چەند شیعرێکی نەوال شەریف
6 ساڵ لەمەوپێش
و. لە عەرەبییەوە: هیوا قادر
ئەو دەمەی شیعری گەورە گەورەم ئەنووسی، لە چاو ژیاندا زۆر بچکۆلەبووم. ئەو دەمەشی بە یەک چاو سەیری داهاتووی دوورم کرد و لە دنیام پرسی چی ڕوودەدات. زۆر لەوە بچکۆلەتربووم تەنانەت قسەش بکەم. نەوال شەریف
هەمووان
هەمووان..
بەدوای شەمەندەفەردا ڕائەکەن
من نەبێت.
هەمووان..
بەدوای پاسدا
بەدوای بەردەوامیدا ئەگەڕێن.
کەچی من بەدوای خۆمدا،
بە دوای منێکی ونبووی ناو قەرەباڵغیدا ئەگەڕێم.
هەمووان..
لەسەر قەدی درەختێک
وێنەی دڵ و تیرێک ئەکێشن،
کەچی من لە کانگای دڵمدا
بەدوای سەوزایدا ئەگەڕێم.
هەمووان..
خەون بە ژیانەوە ئەبینن و
عاشق ئەبن بە ڕووناکی،
هەمووان سەرسامن بەو شتانەی
من پێیان سەرسام نیم.
ئەوان..
سێبەری منیان خۆشناوێت،
سێبەری من دارێکە بێ ڕەنگ
ڕەنگەکان خیانەتیان لی کرد.
بەتەنیا بەجێتهێشتم
ڕۆیشتیت،
نازانم
بۆ ئاسمان
سەرکەوتیت
یان بە قوڵایی زەویدا ڕۆچوویتە خوارەوە.
بەتەنیا
لە نێوان دیوارەکانی
ژیاندا
وەک گوڵدانێک
لە شکان بترسێت
بەجێتهێشتم.
وەک منداڵێکی بچکۆلە
خەونی گەورە
گەورەی هەبێت
بۆ دوور ڕۆیشتی و
بەجێتهیشتم.
بەدوو دەستی ساردەوە
باوەش بە تەنهایدا ئەکەم
وەک ئەوەی تۆ پاکیزەیی
زەمەن و
دڵپاکی شوێنت لەگەڵ خۆتدا بردبێت،
هەموو ڕوخسار و
چاوەکان و
لارولەنجەکانی
بەردەمم
فریوم نادەن.
**
تۆ دوور
ڕۆیشتیت و
ماڵئاوایت کرد
بێ ئەوەی تەمەنای بەختێکی باشم
بۆ بخوازیت.
بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە
ئەکرا
من نەبم
بەڵام هەبووم و هەرواش ئەمێنمەوە،
ئەکرا ژن
یان
مرۆڤێکی ئازاد نەبم،
ئەکرا من
باڵدارێک
درەختێک
یان بەردێکی ساردبم و
شەپۆلی ناو دۆڵێک بەر قامچیم بدات.
بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە
ئەکرا من
لە ساتی فڕیندا
بکەومە خوارەوە
ئەشکرا
لە ساتی
عاشق بوونمدا بمرم،
ئەکرا
خانەدانێکم خۆشبوێت.
بەڵام من وا دروست بووم...
شتە بێ ڕۆحەکان و
خۆڵەمێش و
کەللەڕەقی و
لەیەک نەچوونم خۆشبوێت.
بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە
ئەکرا من
ڕۆژێکی هەینی لە دایکبم و
پیرۆز بم،
خاوەنی عاقڵێکی
جێگیر
نەلەنگاو
نەلەقیبووبم.
ئەکرا من
هیتلەر بم
بە تابلۆ ئاوییەکانم بەناوبانگ بم
ئەو دەم بیر لە سووتانی جووەکان نەکەمەوە.
ئەکرا من
"داهیا"ی# ئەمازیغ بم
دۆعایەکی نەمر بهۆنمەوە
تاکو ئەمازیخییەکان زمانەکەی خۆیان بیرنەچێتەوە.
ئەشکرا من
ئیمزایەک بم
بە "سایکسبیکۆ" بانگ بکرێم.
بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە
ئەکرا من
دۆستێکی "هیباتیا" بم
یان ئەو پیرێژنەی
سێوەکەی دا بە نیوتن.
بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە
هەموو یارییە فێڵاوییەکان
سەرەتا بەخت دروستی کردوون.
# "داهیا": 585 م-ـ 712 م، بە جادوگەری بەربەر بەناوبانگ بووە، سەرۆکی بەربەر بووە و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتدار بووە لە سەرووی ئەفەریقا.
زەردەخەنەکەت
زەردەخەنەکەت
لەسەر جێگاکەوە خستمییە خوارەوە
دامی بە ئەردا
وەک ئەوەی
زەنگی ئاگادارکردنەوەی
بەیانیان بێت،
زەردەخەنەکەت وای کرد
وەک منداڵێکی بچکۆلەی
بەردەمی جادوگەر و کۆترێک
دەمم لە تاوا داپچڕم،
تۆ چوزانیت کۆتر چییە...
ناتوانم
نا... نا
من وتم
ناتوانم
بەرگەی
ئەو تیشکە
ئەو بایە بگرم
خەریکە
چارۆکەکە ئەدڕێنێت.
ناتوانم
لەم بێ هێزییەم
بێهێزتربم
ناتوانم
بمرم
بەم مردنە نەبێت...
ڕاهیبەکە
قژی وەک عومری من
عومری درێژی من، درێژە...
ڕاهیبەکە وەهای وت.
من ئەزانم ئەم ڕاهیبەیە
فرۆشیاری وەهمە
هەموو خشڵەکانی
لە بازرگانیکردن بە وەهمەوە چنگ کەوتووە.
جا کێ ئەڵێت
وەهم خراپە؟
پاڵتاوە ڕەشەکەی
لە قژم ئەچێت
هەموو شیعرەکانی منیش ڕەشن،
چونکە دانپیانانی زۆر و
لەخاچدانی حەقیقەت
مەترسیدارە.
کچە شاعیری مەغریبی نەوال شەریف، لەدایکبووی ١٩٩٣ یە. پسپۆڕە لە ئابورییی گشتی و بەرێکخستنی بەڵێندەریدا، بەڕێوبەر و ئامادەکاری بەرنامەی ڕۆشنبیریی و هونەرییە، ئامادەکار و بەڕێوبەری دیداری شانۆیی و هونەری نووسینە. لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتمانی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەرێوبەرایەتی شەپۆلی ڕۆشنبیریی. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیریی و لاوانە.
بڵاوکراوەکانی:
دیوانێکی هاوکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیر، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی داهێنانی نیشتمانی ساڵی ٢٠١٧.
"گەڕان بەدوای جەستەدا لە هونەری شێوەکاریدا" شۆڕشە یان گرێ.
دیوانی شیعری "من خراپم".
سەرچاوە:
نوال شريف" -ديوان شعري "سيئة أنا