توانه‌وه‌ی خود له‌ناو بێخود -بوون
6 ساڵ لەمەوپێش
ئیسماعیل حەمە ئەمین
چاوم ده‌كه‌وێته سه‌ر لاپه‌ڕه ٣٥٢ ی كتێبه گرنگه‌كه‌ی پیته‌ر سلۆته‌ردایك (منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات) له‌وێدا ده‌ڵێت؛ توانه‌وه‌ی سوبێكت له ناو (بێخود- بوون - Slebstlosigkeit) كه نایه‌وێت په‌یوه‌ندی به گواستنه‌وه‌ی میراتی نه‌وه‌یه‌كه‌وه هه‌بێت بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه (1)له‌م به‌شه‌دا سلۆته‌ردایك ئاماژه به ده‌ركه‌وتنی قه‌شه فرانسیس ده‌كات(2) كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سیانزه نایه‌وێت چیتر ته‌نها وه‌رگری میراتی بێت كه له نه‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌به‌خشرێت به نه‌وه‌یه‌كی دیكه. نایه‌وێت ته‌نها میراتی وه‌ك ماتریاڵ و وه‌ك كو‌لتور و نه‌ریت له باوكه‌وه وه‌ربگرێت، نایه‌وێت میراتیخۆر بێت...
ئاوه‌ها له قه‌شه فڕانسینسی گه‌نجه‌وه فرانسیسكایهكان له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به جلی لهگوێنی زبر و قاپی سواڵهوه په‌یداده‌بن. ئه‌مانه منداڵی ده‌وڵه‌مه‌ند و چینی ناوه‌ڕاست و ئۆرۆستوكراتن سواڵده‌كه‌ن بۆ هه‌ژار و بێده‌ره‌تانه‌كان و ژیانی ماتریاڵی و میراتی خانه‌واده‌كانیان ڕهتكردۆتۆتهوه. لێره‌وه خودی خۆیان له‌بیركردووه و ژیانی (بێ – خود) یان هه‌ڵبژاردووه. ته‌نانه‌ت كیژه ئۆرستوكرات و خانه‌دانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك (كلارا) كه ده‌زگیرانی ( فرانسیس) بوو، ده‌بێته ده‌چێته ناو ئه‌و گروپه گه‌نجه‌وه بڕیارده‌ده‌ن هاوسه‌رگیری نه‌كه‌ن و خۆیان بۆ ئایدیای خوا ته‌رخان بكه‌ن و ببن، باوكی سه‌ر سه‌رزه‌وی ڕه‌تبكه‌نه‌وه و ببن به منداڵی باوكی ئاسمان كه خوایه. ئاوه‌ها له‌سه‌ده‌ی سیانزه‌وه (خوشكه كلاریستهكان) له‌گه‌ڵ (برا فرانسیسكایهكان ) له‌هه‌موو شوێنێكدا ده‌بینران، هه‌ر بۆیه ڤاتیكان كه‌وته ژێر فشاری ئه‌م گروپه فرانسیسكایانه و دانیان پێدانان . ئه‌وان سه‌ره‌تای كولتورێكی توانه‌وه‌ی (خود) یان سوژهیان له ناو بێخودیدا دامه‌زراند. به مانای خود له ده‌ره‌وه‌ی خوده هه‌بوو و ڕۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه هه‌بووه‌كه‌ی گه‌مه‌یه‌كی دیكه ده‌كات، كهگهمهی خۆ ته‌رخانكردنه بۆ ئایدیا باڵاكان و گۆڕینی دونیا، بۆ له‌بیركردنی دونیای شمه‌كخۆری و خۆ ته‌رخانكردن بۆ ئایدیا گه‌وره‌كان. به‌مشێوه‌یه ڕێره‌وێكی دیكه له‌ناو كریستانیزمدا دروستده‌كه‌ن، كه‌سه‌ره‌تای ڕزگاركردنی مه‌سیحیه‌ت بوو له چه‌قبه‌ستوویی و به‌ردی بناغه‌ی گۆڕانكاری سه‌ده‌ی شازده بوو كه جیاكردنه‌وه‌ی ئاین بوو له ده‌وڵه‌ت و دونیای ماتریاڵی و قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (مارتین لوسه‌ر) ئه‌وه‌بوو؛ ئه‌وه‌ی هی پاشایه هی پاشایه و ئه‌وه‌شی هی خودایه هی خوایه ...
ئیسلام له‌مه‌دا شكستی هێنا (ده‌سه‌ڵاتی پاشایی – خودا لێك جودا بكاته‌وه) ئه‌و ڕیفۆرمه له‌خودی خۆیدا بكات، چونكه پڕۆسه‌ی ( بێخود – بوون ) تێدا ڕووینه‌دا. سوبێكت و خودی ئیسلامی به‌درێژایی مێژوو سه‌رقاڵ نه‌بووه به خواوه‌ند و خالیق، به‌ڵكو سه‌رسامبووه به مه‌خلوق و ده‌سه‌ڵاتی، به‌مه‌ش ده‌مێكه كایه میتافیزیكیه ڕۆحانیه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه، هه‌ر بۆیه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ هێشتا گیرۆده‌یه به په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ژیانه‌وه....سینیزمی ئیسلامی یان بڵێین ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی ئیسلامه‌وی سیاسی له‌وه‌دایه هه‌موو حكومه‌ت و كه‌سه ئیسلامیه‌كی دیار منێكه، خودێكه و شكستخواردووه له‌به‌رامبه‌ر پڕۆسه‌ی خۆته‌رخانكردن بۆ خواوه‌ند و كایه ڕۆحیه گه‌وره‌كه‌ی. سه‌رسامه به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ر زه‌وی و بیریچووه كه خودا له ئاسمانه. سه‌رسامه به قازانجه ماتریاڵیهكان، به‌ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له پاسپۆرتی ئه‌وروپاییه‌وه بیگره تاوه‌كو ژماره‌ی بانكی له ئه‌وروپا و تاوه‌كو هه‌موو پێداویستیه‌ك كه مۆدێرنه ده‌یخاته به‌رده‌می. ئه‌م خوده ئیسلامیه سیاسیه ته‌واو خودێكی مۆدێرنه... ئاوه‌ها ده‌یانبینین له له‌نده‌نه‌وه، له نه‌رویجه‌وه، له سعودیه‌وه، ئیسلامیه خاوه‌ن ماتریاڵه‌كان؛ ئوسامه‌ی ملیاردێر، قهرهزوای ملیۆنێر و مه‌لیك سه‌لمانی سعودی و ئۆردوگانی ملیاردێر...خۆیان وه‌ك خه‌لیفه‌ی ئومه‌ی ئیسلامی و خاوه‌ن خودێكی ئیسلامی له‌ناو مۆدێرنه‌دا پێناسه ده‌كه‌ن. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی سیاسی ئه‌مانه له‌وه‌دایه له هه‌موو دونیاوه بانگه‌شه‌ی توانه‌وه‌ی خود ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌بێت (بێخودیدا بتوێته‌وه) و به جۆرێك كه‌خۆی له‌ناو هه‌وادا پهرتبكاتهوه بۆ گه‌یشتن به حه‌فتا پاكیزه له‌به‌هه‌شتی به‌ریندا. هه‌روه‌ها داواده‌كه‌ن موسوڵمان كحول نه‌خواته‌وه و سه‌ما نه‌كات، ته‌نانه‌ت پێنه‌كه‌نێت، ئه‌وه نه‌كات له دونیای مۆدێرندا له‌ژێر ناونیشانی (ئازادی جه‌سته و هزردا) بوونی هه‌یه. داواده‌كه‌ن وه‌ك (فرانسیسكایهكان) دونیای فانی و هه‌بوو بكه‌نه قوربانی بۆ به‌هه‌شتی به‌رینی باری ته‌عالا و بچنه ناو گوتاری جیهاده‌وه.
به‌ڵام ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی (سینیزم) لێره‌دایه، به‌وه‌ی خۆیان دوای ته‌واوبوونی بانگه‌شه‌كانیان بۆ بێخودبوونی موسوڵمانان له لایڤهكانیاندا و دوای ته‌واوبوونی به‌رنامه‌كانی تی ڤی، سواری ئۆتۆمبێله مۆدێرنه‌كانیان ده‌بن و ده‌چنه‌وه ماڵه مۆدێرنه‌كانیان و خوده مۆدێرنه شمهكخۆرهكهیان تێرده‌كه‌ن! ئه‌وانیش وه‌ك منه‌كانی دونیای مۆدێرن نایه‌نه‌وێت له‌كولتوری باو (مۆدێرنه) جوادا ببنه‌وه وله‌دژی ئه‌وه‌ن خود له بێخودیدا بتوێته‌وه.
٢
سه‌یر له‌وه‌دایه توانه‌وه‌ی خود له‌ناو (بێخودیی) پرۆسه‌یه‌كه له‌سه‌ده‌ی سیانزه‌وه له‌ئه‌وروپاوه درێژ ده‌بێته‌وه و جارێكی‌تر له سه‌ده‌ی بیستدا له كولتوری سۆسیالیزمدا ده‌بێته گوتارێكی دیكه له‌ژێر ناوی (هه‌ڵخلیسكانی چینایه‌تی). ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه گه‌ر له‌چینی ناوه‌ڕاست و بۆرژوا بیت، ئه‌وا ده‌توانیت ببیت به (چینی كرێكار) و له‌م چینه‌دا خوده ههمبووهكهت بتوێنیته‌وه. ئه‌مه‌ش ژیانی سۆڤیه‌تی هێنایه كایه‌وه، كه كۆی خه‌ڵك بوون به كرێكاری ده‌وڵه‌تی سۆسیالستی و ده‌بوایه سامانی وڵات به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر هاوڵاتیانی سۆڤیه‌ت دابه‌شبكرێت! له‌ڕاستیدا سه‌رانی سۆڤیه‌ت و بلۆكی سۆسیالستی جگه له‌بنه‌ماڵه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و دیكتاتۆری قه‌ڵه‌و نه‌بێت هیچیتری لێ بهرههمنههات و دوایش ته‌واو ڕووخا و گۆرباتشۆف كه‌دوا سه‌ركرده‌ی بوو بووه ماركه و ناوی ڤۆدكایهك كه‌ئێستا له‌بازاڕه‌كاندا به ڤۆدگای گۆرباتشۆڤ ناسراوه... ئاوه‌ها خوده سیاسیه‌كه‌ی سۆسیالستی له پرۆسه مێژوویه‌كه‌یدا نه‌یتوانی له (بێخودیدا) بتوێته‌وه، كه‌سیش نه‌یتوانی هه‌ڵخلیسكانی چینایه‌تی ئه‌نجامبدات. دوا فیگوری ئه‌م هه‌ڵخلیسكانه وێنه‌ی (كیم ئیل یونگ - ئونگ) گه‌نجی سه‌رۆكی ئه‌به‌دی كۆریای باكووره، كه ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیزمی له‌بنه‌ماڵه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه. ئه‌م خوده كۆمۆنیستیه گرفتی قه‌ڵه‌ویی هه‌یه به‌هۆی حه‌زی لهپهنیره گرانبه‌ها سویسریه‌كان، به‌مه‌رجێك كرێكارنی وڵاته‌كه‌ی له‌برساندا و له‌سه‌رماندا له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌مردن و به‌یانیان شاره‌وان مردووه‌كانی سه‌رجاده له‌گه‌ل خۆڵ و خاشاك فڕێده‌داته ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان.
پێچێكی دیكه‌ی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی بێخودبوونه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا له‌وه‌دایه، سه‌دام حوسێن كه حزبه‌كه‌ی ناوی (پارتی ژیانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سۆشیالستی) بوو، ئه‌و (هه‌ڵخلیسكانه چینایه‌تی) ی به‌شێوه‌یه‌كی دیكه وه‌رگرت و له‌پڕێكدا له‌كۆتایی هه‌شتاكاندا هه‌موو كارمه‌نده‌كانی حكومه‌تی كرد به (فه‌رمانبه‌ر) ئیدی چینی كرێكار نه‌ما، به‌ڵكو كرێكاران بوون به (فه‌رمانبه‌ر) و به فه‌رمانبه‌ر ناوده‌بران ...ئاوه‌ها توانه‌وه‌ی خوده‌كان له خودی فه‌رمانبه‌ردا، هه‌مان توانه‌وه‌ی خودی كۆمه‌نیستی بوو له‌خودی كرێكاری‌دا و كۆی سیاسه‌ت ده‌یویست خوده‌كان بكاته بێخودی سیاسی.
ده‌بێت مه‌لا مه‌حمود یان بێخودی شاعیر (١٨٧٩-١٩٥٥) بیری له‌چی كردبێته‌وه كاتێك ناوی نازناوی شیعری خۆی ده‌كات (بێخود)...بڵێی نه‌یوستبێت چیتر ئه‌و خوده هه‌بووه بێت كه له‌ناو كولتوری باودا هه‌بووه و كوڕی هه‌مان كو‌لتور بێت؟!...بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م غایله‌یه، ده‌توانین له‌وه‌دا له‌و (بێ خودییه‌ی ) ی (بێخود ) تێبگه‌ین، كاتێك به‌شێكی زۆری ژیانی مامۆستایه‌تی كردووه و كاری كولتوریی و په‌روه‌رده‌یی كردووه بێئه‌وه‌ی مانگانه یه‌ك فلس وه‌ربگرێت. به‌جیاواز له درۆكانی سه‌رانی ئیسلامیه‌ت و كۆمۆنیزم، بێخود وه‌ك پیاوی ناو ڕۆحێكی گه‌وره، وه‌ك زاهیدێك، وه‌ك قه‌شه فرانسیسكایهكی زه‌مه‌نی خۆی به‌ناو ژیاندا تێپه‌ڕده‌بێت و كۆچده‌كات.
*بڕوانه - به‌ئه‌لمانی – سلۆته‌ردایك – منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات – ٢٠١٤
Peter Sloterdijk, die schrecklichen Kinder der Neuzeit, Suhrkamp Verlag 2014
سوبێكت و خودی ئیسلامی به‌درێژایی مێژوو سه‌رقاڵ نه‌بووه به خواوه‌ند و خالیق، به‌ڵكو سه‌رسامبووه به مه‌خلوق و ده‌سه‌ڵاتی
له‌ڕاستیدا سه‌رانی سۆڤیه‌ت و بلۆكی سۆسیالستی جگه له‌بنه‌ماڵه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و دیكتاتۆری قه‌ڵه‌و نه‌بێت هیچیتری لێ بهرههمنههات و دوایش ته‌واو ڕووخا