ڕێبین ڕه‌سوڵ: ئێمه زۆر دواکه‌وتووین له‌بوارى وه‌رگێڕاندا
6 ساڵ لەمەوپێش
ڕێبین ره‌سوڵ: یه‌کێکه له‌وه‌رگێڕه شاره‌زاکانى بورى فکر و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه له‌و بواره‌دا چالاکانه کارده‌کات، (په‌ڕاوى)هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى بیر‌و بۆچونه‌کانى ده‌رباره‌ى وه‌رگێڕان، به‌باشى زانى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبدات.
سازدانى: هانه شاخى
* هه‌میشه ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی نوێیه له لایه‌ن که‌سی وه‌رگێڕه‌وه، ئێوه چۆن له‌مه ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێکسته‌کان بگوازێته‌وه؟
ــ پێم وایه له‌سه‌ر ده‌ستى وه‌رگێڕدا ئاسۆیه‌کى ڕوحى تازه له‌دایک ده‌بێت، که ئێمه پێشتر نه‌مانبینیوه‌و نه‌مانناسیوه، ئه‌وه وه‌رگێڕه ئه‌م ئاسۆیه تازه‌یه‌مان پێده‌ناسێنێت و بۆمانى ڕۆشن ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بێت ئێمه ناتوانین ئه‌م ئاسۆیه تازه‌یه ببینین، ئه‌وه زیندووێتى تێکسته‌کان ده‌پارێزێت و ده‌یانباته نێو ئاسۆى تازه له‌میانه‌ى زمانێکى تازه‌وه. له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ى وه‌رگێڕاندا، ئاسۆیه‌ک له‌نێو زمانى خۆمان، له‌میانه‌ى زمانێکى بێگانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات. لێره‌وه وه‌رگێڕان کارێکى مه‌ترسیداره، چونکه بریتییه لهڕێکخستنى دیدارێکى سه‌خت و ئه‌سته‌م له‌نێوان دوو زماندا، ئه‌م دوو زمانه شێوه‌و فۆڕمیان جیاوازه، زۆرجاریش سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌ى زمانه‌وانى جیاوازن، به‌ڵام هه‌ڵگرى هه‌مان مانان، یا ده‌توانن هه‌مان مانا له‌نێو خۆیاندا هه‌ڵبگرن. وه‌رگێڕان فێرى ئه‌وه‌مان ده‌کات ئێمه سه‌ره‌ڕاى جیاوازیشمان، به‌ڵام هه‌ڵگرى هه‌مان ماناین. لێره‌دا زمانى ئه‌سڵى ده‌بێته میوان، زمانى ئێمه‌ش ده‌بێته خاوه‌ن ماڵ، بۆیه زمان بریتییه له‌هونه‌رى میوانداریکردن، زۆر نین ئه‌وانه‌ى لهمیوانداریکردن شاره‌زان، چونکه ستایلى جیاواز هه‌یه بۆ میوانداریکردن، بۆیه ستایلى جیاوازیش هه‌یه له‌وه‌رگێڕاندا.
*ئێوە کار لە وەرگێڕانی بەرهەمە فکریەکاندا دەکەن، دەکرێت بزانین جیاوازییە دیارەکانی نێوان وەرگێڕانی کارێکی فکرو کارێکی ئەدەبیدا چیەو کامیان بۆ وەرگێڕان شارەزایی وماندوبونی زیاتری دەوێت؟
ــ ئه‌وه‌ى له‌نێو کارى وه‌رگیڕاندا ده‌گۆڕێت و ده‌چێته سه‌ر زمانێکى تر، مانا نییه، به‌ڵکو چه‌مک و زاراوه‌و وشه‌کانن، بۆیه له‌نێو هه‌ردوو زمان و له‌هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا، مانا هه‌ر وه‌کو خۆیه‌تى. هه‌ر که‌سێک مانا فه‌لسه‌فییه‌کان بزانێت، تێده‌گات له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک خه‌مى گه‌وره‌دایه که پێوه‌ندییان به‌مرۆڤ و گه‌ردوونه‌وه هه‌یه، ئه‌م خه‌مه ئه‌گه‌ر خۆى له‌میانه‌ى ئیمزا‌و ناوى که‌سێکیشه‌وه پێمان بگات، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هیچ پێویستى به‌ئیمزاى که‌س نییه، خه‌مێکه له‌نێو هه‌مووماندا هه‌یه. لێره‌وه مانا فه‌لسه‌فییه‌کان جیاواز ده‌بن له‌ماناکانى تر، لێره‌شه‌وه زمانى فه‌لسه‌فى زمانێکه دووچارى نامۆبوون دێت، ماناکان نامۆ نابن، به‌ڵام وشه‌و زاراوه‌و چه‌مکه‌کان نامۆ ده‌بن. بڕوام وایه ئه‌و پانتاییه‌ى گه‌مه‌کردن که له‌نێو ده‌قى ئه‌ده‌بیدا هه‌یه، ده‌قى فه‌لسه‌فى که‌متر ڕێگاى پێده‌دات، لێره‌وه ماندوو بوونى زیاترى پێویسته.
* ئێستا له کوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه ده‌کرێت، پێتان وایه ئه‌م جۆره وه‌رگێڕانه وه‌رگێڕانی زیندوبێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌که جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره وه‌رگێڕانانه‌دا.
ــ هه‌میشه ئه‌م قسه‌یه به‌و مانایه دووباره ده‌کرێته‌وه تاوه‌کو جۆرێک لهتۆمهتبارکردنى وه‌رگێڕى تێدا بشاردرێته‌وه، هه‌میشه مه‌به‌ست له‌به‌کارهێنانى وه‌رگێڕان له‌زمانى دووه‌م و سێیه‌م به‌و مانایه به‌کاردێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ترسى ئه‌وه پیشانبدرێت که وه‌رگێڕ ئه‌مین نییه‌و خائینه، یا به‌مانایه‌کى تر زۆر دڵسۆز نییه. پێم وایه زمانى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م له‌وه‌رگێڕاندا کێشه نییه، ئه‌وه‌ى کێشه‌یه تواناى وه‌رگێڕه له‌سه‌ر گه‌مه‌کردن، گه‌مه‌کردنى فه‌لسه‌فییانه به‌و مانایه‌ى دریدا به‌کارى دێنێت. هه‌موو فهلسهفهکارو هزرڤانێک مه‌حکومه به‌وه‌ى وه‌رگێڕان بکات، به‌و مانایه‌ى، مانا له‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک و زمانێکه‌وه بگوازێته‌وه بۆ زمانێکى تر، ئه‌م گواستنهوهیهى ماناکان ته‌نیا وه‌رگێڕان نییه، به‌ڵکو له‌لایه‌نى چییه‌تییه‌وه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بیرکردنه‌وه، بۆیه مه‌سه‌له‌که هه‌ر ته‌نیا بریتى نییه له‌وه‌رگێڕانى زاراوه‌و وشه.
*ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه چین که ده‌بێت له که‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێک به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له مرۆڤ بکات توانای وه‌رگێڕانی تێکسته‌کانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه یان زانسته یان هونه‌ره.
ــ به‌ته‌واوى له‌م بروایه‌دام هه‌موو وه‌رگێڕێک له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه خودى خۆى ده‌نووسێته‌وه، بۆیه وه‌رگێڕان به‌شێکه لهژیاننامهمان، نه‌وه‌کو کارێکى له‌ناکاوو تێپه‌ڕ بێت. لێره‌وه ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌کو هونه‌رێک ته‌ماشاى وه‌رگێڕان کرا بێت، به‌ڵام پێم وایه له‌ئێستادا تێکه‌ڵه‌یه‌که لههونهرو زانست، بێگومان ئه‌گه‌ر کرایه پیشه، وا ده‌کات وه‌رگێڕ پیشه‌ییانه‌تر کاره‌که‌ى خۆى ئه‌نجام بدات. ته‌نیا به‌زانینى زمانێک یا دووان که‌س نابێته وه‌رگێڕ، چونکه ئه‌و سیفه‌تانه‌ى لهکهسایهتى وه‌رگێڕدا هه‌یه، له‌نێو هه‌موو زمان‌زان و نووسه‌رێکدا نییه. به‌ڕاستى ئازایه‌تى ده‌وێت هه‌موو جیهان بهخائینت بزانێت، به‌ڵام تۆ وه‌کو وه‌رگێڕێک خۆت به‌شۆڕشگێڕ بزانیت و، هه‌ر وه‌کو شۆڕشگێڕێکیش ڕه‌فتار بکه‌یت. لێره‌وه سه‌ختى پیشه‌ى وه‌رگێڕان ده‌ست پێده‌کات، له‌هه‌موو لایه‌که‌وه به‌نووسه‌رى پله دوو و، بێ به‌هره‌و، کرمێکى مشه‌خۆر ته‌ماشا ده‌کرێت که له‌سه‌ر که‌له‌شى ده‌قى نووسه‌راندا ده‌گوزه‌رێت.
*وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێک له به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کتێبخانه‌ی کوردی‌دا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه بکه‌ن، واته به‌رهه‌مه کوردیه‌کان وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانه بیانییه‌کان، پێتان وانیه له ئێستادا ئه‌وه پێداویستییه‌کی گه‌وره‌یه؟
ــ بڕواى ته‌واوم به‌وه هه‌یه هه‌موو وه‌رگێڕێک ده‌یه‌وێت له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه، له‌ناوه‌وه خودى خۆى له‌م دۆخه ڕزگار بکات که تێیدایه، دۆخى ئه‌وه‌ى به‌ناچارى فێرى زمانێکى تر یا دووان و چه‌ند زمانێک بووه، چونکه مه‌رجى ژیانکردن له‌نێوان دوو زمان و چه‌ند زمانێکدا، مه‌رجه بۆ ڕزگاربوونى خودى خۆى، بۆیه وه‌رگێڕان هونه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خود له‌میانه‌ى نامۆ بوون له‌نێو زماندا. هونه‌رێکى سه‌خت و ئه‌سته‌م و دژواره، وه‌رگێڕى کورد هه‌میشه خه‌مه‌کانى زمانى دایکى لهکۆڵناوهو له‌خه‌مى ئه‌وه‌دایه واى لێبکات له‌زمانێک زیاتر بێت، ماناکان وه‌کو کانیاوێکى ڕوون تێیدا بڕژێن، بیسه‌لمێنێت هیچ ده‌قێک نییه نه‌توانرێت بکرێته کوردى. تا ئێستاش ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ى کتێبخانه‌ى کوردى هه‌ژار، له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه‌یه، ڕه‌وتێکى باشى وه‌رگێڕان هه‌یه له‌سه‌ر زۆر ئاست و بابه‌تى جیاواز، ئه‌وه‌ش جێگاى دڵخۆشییه.
*ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕده‌بێت له هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه زۆر و بۆریی له وه‌رگێڕانداهه‌یه، کێ به‌رپرسیاره له‌و دۆخه و چی بۆ باشتربونی بکرێت؟
ــ له‌راستیدا من هیچ جۆره زۆرى و بۆرییه‌ک نابینم، به‌ڵکو که‌م و کووڕییهکى زۆر ده‌بینم و، پێم وایه ئێمه زۆر دواکه‌وتووین له‌بوارى وه‌رگێڕاندا، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌کانى پێش ئێمه به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ى ئه‌م نه‌وه‌یه‌ى ئێستا کارى وه‌رگێڕانیان بکردبووایه، به‌شێک له‌ئه‌رکى سه‌رشانى نه‌وه‌ى ئێمه ئاسانتر ده‌بوو. بۆ ئێمه له‌م هه‌رێمه‌دا ساڵانه چه‌ند کتێب ده‌که‌ینه کوردى تا باسى زۆرى و بۆرى بکه‌ین؟ زۆرییه‌که له‌کوێیه‌و بۆرییه‌که له‌کوێیه؟ ئێمه له‌م ڕه‌وشه‌دا هه‌موو لایه‌کمان به‌رپرسیارین، هه‌ر لایه‌ک و به‌پێى ئاستى قه‌باره‌ى به‌رپرسیارێتى خۆى به‌رپرسیاره.