"هونه‌رى شێوه‌کاریى کوردى و میژووى ده‌قى بێوهى"
6 ساڵ لەمەوپێش
فه‌ره‌یدون که‌ریم
"داهێنانى هونه‌ریى گوزارشته له حه‌قیقه‌تى بوون، پێویسته کارى هونه‌ریى وه‌ها سه‌یر بکرێ که ده‌یه‌وێ شتێکمان پێبڵێ ، شتێ که په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى به بوون و ژیانه‌وه هه‌یه."مارتن هایدگه‌ر
نوسین له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه ئه‌و بابه‌ته‌یه که هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌مه‌ودوا به‌پێى پێویست و له شوێن و کاتى گونجاو‌دا قسه‌ى له‌باره‌وه بکه‌ین، به‌و هێوایهى له ناوه‌ندى هونه‌رى شێوه‌کاریدا جوڵه‌یه‌ک دروست ببێ بۆ دامه‌زراندنى زمانێکى تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ له هه‌موو ئه‌و شێوازه جیاوازانه‌ى بۆ نووسین له کایه‌کانى تردا به‌کاردێت، که به بڕواى ئێمه نه له‌رابردوو نه له ئێستادا زمانێک نییه سود به‌م بواره بگه‌یه‌نێ، به‌ڵکو به نائومێدییه‌وه ده‌ڵێین زۆربه‌ى ئه‌و نوسینانه‌ى وه‌کو هه‌وڵى جدى و دڵسۆزانه‌ش بۆ قسه‌کردن له سه‌ر هونه‌ر ده‌درێ، له‌برى کردنه‌وه‌ى بواره‌که له‌به‌رده‌مماندا بۆ تێگه‌یشتن، زیانیشى پێده‌گه‌ینن و ئاراسته سروشتیه‌که‌ى ده‌گۆڕن بۆ شتێک که چیدى هونه‌رى شێوه‌کاریى نییه.
یه‌کێک له‌و زامانانهى له‌پاڵ چه‌ند شێوازێکى تردا خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ى بۆ هونه‌رى شێوه‌کاریی پێکراوه، زمانى فه‌لسه‌فه و لێکۆڵینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فییه به هه‌موو زاراوه و ده‌سته‌واژه و سیمبوله ئاڵۆز و فره مانا‌و فره ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه، که له کۆدڕێژکردن و شاردنه‌وه‌ى واتا‌و ناوه‌ڕۆکى به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان به‌ولاوه سودێکى به خوێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندانیش نه‌گه‌یاندووه.
کاتێکیش ده‌که‌وینه به‌رده‌م نوسێنێکى هاوشێوه‌وه، سه‌ره‌ڕاى تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌ى قسه‌ى له‌باره‌وه ده‌کرێ، ده‌بێ فه‌رهه‌نگێکى زاراوه‌کانمان به ئینگلیزى و عه‌ره‌بى پێبێ، خۆ ئه‌گه‌ر زاراوه‌کان به‌بێ پێناسه و چه‌مکه‌کان به‌بێ سیاق به‌کارهاتبن وه‌کو له بابه‌تێکى به‌ڕێز"نه‌به‌ز سه‌مه‌د له‌باره‌ى مس گه‌له‌ری"یه‌وه نوسیوێتى، ئه‌وا به‌ته‌واوى ئه‌رکى ره‌خنه‌گرتنیش قورس‌تر ده‌بێت.
کاک نه‌به‌ز سه‌مه‌د له گۆڤارى ئه‌له‌کترۆنى کو‌لتوور مه‌گه‌زین،دا رۆژى 20/11/2018 بابه‌تێکى به ناونیشانى "فره- میدیۆمى له گێڕانه‌وه‌دا" بڵاو کردۆته‌وه و له سه‌ره‌تاوه هه‌تا کۆتایى هیچ کام له‌و زاراوانه‌ى پێناسه نه‌کردووه که به‌کارى هێناون و گرنگترینیان زاراوه‌ى"هه‌قیقه‌ت"ه، که به‌درێژایى نوسینه‌که‌ى چه‌ند باره‌ى ده‌کاته‌وه، وه‌کو چه‌مکێک که کاره هونه‌رییه‌کانى ناو مس گه‌له‌رى هه‌ڵگرین.
بۆ رونکردنه‌وه‌و پێناسه‌کردنى "هه‌قیقه‌ت" ده‌بوایه پانۆرامایهکى دوورودرێژى مێژوویى له‌سه‌ر واتا‌و ماناى زاراوه‌که له ئه‌رستۆوه هه‌تا ئه‌مڕۆ بخه‌ینه‌روو، کارێک که ئێمه له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕمان پێى نییه، به‌و پێیه‌ى ئیشى توێژه‌ر و ره‌خنه‌گرى هونه‌ر فه‌لسه‌فاندن و شیعراندنى کارى هونه‌ریى نییه، به‌ڵکو رونکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ى ئه‌و کۆنسێپتانهیه که هه‌ڵیگرتون و بردنیانه بۆ ئه‌و شوێنه‌ى که کۆنسێپته‌کانى بۆ ئاراسته کراوه، دۆزینه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه له‌نێوان ماتریاڵ و بابه‌ته‌کان، و په‌یوه‌ندى ئهودوانهشه به ژینگه‌که‌ى خۆیه‌وه.
به‌به‌رداکردن، یاخود "بۆ داتاشین و دروستکردن"ى مانا‌و واتاى ته‌مومژاویى و ئاڵۆز، نه‌ریتێکه که تا ئه‌مڕۆ له نوسینه‌کاندا ئه‌زموونمان کردووه و ده‌ریخستووه که له‌توانایدا نییه و نه‌بووه زه‌مینه‌یه‌ک بۆ زمانێکى سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به‌هونه‌رى شێوه‌کاریى دابمه‌زرێنێ.
قسه‌کردن له‌باره‌ى هه‌قیقه‌تى هونه‌ره‌وه به گشتى جیاوازى هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانکردن و ئاشکراکردنى ئه‌و ههقیهتهى له ناو هونه‌رى شێوه‌کاریدا ده‌شێ هه‌بێ، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر تیۆره‌یه‌ک هه‌یه نوسه‌ر ده‌یه‌وێ به‌هۆیه‌وه ههقیهتمان له هونه‌رى شێوه‌کاریدا پێبناسێنێ، یاخود لهن چه‌ند به‌رهه‌مێکدا بسه‌لمێنێ، پێویسته له پێشدا تیۆره‌که‌ى رونبکاته‌وه.
به‌وپێیه‌ى نوسهرى ئه‌م بابه‌ته ئه‌وکاره‌ى نه‌کردووه، به‌ڵکو به‌جیا له به‌رهه‌م و کاره هونه‌رییه‌کانى تر‌ى کوردستان، کۆمه‌ڵێ کارى هونه‌ریى دیارى کراو ده‌خوێنێته‌وه که له گهلهریى مس پیشان دراون، ئێمه‌ش هیچ کام له پرسیار‌و داواکارییه‌کانمان له سیاق و فه‌زاى گشتیى هونه‌ردا نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر چی وتار‌و لێکۆڵینه‌وه‌ى زۆر له‌باره‌ى هه‌قیه‌تى هونه‌ر و ئه‌و ههقیهتهى هونه‌ر هه‌ڵیده‌گرێ یان په‌ى پێده‌بات و نمایشى ده‌کات، ئێجگار زۆرن، به‌ڵام پشت نه‌به‌ستن به هیچ بیروڕایه‌کى فه‌لسه‌فى و ره‌خنه‌یى ناسراو له‌م بابه‌ته‌دا به راستهوخۆیى، رێگه‌ى ئه‌ومان نادات ئێمه‌ش بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌بابه‌ته‌که بیان هێنینه ناو باسه‌که‌مانه‌وه.
له‌هه‌ر جێیه‌کى باسه‌که‌ى کاک نه‌به‌زدا حوکمى ئه‌وه درابێت که فڵان کارى هونه‌ریى فڵان شت به‌یان ده‌کات، ئێمه پرسیارمان ئاراسته کردووه که چۆن و به‌چى شێوه‌یه‌ک ئه‌و شته وایه، ئه‌مه‌ش هیچکاتێ ماناى ئه‌وه نییه ئێمه ئه‌و حوکمه‌ى ئه‌و داوێتى ره‌تى ده‌که‌ینه‌وه‌و شتێکى خۆمان له‌برى داده‌نێین، وه‌ک چۆن نکووڵیکردن نییه له‌وه‌ى که کاره هونه‌رییه‌که هه‌ڵگرى ئه‌و مانایه یان "ئه‌رک-وه‌زیفه"یه بێت که نوسه‌ر ده‌یخاته پاڵى، به‌ڵکو ته‌نها گومانمان له دروستیى ئه‌و حوکمانه هه‌یه که له‌لاى ئێمه به‌هۆى ناڕونى و نهسهلماندنیانهوه وه‌کو حوکمى نادروست و لێکدانه‌وه‌ى ناڕون و بێ به‌به‌ڵگه خراونه‌ته‌ڕوو.
هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ده‌ره‌وه‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز هیچ بیروڕایه‌کى خۆمان نه‌خه‌ینه‌ڕوو، هه‌روه‌ها به زنجیره‌ى نوسینه‌که‌ى خۆیدا بڕۆین و له‌و سیاقه‌شدا قسه له‌سه‌ر بابه‌ته‌که ده‌که‌ین که سیاقى بابه‌ته‌که‌ى خۆیه‌تى.
کاک نه‌به‌رز له‌باره‌ى مس گه‌له‌رییه‌وه ته‌نها "وه‌سف" ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رئه‌نجامێکى کردووه و ده‌ڵێت" سه‌رجه‌م ئیشه‌کان له‌م پیشانگه‌یه‌دا هه‌قیقه‌ت ده‌گێڕنه‌وه".
به‌کارهێنانى هه‌قیقه‌ت به‌بێ پێناسه‌کردن و رونکردنه‌وه‌ى سیاقه‌که‌ى و به‌و گشتگیرییه، له هونه‌رێکى قسه‌که‌ر و واتاداردا که خاوه‌نى ده‌قه، وه‌ک ئه‌وه وایه باس له هه‌قیقه‌تێکى ره‌ها بکات، ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌که له توناى ئێمه‌دا نییه زیاتر له‌سه‌رى بڕۆین، ئه‌وه‌نده نه‌بێ که جگه له ئاراسته کردنى هه‌ندێ پرسیارى پێویست، کۆى نوسینه‌که به‌و ته‌مومژه‌وه به‌جێده‌هێڵین و به کاک نه‌به‌ز ده‌ڵێین ئێمه له‌و حوکمانه تێناگه‌ین، هه‌تا نه‌زانین مه‌به‌ستیان له هه‌قیقه‌تى چى شتێکه؟
ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ى کاره‌کان بۆمانى ده‌گێڕنه‌وه چه‌ند دانه‌ن و کامانه‌ن و له‌باره‌ى چییه‌وه‌ن؟
حوکمى ئه‌وه‌ى که فڵان شت هه‌قیقه‌ته پێویستى به سه‌لماندن هه‌یه و چۆن بتوانین ئه‌م حوکمه به دروست بزانین ئه‌گه‌ر نه‌سه‌لمێنرابێت؟
به چیدا ئه‌وه‌ى له کاره‌کاندا به‌یان کراوه به هه‌قیقه‌ت وه‌ربگرین و له راى که‌سیى و به‌کارهێنانه رۆژانهییهکهى زاراوه‌که‌ى جیا بکه‌ینه‌وه؟
هه‌قیقه‌ت شتێکه له هونه‌ردا خۆى هه‌یه‌و دانراوه و ئێمه به‌س له‌سه‌رمانه به ئاماژه‌یه‌ک بیبینین، یان پێویسته بیدۆزینه‌وه‌و به‌ده‌ستى بهێنین؟
په‌یوه‌ندى مێژوویى نێوان هه‌قیقه‌ت هونه‌ر چۆنه و چییه؟
له کارى هونه‌رى شێوه‌کاریدا و به‌تایبه‌ت هونه‌رى "کۆنسێپچواڵ" که فیکرى هونه‌رییانه بناغهکهیهتى و واقیع به‌هه‌موو دووریهکانیهوه بابه‌تى سه‌ره‌کى و سه‌رنجى ئه‌م هونه‌ره‌ن، ئایا په‌یوه‌ندیى فیکر‌و هه‌قیه‌ت و واقیع له‌م ده‌قه‌دا چۆن شیکراوه‌ته‌وه؟
بۆیه نه‌ریتى هه‌ر نوسینێک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ستایش و پیاهه‌ڵدانیش بێت، مادام حوکمى بهدهستهوهدانى هه‌قیقه‌تى تیادایه لانى که‌م ده‌بێ ئه‌و بهرنجامه له‌و پێشه‌کیانه‌وه هاتبن که پێشتر بهیانکراون، بۆئه‌وه‌ى بزانین ئه‌و نوسینه باسى چیى ده‌کات.
کاک نه‌به‌ز وتاره‌که‌ى به وه‌سف و لێکدانه‌وه‌ى شوێنى گه‌له‌ریه‌که ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: زانا ره‌سول خانویه‌کى "په‌راوێزى ناوبازاڕى" گۆڕیوه بۆ گه‌له‌رى، کردنه‌وه‌ى گه‌له‌رى له "شوێنێکى په‌راوێزى شاردا"، ده‌شێ جارێکی‌تر له "پهراوێزێوه بێینه‌وه ناوه‌ند" و یاده‌وه‌رى و هه‌قیقه‌تى شوێنه په‌راوێزخراوه‌کان بێ‌دار بکه‌ینه‌وه.
به بڕواى ئێمه هه‌ڵه، یان له‌خۆوه به‌کارهێنانى وشه‌ى په‌راوێز کاک نه‌به‌زى توشى هه‌ڵه‌ى دووه‌م کردووه که باسکردنى دوانه‌ى"په‌راوێز و ناوه‌ند"ه، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچى تر‌ى له‌سه‌ر ئه‌م دوانه‌یه خستبێته روو، بۆنموونه په‌راوێز چییه و کوێیه؟ ئه‌گه‌ر ویستمان شتێک له په‌راوێزه‌وه بهێنینه‌وه بۆ ناوه‌ند، ئه‌و ناوه‌نده کوێیه‌و چییه؟
سیاقى به‌کارهێنانى ئه‌م چه‌مکى په‌راوێز و ناوه‌نده خوێندنه‌وه‌ى شوێنى ئه‌و خانووه‌یه که هونه‌رمه‌ندێک کردویه‌تى بهگهلهرى له‌ناو بازاڕى شاردا.
بۆچى وه‌سفکردنى خانوویه‌کى "چه‌په‌ک" گۆڕدراوه بۆ خوێنده‌نه‌وه‌ى به خانوویه‌کى "په‌راوێز"؟
له‌کاتێکدا کاک زانا به ویستى خۆى/ وه‌ک کاک نه‌به‌ز هه‌وڵیداوه ئاماژه‌ى بۆبکات/ شوێنێکى کۆنى نۆژه‌ن کردۆته‌وه و گۆڕیویه‌تى بۆ گه‌له‌رى، له چى دۆخێک‌دا دروسته ئه‌و شوێنه واتایه‌کى له‌وه زیاتر هه‌ڵبگرێ که هه‌یه‌تى؟ ئه‌ڵبه‌ته نازانین هۆکارى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى بۆ ئه‌و شیوێنه چییه و ته‌نها له‌سه‌ر باسه‌که‌ى کاک نه‌به‌زه‌وه قسه‌ى لێده‌که‌ین.
ئه‌و خانووه له‌ناو جه‌رگه‌ى بازاڕدایه و وه‌ک خۆى ده‌ڵێ چوارده‌ورى پڕه له کرێکار و دوکان و بازاڕ، هه‌روه‌ها له‌ناو سه‌نته‌رى شاریشدایه و خاوه‌نى هه‌یه‌و کرێى لێ وه‌رده‌گرێ، خانووه‌که ئه‌گه‌ر راستبێ بۆ گه‌له‌رى چه‌په‌ک بێت به‌و واتایه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامێکى سه‌ره‌کیی نییه، ئه‌وا وه‌کو خانوو راست نییه چهپهکیش بێت، چونکه له ژینگه‌ى ناوبازاڕو کار‌و کاسبیدایه و ئه‌وه شوێنى سروشتیى خۆیه‌تى، ئه‌گه‌ر نا هه‌موو بیناکانى پشتى شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کانى شار به وته‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌بێت لهپاراوێزدا بن!
خوێنده‌نه‌وه‌ى وه‌ها بۆ شوێنه‌که به شوێنێکى په‌راوێزخراو ته‌نها داتاشینى واتایه‌کى زیاتره که خۆى هه‌ڵیناگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه خانووه‌که خاوه‌نى هیچ روداوێک نییه، هه‌روه‌ها هیچ به‌هایه‌کى که‌له‌پووریى بیناسازیى و شوێنه‌واریى نییه، ئیتر بۆ ئێمه‌ش له زمانى نوسه‌ره‌وه رون نه‌کراوه‌ته‌وه چیرۆک و هه‌قیقه‌تى ئه‌و شوێنه کامه‌یه و چییه و بۆچى و چۆن بهێنینه‌وه بۆ کام "ناوه‌ند"؟
که ده‌چینه ناو گه‌له‌رییه‌که‌وه کاک نه‌به‌ز یه‌که‌م ماتریاڵ که سه‌رنجمان راده‌کێشێ بۆى پێڵاوه‌کانى هونه‌رمه‌ند "سه‌روه‌ت سه‌وز" ه، ده‌ڵێ: ده‌شێ بینه‌ر وه‌ک شتێکى په‌راوێز به‌لایدا تێپه‌ڕێ، له کاتێکدا خاوه‌نى چیرۆک و یاده‌وه‌رییه و به‌شێک له هه‌قیقه‌تمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
لێره‌شدا ئه‌گه‌رى سه‌رنج نه‌دانى ماتریاڵێکى ناو گه‌له‌رییه‌که له‌لایه‌ن بینه‌ره‌وه به په‌راوێز وه‌سف کراوه، که وشه‌یه‌کى نه‌گونجاو و نادروسته و ئه‌وه زیاتر پێى ده‌وترێ گرنگى نه‌دان یان به هه‌ند وه‌رنه‌گرتن.
که به‌ڕاى ئێمه شتێکى سروشتییه و یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانى هونه‌ر و ئه‌و گه‌له‌ریه پێدانى گرنگیى و راکێشانى سه‌رنجه بۆ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى له‌وه‌وبه‌ر فه‌رامۆش کراون و بیریان لێنه‌کراوه‌ته‌وه یان به‌هاکه‌یان نهبینراوبووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ"پێڵاوه‌کان یادگارى و یاده‌وه‌ریى ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌گێڕنه‌وه و له روى به‌هاو سیمبوله‌وه هچیى که‌متر نییه له تابلۆ‌و ئیشه هونه‌رییه‌کانى سه‌روه‌ت سه‌وز".
باواى دابنێین ئه‌م رسته‌یه ته‌نها خراپ داڕیژراوه و بڕێک له راستى تیادایه، بۆنموونه به‌ته‌واوى راسته که پێڵاوه‌کان یادگاریه‌کى سه‌روه‌ت سه‌وزن، به‌ڵام چۆن خاوه‌نى یاده‌وه‌رییه؟ ئایا چۆن جوتێ پێڵاوى ئه‌و هونه‌رمه‌نده له روى به‌هاو سیمبولییه‌وه هاوتاکراون به تابلۆکانى؟
جگه‌له‌وه‌ى له نوسینه‌که‌دا هیچ چیرۆکێکى یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت به‌سه‌روه‌ت سه‌وز نییه، بۆنمونه کاتێ توشى روداوى لێدانى ئۆتۆبێل بۆوه ئه‌و پێڵاوانه‌ى لهپیادابوو؟ ئه‌گه‌ر واشبێت نازانین چیرۆکه‌که چۆن له سیاقى کارێکى هونه‌ریى و له‌ناو گهلهرییهکى هونه‌رییدا تێکهه‌ڵکێشکراوه، دواتر پێڵاوه‌کان باسى کام هه‌قیقه‌ته ده‌که‌ن؟
ئه‌وه‌ى به‌لامانه‌وه گرنگه هاوتاکردنى به‌هاو سیمبولى تالبۆکانى هه‌نه‌رمه‌نده به پێڵاوه‌کانى، کاک نه‌به‌ز هیچ جیاوازییه‌ک نابینێ له‌نێوان به‌رهه‌مى هزر و مه‌عنه‌ویى و ته‌کنیک و شێوازى تابلۆى هونه‌رمه‌ندێک و پێڵاوه‌کانیدا!
که پێلاوه‌کانى له‌وه‌وبه‌ر کاڵایه‌کى کڕدراوى فرۆشگاکان بووه، ئه‌رکیان جوڵه کردن بووه، له‌پێکردن و رۆیشتن و ڕاکردن و له‌رزاندن، ئه‌وه‌ى له ژیانى سه‌روه‌ت سه‌وز ئاگاداربێ ده‌شى به‌و پێڵاوانه‌وه چوبێته کێڵگه‌کانى مین ههڵگرتنهوهوه، پێڵاوه‌کان به‌رهه‌م و داهێنانى هونه‌رمه‌نده‌که نین له‌کاتێکدا تابلۆکان وه‌هان، ئه‌و شوێنه‌ى پیڵاوهکانى لیوههاتووه و ئه‌و ئهرکهۆمهڵایهتى و میکانیکییهى هه‌یبووه به‌ته‌واوى جیوازن له شوێنى هاتنى تالبۆکان و ئه‌رکه‌کانیان، دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ى بۆناو گه‌له‌رى ده‌یکات به بابه‌تێکى ئه‌رشیفی و مۆزهیى وه‌ک"موڵکى که‌سیى هونه‌رمه‌ندێک" و واتایه‌کى تر پیهدا ده‌کات، وه‌ک چۆن ئه‌رکێکى تریش وه‌رده‌گرێ که نه‌وه‌ک رابدرووه و نهلهرهمزو دهلالهتیشدا وه‌کو تابلۆکانى ده‌خوێندرێته‌وه.
یه‌کێکى تر له‌و شتانه‌ى "ده‌شێ بینه‌ر په‌راوێزى بخات"،" کوولهیهکه که به‌هۆى گه‌رماى هاوینه‌وه مرداربۆتهوهو زانا پاراستویه‌تى، رۆژانه له‌ڕێگه‌ى ده‌فته‌رى "دانوستان" له‌گه‌ڵ کوللهکهدا زانا
ده‌ئاخڤێ و باسى میوانه‌کانى بۆ ده‌کات، له‌ڕێگه‌ى گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى ئه‌م کوللهیهوه ده‌ڵێت چالاکییه ئابوورى و سهرمایهدارییهکانى مرۆڤ ژیانى هاومرۆڤانى تێکداوه و لێره‌وه هونه‌رمه‌ند هه‌قیقه‌تى سه‌رمایه‌داریى به ئێمه ده‌ڵێت".
به گوزارشته‌کانى کاک نه‌به‌ز بێت هونه‌رمه‌نده‌که ته‌نها چیرۆکى کولله‌که بۆ ئێمه ناگێرێته‌وه، به‌ڵکو هى میوانه‌کانیش بۆ کولله‌که ده‌گێڕێته‌وه له ڕێگه‌ى ده‌فته‌رى دانوستانه‌وه، که به‌راستى نازانم دانوستان به‌ته‌واوى چى مانایه‌ک ده‌به‌خشێت له‌گه‌ڵ کوولهیهکى مردوودا و له‌باره‌ى مرۆڤه‌وه چى به کووله‌که ده‌وترێ؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ش وه‌کو خۆى به‌جێده‌هێڵین بۆ نوسه‌ر و ئه‌وه‌ى رون نییه له دواتردا هۆکارى مردنى کوللهکهیه به‌هۆى چالاکیه سه‌رمایه‌دارییه‌کانه‌وه.
له ژیانى سروشتیى رۆژانه‌دا زینده‌وه‌ران دروست ده‌بن و ده‌مرن، کولله که له شاردا بێت یان له که‌ژوکێو ته‌مه‌نێکى دیارى کراوى هه‌یه‌و رۆژێک له جێگه‌یه‌کدا ره‌ق هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و مردار ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ک مرۆڤه‌کان تووشى روداو ببن یان نا رۆژێ ده‌مرن.
ئه‌گه‌رچى به‌ده‌ر له‌م سیاقه ئه‌و وته‌یه راسته که به‌شێکى زۆرى چاکییهکانى سه‌رمایه‌داریى بووه‌ته هۆى پیسکردن و گه‌رم کردنى ئه‌تمۆسفێرى سه‌رزه‌وى و زیان به هه‌موو زینه‌وه‌ران ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام وه‌ک ئاشکرایه ئه‌مه وته‌ى ئێمه‌یه و نوسهرى ئه‌م بابه‌ته له هیچ شوێنێکدا، گه‌رماو کولله‌و سه‌رمایه‌داریى پێکه‌وه له سیاقێکدا کۆناکاته‌وه، تاوانبارکردنى سه‌رمایه‌داریى به کوشتنى کولله‌یه‌ک و گۆڕینى لاشه‌ى کولله‌که بۆ کارێکى هونه‌ریى پێویستى به رونکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ى زانستیى و دروست هه‌یه، کاتێ "روداوێکى واقیعى" به‌بیرێکى هونه‌ریى سه‌یر ده‌کرێ، یان "روداوێکى ناو واقیع" که ده‌کرێ واقیعی یان راستیش نه‌بێ و دروست کراو بێت، ده‌بێته بیرۆکه‌ی کارێکى هونه‌ریى، زۆر له‌وه زیاتر شیکردنه‌وه‌ى پێویسته که کاک نه‌به‌ز لێره‌دا به‌سه‌ریا بازده‌دا.
وه‌ک بڕیار بوو به زنجیره‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز بڕۆینه خواره‌وه، به‌ڵام باسى ئیشه‌که‌ى کاک زانا ده‌خه‌ینه کۆتایى ئیشه هونه‌رییه‌کانى تره‌وه، له‌به‌ر ئه‌و به‌سته‌نه‌وه به‌هێزه‌ى که نوسه‌ر له‌گه‌ڵ ئیشه‌کانى تر‌و ئه‌م ئیشه‌دا ده‌یکات.
له‌باره‌ى کارى فۆتۆکانى کاک"سامان عه‌لى"ه‌وه ده‌ڵێت: له‌و فۆتۆیانه‌وه چیرۆک، هه‌قیقه‌ت، ریالیتى ناوبازاڕ و کۆڵانه‌کان و شه‌قامه‌کانى سلێمانى ده‌بینین و یاده‌وه‌ریى و مێژوو و ژیانى رۆژانه‌ى شار و شه‌قامه‌کان و ساته خۆش و ناخۆشه‌کان تۆمار ده‌که‌ن، له رێگه‌ى ئه‌م فۆتۆیانه‌وه ده‌توانین کلتوورى شاری سلێمانى به‌وانى دى بناسێنین و بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو دۆکۆمێنتیان بکه‌ین، هاوکات به‌هۆیانه‌وه ده‌توانین راڤه‌ى دۆخ و داکهوتى سه‌ر شه‌قامه‌کان بکه‌ین، فۆتۆکان ته‌نها گواستنه‌وه یان گه‌یاندنى ریالێتى نین وه‌کو خۆى، به‌ڵکو ده‌شێ وه‌کو ره‌خنه‌ى ریالێتى و دۆخى هه‌بوو لێیان بڕوانین".
ده‌مانه‌وێ بزانین وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافى چۆن و به چى شێوه‌یه‌ک ده‌توانێ هه‌ڵگرى ئه‌و هه‌موو کرده و چالاکى و به‌هایانه بێت که کاک نه‌به‌ز دیانخاته پاڵى، به‌ده‌ر له‌وه‌ى پێناسه‌یه‌کى فۆتۆو وێنه ناکات که واتا‌و ئه‌رک و رۆڵیان له هونه‌ردا چییه‌و جیاوازیان له‌گه‌ڵ فۆتۆى جۆرنالیستیدا چییه و ئه‌وه‌شى بۆ خوێنه‌ر به‌جێهێشتووه، به‌نزیکى هه‌موو کار‌و چالاکییه‌کانى مۆرڤی ئاخنیوه‌ته چه‌ند وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافییه‌وه.
به مه‌به‌ست هیچ جۆره پێناسه و بۆچونێکى فه‌یله‌سوفانى ئه‌و بوارانه‌مان نه‌هێناوه‌ته ناو باسه‌که‌وه و ده‌مانه‌وێ له‌ناو ئه‌م سیاقه خۆیدا پرسیاره‌کانمان بکه‌ین، وه‌ک ئه‌وه‌ى یه‌که‌مجارمان بێت وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافى ببینین، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه به نوسهرى بابه‌ته‌که بڵێین ده‌کرا له‌سه‌ر رۆڵى گشتى هونه‌رى فۆتۆگرافى به کورتى شتێمان پێ بوترێ، یاخود خوێندنه‌وه‌یه‌کى ورد‌و ته‌واو بۆ ئه‌و وێنانه بکرایه که له‌و فۆتۆگرافانهدا هه‌ن.
ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌سته‌و یهخهنابین له‌گه‌ڵ واتا‌و لێکدانه‌وه‌ى وێنه‌کاندا، به‌ڵکو ته‌نها تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕییه هه‌یه که به‌رامبه‌ر فۆتۆکان و کۆى کاره هونه‌رییه‌کانى تر پیاده‌کراوه، تێبینیمان له‌سه‌ر بارکردنى کاره‌کان به واتا‌و چه‌مک و وه‌سفى هه‌م ساده و هه‌م ئاڵۆز و ته‌مومژاویدا هه‌یه.
له کاتێکا فۆتۆگراف ده‌توانێ واقع له‌خۆى واقیعى تر پیشان بدات به‌تایبه‌تى شێوازى کلاسیکى که ره‌ش و سپییه، له‌هه‌مانکاتدا فۆتۆ "گرتنى" واقیعه پتر له‌وه‌ى گواستنه‌وه‌ى بێت له‌لایه‌ک، و ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ى واقیعییه "وه‌ریده‌گێڕێ-ترجمه" بۆمان پتر له‌وه‌ى باس له ههقیهتێ بکات، له‌هه‌مان کاتدا ده‌کرێت فۆتۆ خاڵى بێت له‌و بنه‌مایانه‌ى ئێمه واقعیى پێدهناسین، جیاکردنه‌وه‌مان لێره‌دا و له شوێنه‌کانى تریشدا له نێوان هه‌قیقه‌ت و واقیعدا له‌و دیده‌وه هاتووه که ده‌شێ ئه‌وشته یان روداوه‌ى له‌واقیعه‌وه به‌ناو یه‌کێک له نێوانگرهکاندا"وه‌کو کامێرا و وێنه‌کێشان"دا تێیدهپهڕێ بۆ به‌رهه‌مێکى هونه‌ریى، ئه‌و راستییه نه‌گوازێته‌وه که له واقیعدا به‌رى که‌وتووین، به‌هه‌رحاڵ هونه‌رى فۆتۆگراف وێنه‌یه‌ک نییه له‌باره‌ى بابه‌تێک یان دنیایه‌کى ته‌واو و یه‌کگرتوه‌وه ئه‌وه‌نده‌ى له‌تکردن و جیاکردنه‌وه‌ى شتێک، روداوێک، بابه‌تێکه، له‌دیمه‌نه گشتییه‌که‌ى.
ئه‌مانه‌ش وه‌کو سهنجێکى بچوک بۆ کاک نه‌به‌ز که ده‌کرا باکگراوندێکمان له‌سه‌ر فۆتۆ بداتێ له‌م سیاقه‌ى خۆیدا، هه‌تا تێبگه‌ین باسى چیمان بۆ ده‌کات.
بۆ نموونه: یه‌کێک له فۆتۆکانى کاک سامان وه‌رده‌گرین که کاک نه‌به‌ز له‌گه‌ڵ نوسینه‌که‌ى خۆیدا دایناون،
منداڵێک یارى به پاسکیلهکهى ده‌کات، ئه‌م وێنه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو وێنه‌کانى تر‌ى فۆتۆگرافهرهکهدا جیاوازه، که له‌سه‌ره‌وه‌ى کۆمه‌ڵه‌که‌ى به‌ناوى"تاریک و روناکى" ه‌وه دایناوه، وێنه‌کانى تر هه‌موویان گرته‌ى کۆمه‌ڵێک که‌سن له منداڵ و ژن و پیاوى کۆڵبه‌رو کرێکار‌و ده‌ستگێڕ، به‌ته‌نها ئه‌و وێنه‌یه که نازانین جیاوازى بابه‌ته‌که‌ى مه‌به‌ستێکى دیارى کراوى هونه‌رمه‌نده‌که‌یه بۆ ده‌رخستنى جیاوازى و نایه‌کسانیى شێوازى ژیانى دوو منداڵ" که یه‌کێکیان کارده‌کا و ئه‌ویتر یارى ده‌کات" یان رێکه‌وته؟
چونکه نوسه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م ورده‌کاریانه‌وه هیچ تێبینیه‌کى نه‌خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر وێنه‌ى دوو منداڵ "کرێکارێک و یاریکارێک" یه‌کى چیرۆکێکیان هه‌بێت، بۆ بینه‌رى ئه‌مڕۆ و دواى چه‌ندین ساڵى تریش بایه‌خ و گرنگى ئه‌م وێنانه چین؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که ده‌کرا له پێناسه‌یه‌کى خێرادا گرنگیى دۆکۆمێنتمان له رێى فۆتۆوه پێبڵێ، هیچ شتێک له‌باره‌ى کاریگه‌ریی و ئه‌رک و به‌هاى ئه‌و وێنانه‌وه له‌سه‌ر بینه‌ر "له ئێستادا" ناخاته ڕوو، جگه‌له "گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى هه‌قیه‌تى ریالێتى ناوبازاڕ" که پرسیارمان هه‌یه له‌سه‌رى، هه‌موو قورسایى به‌ها و ئه‌رکى وێنه‌کان له مێژوودا ده‌بینێته‌وه و رۆڵى کاره‌که له‌مڕۆدا فه‌رامۆش ده‌کات.
هه‌ر بینه‌رێک بکه‌وێته به‌رده‌مى دوو وێنه‌ى وه‌هاوه و ئاشناى ژیانى کوردستان بێت یان هى وڵاتێکى تر، به‌بێ هیچ ده‌قێکى هاوپێچکراو له‌گه‌ڵ وێنه‌کاندا ده‌توانێت زنجیره‌یه‌ک خه‌یاڵ و وێناکردن له زه‌ینى خۆیدا له‌باره‌ى کاره‌کته‌رى ناو وێنه‌که‌و ژیانییه‌وه دروست بکات، به‌ڵام پرسیارى ئێمه ئه‌وه‌یه گرته‌ى که‌سێکى هه‌ژار له وێنه‌یه‌کدا و له‌مڕۆدا شۆکه‌که‌ى بۆ بینه‌رێکى خۆماڵى و بیانى چییه؟ ئایا هه‌ژاریى و کارى قورس له مێژوودا نه‌بووه؟ ئایا بڕیارێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له داهاتوودا نه‌مێنێت و ئه‌م وێنانه چیرۆکى واقیعێکى له‌ناوچوو ده‌گێڕنه‌وه بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو؟ ئه‌ى ناتوانین وێناى ئه‌وه بکه‌ین ده‌شێ له داهاتوودا مرۆڤه‌کان به‌هۆى ئامێرى پێشکه‌وتووه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ و له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا ژیان بکه‌ن وه‌کو جۆرێک له گه‌شتوگوزار؟ ئه‌وکاته کێ پێویستى به فۆتۆیه؟ ئایا هه‌ژارى دۆخێکى نامۆیه به وڵاتانى تر‌ى سه‌ر زه‌مین؟
ئێمه ئه‌م پرسیارانه له وێنه فۆتۆگرافییه‌کان ناکه‌ین، به‌ڵکو مه‌به‌ستمانه به نووسه‌رى ئه‌م بابه‌ته بڵێین باشتر وابوو وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ى بدایه‌ته‌وه به‌رله‌وه‌ى باسى وێنه‌کان بکات.
هه‌روه‌ها دواین پرسیارمان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنانه ههقیهتن چۆن هه‌قیقه‌تى کلتووریى ژیانى شارن؟ ئه‌ى ژیانى سه‌ر شاقهمهکهى ئه‌ودیو؟ئه‌ى گه‌له‌رى و مۆزه‌خانه‌و کتێبخانه‌و چایخانه‌و فه‌رمانبه‌ران و شێت و باخچه و مه‌کته‌ب و پۆلیس و نه‌خۆشخانه؟ ئه‌ى باڵه‌خانه و تاوه‌ر و شه‌قامه‌کانى تر و کۆى روداو و به‌سه‌رهات و چالاکییه‌کانى تر چین؟ به‌کارهێنانى ده‌سته‌واژه‌یه‌کى وه‌کو"به‌شێک له ژیانى ئیشکه‌ران و هه‌ژاران" له‌برى "ژیانى کلتوورى و ریالێتى شه‌قام و شار" هه‌موومانى له‌م گرفته رزگارده‌کرد.
راستییه‌ک که ئه‌و وێنانه وه‌کو شتێکى به‌ڵگه‌نه‌ویست پێمانى ده‌ڵێن ئه‌وه‌یه‌که له‌ناو شاردا که‌سانى هه‌ژار هه‌ن و کارى گران ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بژین، نوسه‌ریش ده‌یتوانى له‌و مانا سهرپێییانهى به نیگایه‌ک له فۆتۆکاندا دیویه‌تى زیاتر تێبپهڕاێنێ.
ئه‌ڵبه‌ته وێنه‌ى فۆتۆگرافى به‌کارهێنان و سودو گرنگى هه‌مه‌چه‌شنى هه‌یه به‌پێى ئه‌و دیمه‌نه‌ى له وێنه‌که‌یدا دهردهردهکهوێت.
چیرۆک گێڕانه‌وه خۆى مه‌ودایه‌کى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له واقیعدا ده‌گوزه‌رێ و ئه‌وه‌ى هه‌قیقییه له‌و واقیعه‌دا، له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به فلته‌رى هونه‌رمه‌نده‌که‌دا تێده‌په‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که وێنه‌ى دیمه‌نێکى وه‌ستاو ناکرێ ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌تانه‌ى هه‌بێت که ده‌خرێته پاڵى له‌کاتێکدا که ئه‌مڕۆ وێنه خۆى جێگه‌ى مشت‌ومڕ و گومانه.
ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى نازانین وێنه‌کان چۆن ره‌خنه له‌و ریالیتیه ده‌گرن؟ ده‌توانین به کارى فۆتۆگرافى دژیه‌کى و جیاوازى روداو دیارده‌کان بخه‌ینه روو، به‌ڵام ئایا ئه‌م کردانه له‌و فۆتۆیانهدا ئه‌و کاره ده‌که‌ن که نوسه‌ره‌که باسیان ده‌کات؟
ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نوسه‌ر ناونیشانى ئه‌و کاره‌ى "تاریک و روناکى" و شێوازى ده‌رخستنى کۆنتراستى به‌هێزى ره‌ش و سپى گرێنه‌داوه‌ته‌وه به کۆنسێپتى هونه‌رمه‌نده‌که‌و بابه‌ته‌که‌ى خۆیه‌وه، که به پێویست ده‌بوایه شتێکمان پێبڵێ.
نوسه‌ر له‌باره‌ى کاره‌کانى یه‌کێکى تر له هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربووه‌وه تابلۆیه‌کى به‌ناوى "هه‌قیقه‌ت" به نموونه وه‌رگرتوه‌و ده‌ڵێت: تابلۆ سوریالییهکانى ئاوێزان به‌جۆرێکى تر ریاڵێتى و داکه‌وت و هه‌قیقه‌تمان پیشان ده‌ده‌ن، له‌م تابلۆیه و چه‌ند دانه‌یه‌کى تردا فیگه‌ره‌کان به ئاوهژووکراوى وێنه‌کێشراون، واتاى ئه‌وه‌یه ده‌شێ ئێمه تا ساتى روانین له تابلۆکه به ئاوهژویى له هه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتبین، ئاوێزان له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌ک و روانگه‌یه‌ک و هاوارێکى دیکه‌وه هه‌قیقه‌ت به ئێمه ئاشنا بکات"!
ئه‌گه‌ر نوسه‌ر لانى که‌م هه‌قیقه‌تى له سیاقى قوتابخانه‌ى سوریالیزمدا بۆ پێناسه بکردینایه ده‌مانزانى باس له هه‌قیقه‌تى نه‌ست ده‌کات، پاشان پێمان بڵێت چۆن و به‌کام رێگه سوریالیزم ریالێتى پیشانده‌دات؟
ئه‌گه‌ر وانییه ئێمه به په‌رۆشین بۆ داهێنان و دۆزینه‌وه‌ى نوێ له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى سوریالیزم به هه‌قیقه‌ته‌وه، یان هاواتاکردنى "هه‌قیقه‌ته گشتگیرهکهى کاک نه‌به‌ز به سوریالیه‌ت"که به‌بێ راوه‌ستان و هیچ شیکردنه‌وه‌یه‌ک راده‌کات به‌سه‌ریدا و دهیانلکێنێ به‌یه‌که‌وه.
پاشان به‌سه‌رسوڕمانه‌وه له کاک نه‌به‌ز ده‌پرسین مه‌به‌ستتان چییه له‌وه‌ى مادام فیگه‌ره‌کان ئاواژوو وێنه‌کێشراون که‌واته باسى هه‌قیقه‌ت ده‌که‌ن؟
له‌وێشه‌وه بڕیار بده‌ن هه‌تا ساتى روانین له تابلۆکه ئێمه به ئاوهژوویى له هه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتبین؟
کاک نه‌به‌ز مه‌به‌ستى له خۆیه‌تى یان له هه‌موو بینه‌ره‌کان؟ به مانایه‌کى تر هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى سه‌ر زه‌مین که هێشتا نه‌هاتونه‌ته به‌رده‌مى تابلۆى"هه‌قیقه‌ت" له جه‌هلدا ده‌ژین و به ئاوهژوییى له هه‌قیه‌ت گه‌یشتوون؟
جگه‌له‌وانه‌ش ئێمه له زۆر شوێندا ئاماژه‌مان به هه‌ڵه‌ى زمانه‌وانى نه‌داوه و تێمانپه‌ڕاندووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى کاک نه‌به‌ز مه‌به‌ستیه‌تى بیڵێ فیگه‌رى ئاوه‌ژوو نییه، چونکه ئاوه‌ژوو دیوێکى تر‌ى شتێکه وه‌ک ههڵگێڕانهوهشى بۆ به‌کاردێت، ئه‌و فیگه‌رانه سه‌راوژێر یان سهرهوخوارن نه‌وه‌ک ئاوه‌ژوو.
کاک نه‌به‌ز له کۆى نوسینه‌که‌یدا جگه له حوکم و خوێنده‌نه‌وه‌ى نادروست، یان نه‌خوێنده‌وه‌و شینهکردنهوهى دروست، که‌وتۆته جۆرێک له هه‌ڵه کردنه‌وه که ئێمه پێى ده‌ڵێن هه‌ڵه‌ى زنجیره‌یى زمان، ئه‌ڵبه‌ته هه‌ندێ جار به‌هۆى به‌کار هێنانى وشه‌یه‌که‌وه ده‌قه‌که ده‌سه‌ڵات و کۆنترۆڵى نوسه‌ره‌که‌ى" به‌تایه‌به‌ت ئه‌گه‌ر بێ ئاگابێ له‌بابه‌تى باسه‌که‌ى"وه‌رده‌گرێته‌وه و زنجیره‌یه‌ک وشه‌و واتا و بۆچون دروست ده‌کات که ئیلهام یان مانا له‌یه‌کتره‌وه وه‌رده‌گرن، له‌وانه بۆ نموونه کاتێ وشه‌ى په‌راوێز به‌کار ده‌هێنێ به‌دوایدا هه‌ڵه‌ى بۆچونیش دروست ده‌بێ وه‌ک خوێندنه‌وه‌ى شوێنه‌که به دوانه‌ى "په‌راوێز و ناوه‌ند". هه‌ندێ جاریش یه‌که‌م بۆچوون یان ده‌ستنیشان کردن یان دۆزینه‌وه‌ى چوارچێوه بۆ بابه‌تێک، کۆى هه‌ڵه‌کانى تر به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت که لێره‌دا مه‌به‌ستمان چه‌مکى "هه‌قیقه‌ت"ه‌که‌ى ناو مس گه‌له‌رییه.
به‌دوایدا هه‌ڵه‌ى زنجیره‌یى له تابلۆ سوریالییه‌کانه‌وه ده‌یبات بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار بدات که که‌شى کۆى گه‌له‌رییه‌که که‌شێکى سوریالییه، ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامێکى چاوه‌ڕوانکراوه، مادام ریاڵ و چیرۆک و یاده‌وه‌رى و هه‌قیه‌ت و سوریالیه‌ت هاوتاى یه‌کترن له‌ناو گه‌له‌رییه‌که‌دا، که‌واته ده‌توانین بڵێین که‌شه‌که‌ش سوریالییه وه‌ک چۆن ده‌توانین بشڵێین که‌شێکى هه‌قیقیه یان چیرۆکاوییه یان ریاڵێتییه، و لێره‌دا به‌کار هێنانى هه‌ر یه‌کێکیان چى بۆ گهلهرییهکهو چى بۆ کاره هونه‌رییه‌کان ئاساییه و شیاوه به‌پێى نوسهرى ئه‌م بایه‌ته.
له کۆتاییدا پێویسته نوسه‌ر ئه‌م دوا وتانه‌ى له‌باره‌ى که‌شى سوریالى و ههقیهتهوه پێکه‌وه گرێبداته‌وه و باسى کۆى کاره‌کانى هونه‌رمه‌ند زانا ره‌سول ده‌کات.
ده‌ڵێت: زانا ئه‌و که‌شه سوریالییهى خودى شوێنه‌که" خانووه‌که" و ناو گهلهرییهکهى تۆختر کردۆته‌وه،
له رێگه‌ى دانانى پێڵاوه‌کانى سه‌روه‌ت سه‌وز و لاشه‌ى کولله‌که و ده‌فته‌رى دانوستانى خۆى و کولله‌که، هه‌روه‌ها هه‌ڵواسینى پسوڵه‌ى خه‌رجیى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى بیناکه له‌لاى ته‌والێته‌که، که له‌سه‌رى نوسراوه ئه‌گه‌ر چاودێریى دارایى هات، ئه‌مه‌شى وه‌کو ته‌وس و ره‌خنه‌و لاقرتێ به فه‌رمانگه‌ى ناوبراو داناوه".
له راستیدا دیمه‌ن و کرده‌ى قسه‌کردن له‌گه‌ڵ کوولهیهکدا زیندو یان مردووه، وه‌کو کرده‌یه‌کى هونه‌ریى وه‌رده‌رگرین و ده‌توانین به‌هایه‌کى پێبده‌ین، هه‌روه‌ها ده‌شێ ئه‌م پرۆسێسه هونه‌رییه سوریالیانهبێ، به‌ڵام پسوڵه‌ى تایبه‌ت به نۆژه‌نکردنه‌وه چۆن ده‌بێته کارێکى سوریالى؟ ئایا به‌هۆى ئه‌وه‌وه که هه‌رگیز چاودێرى دارایى ناچێت بۆ گه‌له‌رییه‌که وه‌کو نوسه‌ر ده‌یڵێت؟ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌لاى ته‌والێته‌وه هه‌ڵواسراوه؟پاشان چۆن پێشبینى ئه‌وه کراوه که ئه‌و فه‌رمانگه‌یه رۆژێ ناچێ بۆ ئه‌و گه‌له‌رییه و چى کاتێ هونه‌رێکى سوریالى ده‌توانێ پێشبینى داهاتوو بکات بۆ ئه‌وه‌ى سوریالى بێت؟ چۆن ماناکه‌ى پێش روداوه‌که که‌وتووه؟ که واده‌کات هه‌ر رۆژێ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه چون بۆ بینیى ئه‌و پسوڵانه ئیدى ئه‌وکاره‌ش سوریالى نه‌بێ.
له‌باره‌ى پێڵاوهکانیشهوه چى وه‌کو میراتیى هونه‌رمه‌ندێکى کۆچکردو،و چى وه‌کو ماتریاڵێکى مۆزهیى و چى وه‌کو "شتێکى پهراوێخراو"وه‌ک نوسه‌ر ده‌یڵێت نازانین چۆن ئهوشتانهیهو له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌شتوانێ سوریالیبێ؟
ئه‌مه‌ش دژى ئه‌و لێکچواندنهى پێڵاوهکانه به تابلۆکان له‌روى به‌هاو سیمبوله‌وه، که تابلۆکانى سه‌روه‌ت سه‌وز سوریالى نین، به‌ڵام که له‌گه‌ڵ پێڵاوه سوریالییه‌کاندا هه‌ڵگرى هه‌مان سیمبول و به‌هابن ده‌بێ تالبۆکانیشى سوریالیبن!
له په‌ره‌گرافێکى تر‌ى نوسینه‌که‌دا باسى هه‌ندێ له‌و ماتریاڵانه‌دا ده‌کات که لهگهلهرییهکهدا هه‌ن، وه‌کو گۆزه و سندوق و روه‌ک و به‌وه‌ى که ئه‌مانیش به‌شدارن له گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیه‌ت و که‌شى سوریالى گه‌له‌رییه‌که‌دا، ده‌ستێکى ته‌ڕ به بابه‌ته‌که‌دا ده‌هێنێ و دایده‌خات.
ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى که کاریترى هونه‌رى و ماتریاڵى تر هه‌ن، له‌باسکردن په‌ڕیون.
دواجار دێینه سه‌ر تێبینیه‌کانمان له‌باره‌ى لێکدانه‌وه‌کانى نوسه‌ر بۆ کاره هونه‌رییه‌کانى زانا ره‌سول.
له‌باره‌ى ڤیدیۆکانه‌وه هیچ تێبینیه‌کى نوێمان نییه، چونکه دیمه‌ن و شێوازى دانانى کاره‌که وه‌کخۆى ده‌گێڕێته‌وه و هه‌مان وه‌سف و واتاى کاره‌کانى پێشوى له‌سه‌ر دابه‌زاندۆته‌وه.
نوسه‌ر ده‌ڵێت:"زانا له‌م ئیشه تازه‌یه‌یدا ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت وڕێنه ده‌شێ هه‌قیه‌ت بێ، ده‌شێ ئێمه له رێگه‌ى وڕێنه‌وه به هه‌قیقه‌ت بگه‌ین، یان هه‌قیقه‌ت له بنه‌ڕه‌ته‌وه جگه له وڕێنه هیچى دیکه نییه"!
پاشان ده‌لێت"زانا فۆتۆکان و تابلۆکان و مۆزیکه‌که له پێناوى ته‌واو کردنى گێڕانه‌وه‌که‌یدا، گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت، له‌گه‌ڵ ئیشه‌که‌ى خۆیدا ئاوێته ده‌کات".
هه‌ر له‌م به‌ستنه‌وه تراژیدییهى کۆنسێپتى گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیه‌ت له کاره‌کاندا به یه‌ک کاره‌وه ده‌ڵێ" گێڕانه‌وه له‌م پیشانگه‌یه‌دا وه‌کو ده‌زویه‌کى باریک به‌نێو سه‌رجه‌م ئیشه‌کاندا درێژده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌توانم بڵێم هه‌موو میدیۆمهکانى دیکه راژه‌ى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا ده‌که‌ن".
پرسیارى ئێمه له‌م به‌شه‌ى کۆتایی نوسینه‌که‌دا له کۆتایى په‌ره‌گرافه‌که‌یه: ئایا نوسه‌ر خوێنه‌رى دڵنیا کردۆته‌وه له‌وه‌ى که هه‌موو کاره‌کان شتێک ده‌گێڕنه‌وه به‌ناوى هه‌قیقه‌ته‌وه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نوسه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى به‌ڵگه‌نه‌ویست مه‌سه‌له‌ى گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌تى له کاره‌کاندا خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌مان شێوه هه‌موو کاره‌کان له ده‌زوى هه‌قیه‌ت هه‌ڵده‌کێشێ و به‌کاره‌که‌ى زاناوه ده‌یانبه‌ستێته‌وه کاتێ ده‌ڵێ" هه‌موو میدۆمهکانى دیکه ڕاژه‌ى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا ده‌که‌ن".
لێره‌دا ئه‌وه‌ى سه‌یره بۆ تێگه‌یشتن ئه‌وه‌یه که دیارى نه‌کردن و پێناسه نه‌کردنى چه‌مکى "هه‌قیه‌ت" بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک وا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م وته‌یه راستبێ، خوێنه‌ر ده‌ڵێت مادام هه‌موویان هه‌قیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه/ئه‌گه‌ر پرسار نه‌که‌ین له‌سه‌ر ههقیهتهکه/ ئه‌وا شیاوه هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌کان له‌سه‌ر یه‌ک کۆنسێپت کاریان کردبێت و رازیشبوون به‌وه‌ى بوترێ له خزمه‌تى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا دان.
ئه‌گه‌رچى خۆیان کۆنسێپتى شار و چه‌ند بیرۆکه‌یه‌کى سانهوییان خستۆته‌ڕوو که پێکه‌وه کاریان له‌سه‌ر کردووه و نووسه‌ر باسى ئهوهیانى نه‌کردووه.
با هه‌ر له‌و مانا ئهبستراکتهى نوسه‌ر داوێتى به‌چه‌مکى هه‌قیقه‌ت نه‌چینه ده‌ره‌وه و بپرسین ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌کێک له‌و کارانه‌ى ناو گه‌له‌رییه‌که جۆرێکى جیواز له هه‌قیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه، چۆن له کۆتاییدا ده‌چنه خزمه‌تى یه‌ک هه‌قیقه‌ته‌وه؟
ئه‌گه‌ر هه‌موویان یه‌ک جۆر هه‌قیقه‌ت ده‌گێڕنه‌وه، ئایا ئامانجى هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان له بنه‌ڕه‌تدا چییه، مادام ده‌توانن به یه‌ک کارى هونه‌ریى هه‌مان هه‌قیقه‌ت به‌یان بکه‌ن بۆمان؟
وه‌ڵامى پرسیارى یه‌که‌م دیار نییه، به‌ڵام پرسیارى دووه‌م له‌ناو ده‌قه‌که‌ى کاک نه‌به‌زدا هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که "هه‌قیه‌ت ناشێ به‌یه‌ک چه‌شن بگێڕدرێته‌وه به‌ڵکو گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت فره چه‌شنه" ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو کاره‌کان به‌جیاوازى ماتریاڵهکانیشهوه هه‌قیقه‌تێک ده‌گێڕنه‌وه.
ئه‌وه‌ى وامان لێده‌کات بگه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ى که سه‌رله‌به‌رى ئه‌و ده‌قه ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌مان بۆبسهلمێنێ که هه‌قیقه‌ت به‌یه‌ک شێوه‌و چه‌شن ناگێڕدرێته‌وه، بۆیه ئه‌م هه‌موو کاره‌ى بۆ به‌رهه‌م هاتووه.
دواین ده‌ره‌نجامیش که کاک نه‌به‌ز له‌باره‌ى پیشانگه‌که‌ى مس گه‌له‌رییه‌وه ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه که گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ته له ڕێگه‌ى فره- میدیۆمییوه، له شوێنێکى پێش کۆتایى باسه‌که‌یدا سه‌رله‌به‌رى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و والهم ده‌قه نوسراوه ده‌کات که نه‌نوسرابێت!
کاتێ هه‌موو پیشانگه‌که بریتى بێت له کۆمه‌ڵێ میدیۆمى جیاواز بۆ گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت و ئاوێته‌ببن به یه‌کێک له گێڕانه‌وه‌کان و بکه‌ونه خزمه‌تى یه‌ک کارى هونه‌رییه‌وه که کارێکى هونه‌رمه‌ند زانا ره‌سوله به‌ناوى "وڕێنه"وه، ئه‌وا دوا به‌رئه‌نجام ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌ى له مس گه‌له‌رى نمایش کراوه بریتییه له کۆنسێپتى وڕێنه، یان هه‌قیقه‌ته‌که‌ى مس گه‌له‌رى وڕێنه‌یه، یاخود وڕێنهکهى مس گه‌له‌رى هه‌قیقه‌ته.
وڕێنه Hallucination ، زاراوه‌یه‌کى سایکۆلۆژیه، نه‌خۆشییه‌و چه‌ندین جۆرى هه‌یه که توشى مێشک و هه‌سته‌وه‌ره‌کان ده‌بێت به مانا گشتییه‌که‌ى ههستکردنهبه شتێکى هه‌ستپێکراو که بوونى نییه، کاتێ هونه‌رمه‌نێک ناونیشانى کارێکى هونه‌رى ناوده‌نێت وڕێنه، دیاره کۆنسێپتێکى هه‌یه له‌کاره‌که‌یدا که په‌یوه‌سته به ناونانهکهوه، ئێمه په‌یوه‌ندیمان نییه به‌و واتایه‌ى له بینینى کاره هونه‌رییه‌که‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵکو پرسیار له کاک نه‌به‌ز ده‌که‌ین به‌پێى چى و چۆن وڕێنه هاوتاى هه‌قیقه‌ت کراوه؟
ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێک پێى وتین خه‌ڵکینه له‌لاى من هه‌قیقه‌ت ته‌نها وڕێنه‌یه، ئه‌وا ده‌ستخۆشى لێناکه‌ین و به‌جێى بێڵین، به‌ڵکو گفتوگۆى له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین و کاره‌که‌ى شیده‌که‌ینه‌وه هه‌تا هونه‌رمه‌ند بخه‌ینه پاى به‌رپرسیارێتى وته‌که‌ى خۆیه‌وه له‌پێناوى تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ى هونه‌ردا، چونکه به‌لاى ئێمه‌وه ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ندێک ده‌یدۆزێته‌وه‌و ده‌یبینێت له پێش هه‌موو دۆزینه‌وه‌کانى تره‌وه‌یه، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ته‌نها له‌باره‌ى کارێکه‌وه نییه، به‌ڵکو له‌باره‌ى کۆمه‌ڵێ کاره‌وه‌یه، یه‌که‌مجار ده‌ڵێ "ده‌شێ وڕێنه هه‌قیقه‌ت بێ" واتا هه‌موو وڕێنه‌یه‌ک هه‌رکه‌سێک ده‌یکات وه‌کو هه‌قیقه‌ت وه‌ربگیرێت، دوه‌م جار ده‌ڵێ"هه‌قیقه‌ت ده‌شێ له وڕێنه‌یه‌ک زیاتر نه‌بێت" واتا هه‌موو درکاندن و راگه‌یاندنێکى هه‌قیقه‌ت وڕێنه‌یه" جیاوازى ئه‌و رسته‌یه له مانادا بریتییه له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له یه‌که‌مدا وڕێنه ببێت به هه‌قیقه‌ت جگه له‌وه‌ى هه‌موو شتێکى هه‌ستپێکراوى نه‌بوو ده‌گۆڕێت بۆ هه‌قیقه‌ت، ده‌کرێ بڕ و راده‌ى هه‌قیقه‌ت له ژیانماندا زۆرتر بێت و زۆر شتى تریش بگرێته‌وه که ئێسته وانین، واتا وڕێنه‌ش بگۆڕدرێت بۆ راسته‌قینه، له دۆخى دووه‌مدا به پێچه‌وانه‌وه هه‌رچى هه‌قیقه‌ته و مرۆڤایه‌تى باوه‌ڕى پێیه‌تى و پێى ده‌ژى چیتر هه‌قیقه‌ت نییه‌و ئیدى هه‌موو راسته‌قینه‌کان بونیان نیه‌و ته‌نها وڕێنه‌ن و ئێمه له دۆخى نه‌خۆشیه‌کى به‌کۆمه‌ڵدا هه‌ستى پێده‌که‌ین، سێهه‌میان که ده‌شێ وڕێنه رێگه‌یه‌ک بێت بۆ گه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت، به‌ته‌واوى دوو واتاکه‌ى پێشتر ده‌سڕێته‌وه، مادام رێگه‌یه‌که که‌واته ناشێ خۆى هه‌قیقه‌ت بێ، ئیدى له هه‌ر سێ دۆخه‌که‌دا نازانین چۆن و به پێى کام پاساو و به‌ڵگانه نوسه‌رێک رستێک زاراوه و چه‌مکى ههمهجۆر و جیاواز له‌یه‌کترى هاوتا ده‌کات که به درێژاى ئه‌و نوسینه ده‌یبینین؟
له‌کاتێکدا ده‌شێت کارێکى هونه‌رى هه‌ڵگرى کۆنسێپتێکى هاوشێوه بێت، ئه‌وه‌ى که سه‌رله بینه‌ر تێکده‌دات خۆێندهنهوهیهکى وه‌ها هه‌ڕه‌مه‌کى و مهسرهفکردنێکى نا به‌رپرسارانه و نارونى وشه و زاراوه‌و مانایه له کاری هونه‌رییدا، نوسه‌ر واتاى به‌رهه‌مه‌کان به واتاى تر‌ى دروست کراو له زمان داده‌پۆشێت، له‌برى ئه‌وه‌ى کۆنسێپیتى خودى کاره‌کان له زمانه‌وه بێنه ده‌ره‌وه.
هونه‌رى کۆنسێپچواڵ له دونیادا به‌و جوڵه به‌هێز و ئازایهى ناسراوه که له‌گه‌ڵ خۆ‌یا هه‌موشتێکى له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه له چنگى په‌یمانگه‌کانى هونه‌ر و گه‌له‌رییه‌کان هێنایه ده‌روه‌و بڵاوى کرده‌وه به هه‌موو لایه‌کدا، له دۆخى پیرۆز و دانسقهییهوه گۆڕى بۆ هونه‌ر بۆ هه‌موو خه‌ڵک، وه‌ک چۆن ماناى هونه‌ریشى له ژێر بارى گران و پهستانهکانى فه‌لسه‌فه‌و زمانه‌که‌ى هێنایه ده‌وره بۆ ئه‌وه‌ى خۆى زمانێکى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى ماناکانى هونه‌رى له سیفاته نمونهیهکانى پێشترى کارى هونه‌ریى و هونه‌رمه‌ند و بایه‌تى ستاتیکاى گۆڕى بۆ تیۆره و زمانى هونه‌رى شێوه‌کارى، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه هونه‌رمه‌ندى کۆنسێپچاڵ که‌سێکى هۆشیارى ناو جیهان و سایه‌قه کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌کانیشه.
له کۆتاییدا نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌مان گه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ى کێشه‌که ته‌نها به‌رده‌ست نه‌بوونى زمانێک نییه و هه‌ڵه‌ى به‌کارهێنانى زمان نییه که وا ده‌کات ئه‌م نوسینه یه‌کێک بێت له نوسینه خراپ و بێ خه‌م و دهربهستهکانى بوارى هونه‌رى شێوه‌کارى، به‌ڵکو بڕوامان وایه که به‌ڕێزیان به‌چاوێکى کزه‌وه ده‌ڕواننه هونه‌رى شێوه‌کارى.
ئێمه دڵنیاین که‌سێک له‌دواى خوێنده‌نه‌وه‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌چێت بۆ مس گه‌له‌رى و به‌دواى ههقیهتدا ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام کاتێ ده‌چێته ناو گه‌له‌رییه‌که‌وه و هه‌موو جیاوازییه ورده‌کانى ئه‌و کارانه له یه‌کترو له‌گه‌ڵ کاره‌کانى ده‌ره‌وه‌ى خۆیاندا ده‌بینێ، ئه‌و که‌شه سوریالییه پڕ له هقیقهته ده‌ڕه‌وێته‌وه، به‌ڵام کێشه‌که له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى ئه‌و بینه‌رانه‌دا به‌م جۆره تێناپه‌ڕێ، به‌ڵکو شۆکى جیاوازیى نوسینه‌که‌و کاره هونه‌رییه‌کان جارێکى تر بینه‌ر له مۆزه‌و گه‌له‌رییه‌کان ده‌تۆرێنێ، وه‌ک چۆن به‌درێژاى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کان بینه‌رى کورد نه‌یتوانى ته‌لیسمى کاره هونه‌رییه‌کان بکاته‌وه و له کۆتاییدا پشتی کرده هونه‌ر.
له‌باره‌ى هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربوو له‌و پیشانگه‌یه‌دا ئێمه نازانین له سه‌ره‌تاوه هه‌تا کۆتایى چه‌ندێ له‌گه‌ڵ ئه‌م خوێنده‌وه‌و لێکدانهوانهدان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه که وتاره‌که‌ى کاک نه‌به‌ز له‌ناو دوتوێى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌دا هه‌یه، که له سه‌ردانکردنى گه‌له‌رییه‌که‌دا ده‌یبینیت له شوێنێکدا به‌رده‌ستخراوه بۆ میوانه‌کان، که واى نیشان ده‌دات هاوڕاییه‌ک هه‌یه.
کۆکردنه‌وه‌ى به‌زۆرى کۆمه‌ڵێ کارى هونه‌ریى به بیرۆکه و واتا‌و ماناى هه‌مه چه‌شن و فره دووریه‌وه له ناو یه‌ک زاراوه یان واتادا، خۆشترین و ئاسان ترین کارێکه ره‌خنه‌گر و توێژه‌ر و لێکۆله‌ر بیکات.
بوارى هونه‌رى شێوه‌کارى یه‌کێکه له‌و بوارانه‌ى که که‌مترین و خراپترین ده‌قى له‌سه‌ر هاتۆته ده‌ره‌وه به‌راورد به بواره‌کانى تر‌ى هونه‌ر له کوردستان.
له‌دواى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى رابردووه‌و تاکوته‌را له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا هه‌وڵى نووسین و جوڵاندنى ئه‌م کایه بێده‌نگه دراوه له‌لایه‌ن هه‌ندێ هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نوسه‌ره‌وه، به بڕواى ئێمه ئه‌گه‌ر چى ئه‌مه وا ده‌رده‌که‌وێ که قۆناغى دامه‌زراندى ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ى شێوه‌کارى بێ، به‌ڵام به یه‌کێک له توندترین زه‌بره زیان به‌خشه‌کانى نوسین دا ده‌نرێ که به‌ر هونه‌رى شێوه‌کاریى که‌وتووه.
زمان و فۆرمى ئه‌و نوسینانه ئه‌وه‌نده ئهبسراکت و ته‌عبیرین خۆیان پێویستیان به لێکۆلێنه‌وه‌و رونکردنه‌وه هه‌یه.
به‌شێک له‌و نوسه‌رانه ته‌واو خۆیان بواردووه له ره‌خنه‌کردن و ده‌ستنیشانکردنى کێشه‌کان و پرسیارکردن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر تابلۆ نوسراون و به‌گشتى نوسینى "ئاشتیخوازانه‌و بێوه‌ین"، سه‌رجه‌میان زمانى نوسینه‌کانیان له بواره‌کانى ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و شیکارى دهرونیى و و قوتابخانه فه‌لسه‌فیه‌کانى تره‌وه خواستووه، زمانى قسه‌کردن و نووسین له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه به دنیایه‌ک وشه‌ى داتاشراو و قورس و ناڕونى فه‌لسه‌فى و شیعرى بارکراوه.
جگه له دابڕینى به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌کان له واقیع و دنیاى ده‌روه‌و خوێندنه‌وه‌ى له‌ناو خۆیدا، که وا ده‌کا "خوێنه‌ر- بینه‌ر" له کاره هونه‌رییه‌که خۆیه‌وه راسته‌خۆ هه‌ڵهێنجانى باشتر بکات هه‌تا ئه‌و نوسینه‌ى له‌باریه‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه.
هه‌ندێکى تر له‌وانه‌ى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کاریه‌وه وتار‌و کتێبیان نووسیوه نه‌ک هه‌ر زمانه‌که‌یان سه‌راپا وهسفو غه‌زه‌ل و شیعره به‌ڵکو واتا‌و ماناى جیاواز و دوور له ناوه‌ڕۆکى به‌رهه‌مه‌که‌یان هێناوه‌ته ئاراوه‌و نوسینه‌کانیان له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه خۆى بۆته‌وه به به‌رهه‌مێکى ئه‌ده‌بیى ئالۆِز و شیعریى که پێویستى به شیکردنه‌وه و رونکردنه‌وه هه‌یه، قسه‌کردن له‌سه‌ر وێنه به شیعر‌و فه‌لسه‌فه ئه‌و بارگرانیى و کاره‌ساته‌یه که هه‌تا ئێستا هونه‌ریى شێوه‌کاریى نه‌ک نه‌هێناوه‌ته پێشه‌وه‌ى دیمه‌نه رۆشنبیرییه‌که، به‌ڵکو چهنداجارێک کۆدڕێژ کراوه‌ته‌وه و دوورخراوه‌ته‌وه له تێگه‌یشتن.
ئه‌گه‌رچى هونه‌رمه‌ندان به‌شێکى زۆریان له غیابى رهخنهدابوبێ یان هه‌ر هۆیه‌کى تر، به دڵخۆشییه‌وه ئه‌و ده‌قانه‌یان وه‌رگرتوه‌و هه‌رچی له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌کانیانه‌وه نوسرابێ قبوڵکردووه.
به جیاوازى هه‌ندێ بیروراى شه‌خسى که له شوێنى جیاواز په‌خش و بڵاو ده‌کرێته‌وه، تا ئێستا شتێک نییه پێى بوترێ زمان و ره‌خنه‌ى هونه‌رى شێوه‌کاریى که دووربێ له زمانى شیعر و فه‌لسه‌فه و بتوانێ به شێوه‌یه‌کى زانستیانه له‌باره‌ى ئه‌م هونه‌ره‌وه قسه بکات.
ئێمه پێشوازى له هه‌موو نوسینێکى باش و زانستیى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه ده‌که‌ین، به‌ڵام پێویسته کاک نه‌به‌ز و هه‌ر به‌ڕێزێکى تر که ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر هونه‌ر بدوێن له هونه‌رى شێوه‌کارى تێبگه‌ن و له نوسینى به‌په‌له‌و ئاشتى خواز‌و بێوهى بوه‌ستن و له پێشدا هه‌وڵى دامه‌زراندى زمانێکى سه‌ربه‌خۆ له‌و کایانهى باسکران په‌یدا بکه‌ن.
ته‌واو
تێبینى: سه‌ره‌تا ویستمان ئه‌م بابه‌ته له‌هه‌مان ئه‌و گۆڤاره ئه‌له‌کترۆنیه بڵاو بکه‌ینه‌وه که ده‌قه‌که‌ى کاک نه‌به‌زى تیادا بڵاوکراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دواى 9 رۆژ چاوه‌ڕوانى ئه‌و به‌ڕێزانه وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه.