ژناندا نووسیووە. هاوكات خوێن گەرمانە كتێبەكانمی بۆ خوێندكارەكانی ڕوون دەكردەوە و پشتیوان و هاو هەڵوێست دەبوو لەگەڵمدا، سەروەختێك لەمیسر زیندانی بكرامایە یان ناچار بكرامایە وڵات جێبێڵم.

ئێمە زۆر كات لەكۆنگرە نێودەوڵەتیەكاندا یەكترمان دەبینی، چ لەوڵاتانی عەرەبی یان لەشوێنانی دیكە. ئەوەم بیرناچێت كاتێك لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردووداو لەكۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەئەڵمانیا بەرگری لێكردم.

ئاخر بەهۆی منەوە حەبیب بۆرقێبە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی لەتونس لەسەر كارەكەی دەركردبوو، چونكە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا میوانداری كردبووم و منیش باسم لە بزوتنەوەی ژنان لەتونس و لەژنە چالاكوانەكانی تونس كردبوو، بەڵام ناوی بۆرقێبەم نەهێنا بوو.

ئەفراندنی  ئەدەبی و ئایدیای شۆڕشگێڕانە دژ بەكۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری پاتریاركی، ئەو تەوەرانە بوون كەبوو بوونە باعیسی دۆستایەتی پتەوی نێوان من و فاتیمە مەرنیسی، بەڵام لەهەندێ‌ بۆچوندا ناكۆك بووین.

من لەنوسین و دەرسگوتارەكانمدا ڕەخنەم لە هزری چینایەتی باوكسالاری دەگرت لەسەرجەم ئایینەكاندا، بەهەر سێ‌ ئایینە یەكتاپەرستیەكەشەوە (مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام).

دەساڵ لەتەمەنی خۆم تەرخانكرد بۆ تاو توێكردنی ئایینەكان و بەراوردكردنیان بەیەكتری. ڕێزم لەبیرو بۆچونە ئایینی و كلتوری و هونەرییەكانی فاتیمە مەرنیسی دەگرت كەجیاواز بوو لەگەڵ بۆچوونەكانی مندا. بەوانەشەوە كەحەزی لەنەخش و نیگاری هونەری پێشەنگا و جوانكاری ژنانەوە هەبوو.

بیرمە ڕۆژێكیان ئاوا لەڕوخسارم وردبووەوە و وتی: (ئای نەوال، بۆ دەست بەخۆتدا ناهێنیت؟ گەر ماكیاژ بكەیت و چاوەكانت بەكل بڕێژیت، ئەوا دەبیتە شاجوان. پێكەنیم و پێمووت: ئاخر بۆچی ڕوخساری خۆم بەڕوپۆشێك لەو دەرمانانە بشارمەوە كە بەبۆچونی من، جیاوازی لەگەڵ ڕووپۆشی ئاینیدا نییە؟). هەر دووكمان دەستمان بەپێكەنین كرد.

  ئێمە هەردووكمان ڕێزمان لەبۆچوونە جیاوازیەكانمان دەگرت، دەربارەی چەمكی ژنانە و چەمكەكانی دیكە. دواین جار كەداوەتی كردم بۆ ماڵەوەیان لە شەقامی (بین الودان) لەشاری (ڕەبات)، ساڵێك بەر لەمردنەكەی بوو.

لەوپەڕی چالاكی و تەندروست باشیدا بوو. دانیشتنێكی لەگەڵ هەندێ‌ كەسایەتی مەغریبیدا بۆ ڕێكخستبووم لەژن و لەپیاو، دانیشتنێك بوو هەم بیرو ڕامان تێدا ئاڵو گۆڕ كرد و هەم هەستی خۆشەویستی و دۆستایەتیش بەسەریدا زاڵ بوو.

سەروەختێك میوانەكان ڕۆشتن و دوو بەدوو ماینەوە، پێمووت: (فاتیمە تۆ لەمەغریبدا خۆشەویستیت و زۆرێكی زۆریش لەجیهاندا لەژێر كاریگەری خۆت و كتێبەكانتدان. وتی بەڵێ‌ وایە، بەڵام پیربووم و هەستدەكەم مەرگ لێمەوە نزیكە.. پێمووت: فاتیمە مردنی چی؟ كەسانی وەك تۆ نامرن).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار