نورى حه‌مه‌ عه‌لى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى بۆ هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر کێشه‌ى سه‌رۆک کۆمار نه‌بوایه‌ قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆک وه‌زیران ده‌بوو

6 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانى: هاوڵاتى

نورى حه‌مه‌ عه‌لى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ى داهاتوو گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومه‌ت ده‌ستپێده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌رۆکى حکومه‌تیش دوو جێگرى ده‌بێت که‌ مه‌رج نییه‌ له‌یه‌کێتى و گۆڕان بێت.

له‌م چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا نورى حه‌مه‌ عه‌لى باس له‌وه‌ده‌کات، ئه‌وان هیچ کێشه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى نییه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێتى بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت کاندیدى بکات " ئه‌گه‌ر کێشه‌ى سه‌رۆک کۆمار نه‌بوایه‌، قوباد تاڵه‌بانى بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ سه‌رۆک وه‌زیران ده‌بوو".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات، تا ئێستا گۆڕان به‌فه‌رمى وه‌ڵامى نه‌داونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌ حکومه‌ت، کۆمه‌ڵی ئیسلامیش هه‌ڵوێستى خۆى له‌و باره‌یه‌وه‌ رووننه‌کردووه‌ته‌وه‌، تا وه‌فدى پارتى سه‌ردانى بکات.

هاوڵاتى: ئێوه‌ وه‌ک پارتى کاندیدى خۆتان بۆ پۆستى سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى هه‌رێم یه‌کلایی کرده‌وه‌، پۆستى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى هه‌رێم بۆ چ لایه‌نێک ده‌بن؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و وه‌فده‌ى که‌ سه‌ردانى یه‌کێتى و گۆڕان ده‌کات، بزانین گۆڕان ره‌ئى چییه‌، ئه‌گه‌ر گۆڕان بێنه‌ مه‌یدانه‌که‌وه‌ و به‌شدارى بکه‌ن له‌ حکومه‌ت، ئه‌وکات وتووێژه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى دیکه‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌شداریش نه‌که‌ن به‌ شێوه‌یه‌کى دیکه‌ ده‌بێت، وه‌فدى ئێمه‌ سه‌ردانى یه‌کێتى و گۆڕانیش ده‌کات و ئه‌وه‌ یه‌کلایی ده‌بێته‌وه‌.
هاوڵاتى: پێشبینى ئێوه‌ چییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، ئایا گۆڕان و یه‌کێتى دێنه‌ پێشه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئێمه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌که‌ین، پێشمان خۆشه‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌؟
هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نه‌ پێکه‌وه‌ به‌شداربن پۆستى سه‌رۆکى حکومه‌ت یه‌ک جێگرى ده‌بێت یان دوو جێگر؟
نورى حه‌مه‌عه‌لى: خۆى جارێ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان یه‌کلایی بووه‌ته‌وه‌ که‌ دوو جێگرى ده‌بێت، مه‌رج نییه‌ هه‌ردوکى بۆ پارتى بێت، حکومه‌تیش ده‌بێت دوو جێگرى هه‌بێت، مه‌رج نییه‌ هه‌ردوو جێگره‌که‌ له‌یه‌کێتى و گۆڕان بێت، پێکهاته‌ى دیکه‌ هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌. 
هه‌روه‌ها تا ئێستا بۆ براده‌رانى گۆڕان نازانین هه‌ڵوێستیان چۆنه‌، یه‌کێکیان له‌ولاوه‌ قسه‌یه‌ک ده‌کات که‌سێکى دیکه‌شیان قسه‌یه‌کى دیکه‌ ده‌کات، تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکى فه‌رمیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ که‌ بڵێن حازرین بۆ به‌شدارى له‌ حکومه‌ت.
هاوڵاتى: که‌ى گفتوگۆکانى پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌، بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێی حکومه‌ت؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئیحتیماله‌ هه‌فته‌ى ئاینده‌ گفتوگۆکانى شاندى پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌ستپێبکاته‌وه‌.
هاوڵاتى: قوباد تاڵه‌بانى له‌لێدوانێکیدا بۆ ماڵپه‌ڕى وێستگه‌ نیوز ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ که‌ ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر ئه‌رکێک که‌ یه‌کێتى له‌ حکومه‌تى داهاتوو پێی بسپێرێت، وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت، پارتى هه‌ڵوێستى له‌و باره‌یه‌وه‌ چۆنه‌؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئێمه‌ هیچ کێشه‌کمان له‌گه‌ڵ کاک قوباد نییه‌، ئه‌و پیاوێکى به‌ئه‌ده‌به‌ و کوڕى جه‌نابى مام جه‌لاله‌و جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بووه‌، به‌ڵام هێشتا وتوێژه‌کان له‌باره‌ى پۆسته‌کانه‌وه‌ ماوه‌.
هاوڵاتى: پارتى پێی خۆشه‌ قوباد تاڵه‌بانى ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێته‌وه‌؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: مه‌سه‌له‌ پێخۆش بوون و پێخۆش نه‌بوون نییه‌، ئه‌وه‌ زیاتر بۆ براده‌رانى یه‌کێتى ده‌مێنێته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێیان خۆش بووایه‌ کاک قوباد ده‌سه‌ڵاتى هه‌بوایه‌، ده‌بوایه‌ له‌ پرسی پۆستى سه‌رۆک کۆماردا به‌و شێوه‌یه‌یان نه‌کردایه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوایه‌ کاک قوباد بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ سه‌رۆک وه‌زیران ده‌بوو، ره‌نگه‌ هه‌ر له‌ناو یه‌کێتیدا پێیان خۆش نه‌بووبێت، که‌ که‌ک قوباد ئه‌و ده‌نگه‌ى هێناوه‌ ببێته‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێم.
هاوڵاتى: له‌ کابینه‌ى نوێدا ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌کان که‌مده‌کرێته‌وه‌ یان وه‌ک خۆى ده‌مێنێته‌وه‌؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: پێشبینى ده‌کرێت که‌مبکرێته‌وه‌، چونکه‌ گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تى دونیا به‌ ئه‌ندازه‌ى ئێمه‌ وه‌زیرى نییه‌، ئێمه‌ ئه‌م هه‌موو وه‌زاره‌ته‌مان بۆچییه‌، جاران ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بۆ هه‌موو حزبه‌کان بوو ئێستا ئه‌گه‌ر بۆ دوو یان سێ حزب بێت ئه‌و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌مان بۆچییه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین وه‌زاره‌ته‌کان که‌مبکرێته‌وه‌.
هاوڵاتى: تا ئێستا پرسێک به‌ ناڕوونى مابێته‌وه‌ به‌شداریکردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى یه‌ له‌ کابینه‌ى نوێی حکومه‌ت، بۆچى پارتى سه‌ردانى ئه‌و حزبه‌ ناکات، ئایا ئه‌وه‌ ڕاسته‌ که‌ ده‌ڵێن پارتى نایه‌وێت ئه‌و حزبه‌ به‌شدارى حکومه‌ت بکات؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئه‌وان تا ئێستا مه‌وقیفى خۆیان ڕووننه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌شدارى ده‌که‌ن یان نا.
هاوڵاتى: به‌ڵام ئه‌وان ڕه‌تیان نه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌شدارى ناکه‌ن، بۆچى ئێوه‌ له‌ ده‌رگایان ناده‌ن؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئاخر ئه‌وان هێشتا هه‌ڵوێستیان رووننه‌کردووه‌ته‌وه‌، من گوێم له‌ کاک عه‌بدولستار مه‌جید بوو ده‌ڵێت تا ئێستا بڕیارمان نه‌داوه‌ به‌شدارى ده‌که‌ین یان ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیۆن، ئێ ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، ده‌بێت ئه‌و حزبه‌ خۆى یه‌کلایی بکاته‌وه‌ بزانین به‌شدارى ده‌کات یان نا، ئینجا ئه‌وان باسى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ مه‌رجیان هه‌یه‌.
هاوڵاتى: ئێوه‌ وه‌ک پارتى مه‌رج قبوڵ ناکه‌ن؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: ئه‌وه‌ خه‌ڵکى کوردستان و حزبه‌کان ده‌زانن، ئه‌گه‌ر مه‌رجێک له‌پێناو خزمه‌تکردنى نیشتیمان و ئه‌م وڵاته‌دا بێت، نه‌ک بۆ شه‌رت و شروتى حزبایه‌تى و پێیه‌کى له‌ده‌ره‌وه‌ بێت و پێیه‌کى له‌ناوه‌وه‌ بێت، ئه‌وه‌ ئاساییه‌ جێبه‌جێ بکرێت.
هاوڵاتى: که‌ى کابینه‌ى نوێ پێکده‌هێنرێت؟
نورى حه‌مه‌ عه‌لى: انشاالله‌ بۆ ده‌ورى سه‌رى ساڵ، ئومێدمان هه‌یه‌ ئه‌و کاته‌ پێکبهێنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار